پێشانگای (شنە و خەیاڵ) یەکەم پێشانگای تایبەتیی هونەرمەند (شنە دژاگە)یە لە بواری فۆتۆگرافرییەوە بەڕێوە دەچێت.
شنە دژاگە لە ساڵی ١٩٨٤ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە لە شاری سەقز ئەژیێت و خاوەن کچێکی دوو ساڵانە. ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی هونەری وێنەکێشانە و ماوەی دوازدە ساڵیشە سەرقاڵی هونەری وێنەگرتنە.
ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ منداڵەکانی ئۆتیزم، بۆ ناساندنی ئەم جۆرە نەخۆشییە لە رێگای فۆتۆگرافرییەوە کار دەکات.
ئەمە یەکەم پێشانگای تایبەتیی ئەم هونەرمەندەیە، کە بە ٣٣ تابلۆی هونەری ئەم پێشانگایەی کردووەتەوە و شێواز و ژانری پێشانگەکە (پۆرترە)یە و وێنەکان بەگشتی بە شێوازی رەش و سپی گیراون.
ناوی پێشانگایە (شنە و خەیاڵ)ە. شنە لە پێناسەیەک بۆ پێشانگاکەی دەڵێت: «تاريكى؛ ئەو بەشەيە لە وێنەكەم، كە نامەوێ كەس بيبينێت، ئەو شتانەى لەناو تارمايى و تاريكیدا ئەيانشارمەوە، ھەموو ئەو د وێنا ڕێگر و ئاڵۆزانەن، كە نايانەوێ «زووم» يان «فۆكس» بكەيتە سەر بەشە ھەرە ئاڵۆزەكەى من.
بۆيە من نامەوێ ڕووناكى، ئەو جۆرەى كە دەيەوێ دار و ديوارى دنيا ڕوون بكاتەوە و لە ھەر كەلێن و كولێنێكەوە پێى خۆش بێت، خۆی ھەڵسوێ و ديمەنێكى سەرنجڕاكێشى درۆزن، بۆ چاوى دنيا دروست بكات.
ڕووناھى، لە دەلاقەى كامێراكەى منەوە، چى دى ئەو خۆرە زل و زەەبەلاحە نيیە، كە ھەموو بەيانيیەك ھەڵ بێ و ھەر لەبەرپێى خۆيەوە بە دڵى خۆى تا فيھا خالدوونم بۆ ڕووناك بكاتەوە.
منم كە دەمودەست، تيشكێكى لێ دەپچڕم و دەى ئاڵێنمە پەنجەرە دارينەكەى ديوەخانە كۆنەكەى منداڵيم و نيگا چاوەڕوانە تەقەڵدراوەكەى باوە گەورەم بە شووشە تەمگرتووەكانيەوە و چرچ و لۆچەكانى ڕوخسارى دايە گەورەمى پێ ڕووناك دەكەمەوە، كە ھەموو بەرزى و نزميیەكانى مێژوومى لەخۆيدا حەشار داوە.
دەشڵێ: «بۆيە من زۆر بوێرانە رقم لە دەست و دڵبازیى ڕووناكيیە، من ڕووناكى بە دەلاقەى ماڵە خنجيلانە دووكەڵاويیەكەى ماڵى باوكمدا ھەڵئەواسم، تاكوو دەستە لەرزۆكە ماندووەكانى دايكم، زياتر لە ھەموو شتێكى ئەم دنيايە بێنە پێش چاوم.
من نەفرەتم لە بێويژدانیى ڕووناكیيە، كە جيھان يەك دەست و يەك چەشن ڕووناك ئەكاتەوە، بۆيە قامەتى ڕووناكى بە كڵاوڕۆچنەى ماڵە نزم و تاريكەكاندا ھەڵئەكێشم و بێ ئۆقرەيى و تەنیاييە ھەتا ھەتاييەكانى باوكمى پێ زەق ئەكەمەوە، بەڵێ من ئەو شتە مڵۆزمانەى ئەيانەوێ خۆيان بە تۆ پيشان بدەن و نەژياوی ژنان و پياوانى وڵاتەكەم لەناو زريقە و بريقەى ڕووناكىدا ون بكەن، ھەموويان بە كۆنتراستى كامێراكەم ئەسڕمەوە و لە تاريكى و سێبەرێكى بێ كۆتايىدا، بۆ ھەتا ھەتايە نوقميان ئەكەم.”