پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كورد (فوئاد ئەحمەد) لادرا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كورد (فوئاد ئەحمەد) لادرا

"ئێمە كوردین نابەزین"

لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كۆچكردووی كوردستان (فوئاد ئەحمەد) لادرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی 2ی 2025، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و زەعیم عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و شاعیران و ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان و..هتد، لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كۆچكردووی كوردستان (فوئاد ئەحمەد) لادرا.

هونەرمەندی گەورەی كورد فوئاد ئەحمەد هەموو ژیانی بۆ سروودی نیشتمانی و گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنی كوردی تەرخان كردبوو، یەكێك لەو شاكارە جوانانەشی سروودی (ئێمە كوردین نابەزین)ی شاعیری گەورەی كورد مەدحەت بێخەوە، كە هەتا ئێستاش هەموو بەیانییەك لە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لێ دەدرێتەوە.

هونەرمەندی كۆچكردوو، لە ساڵی 1932 لە دایك بووە و لە ساڵی 2004 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییی كردووە.

جێی باسە، وەك وەفایەك بۆ خەبات و خزمەتی ئەو هونەرمەندە لەسەر ئەركی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە هاوكاریی و هەماهەنگیی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی - مەڵبەندی گشتی - هەولێر ئەو پەیكەرە دانرا.