پارتی لە قەزای كفری پەیكەری بۆ خانمەنووسەر و شاعیری كورد (مەهاباد قەرەداغی) دروست كرد و ئەمڕۆش لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا، پەردەی لەسەر لادرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی 2ی 2025، بە ئامادەبوونی هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی و خانەوادەی کۆچکردوو (مەهاباد قەرەداغی) و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی دەڤەری گەرمیان، لە قەزای كفری ڕێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر پەیکەری خانمەنووسەر و شاعیری كورد (مەهاباد قەرەداغی) بەڕێوەچوو.
پەیکەری نووسەر و شاعیری كۆچكردوو مەهاباد قەرەداغی لەسەر ئەرکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکراوە، ئەمەش وەک نواندنی وەفا و ڕێزێك بۆ دڵسۆزی و خزمەتی چەندین ساڵەی کۆچکردوو بە بوارە جیاجیاکانی ڕۆشنبیری و ئەدەب لە هەرێمی کوردستان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، خانمەنووسەر و شاعیر (مەهاباد قەرەداغی) لە ساڵی 1966 لە دایك بووە و لە ساڵی 2020 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییی كردووە.



