ڕۆڵی سەید ئەحمەدی خانەقا لە بواری ئایین و زانستدا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ڕۆڵی سەید ئەحمەدی خانەقا لە بواری ئایین و زانستدا

 سەید ئەحمەدی خانەقا، کوڕی سەید حوسێنی کوڕی سەید عەبدولقادری کوڕی سەید ئەحمەد سەردار، لە ساڵی ١٨٦٨ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە.

 سەید ئەحمەد، لە رووی تێگەیشتنی زانستی و عەقڵی و بڕوانامەوە کەسایەتییەكی دیار بووە، هەر لەبەر ئەمەیە، کە لە ریزی زانا گەورەکانی سەردەمی خۆ ھەژمار کراوە. سەید ئەحمەد جێگرەوەی مولانا خالید نەقشبەندی بوو، بنەماڵەکەیان دەگەڕێنەوە سەر سەیدەکانی (سەرگەڵوو) لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.

 سەید ئەحمەد، گرنگیی بە توێژی ھەژاران داوە و یارمەتییەکی زۆری لێقەوماوانی دەدا، رووی لە تەکیە بەناوبانگەکەی دەکرد، کە ئەویش تەکیەی خانەقا بوو. ئەم زانا دیارەی كورد، لە خانەقا پێگەیەکی ئایینیی بەھێزی ھەبوو و دەستی ھەبوو لە چەندین پرۆژەی خێرخوازی و خزمەتکردنی وڵاتەکەی و بەھۆی ئەمەشەوە چەندین جار لەلایەن نەیارەکانییەوە تووشی گرتن و ئەشکەنجەدان بووەتەوە.

 ئەدمۆندزی مێژوونووس لە کتێبەکەیدا بە ناوی (کورد و تورک و عەرەب) باسی سەید ئەحمەدی خانەقا دەکات و نووسیویەتی "دیارترین کەسایەتیی کوردی شاری کەرکووک بووە، سەر بە بنەماڵەی بەرزنجییەکانە، بەڵام ئەو لەسەر رێچکەی نەقشبەندییەکانە، پێچەوانەی زۆرینەی کەسانی ناوچەکە، ماڵەکەی (تەکییەکەی) ھەموودەم بۆ خەڵک کراوەتەوە.“

 ھەروەھا ئەدمۆندز نووسیویەتی ”بەھۆی چالاکییەکانی لە بوارە جیاجیاکان و ھەوڵدانی بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک، لەگەڵ موتەسریف داوامان کردووە دەستگیر بکرێت، بەڵام دەبوو ئەم کارە زۆر بەوریایی بکرێت، چونکە سەید ئەحمەدی خانەقا پێگەیەکی تایبەتی و کۆمەڵایەتیی بەھێزی ھەبوو.“

 سەید ئەحمەدی خانەقا، چەندین بابەتی ھەبوو، لە بواری ئایینی و زانستی و ھەندێک لە بەرھەمەکانیشی تا ئێستا چاپ نەکراون.

 گەورەترین کوڕی ناوی عەبدولقادر بوو، کە دەکاتە باوکی ھەردوو دوانە (جمکە) کە ئێستا نووسەری ناودارن (عەبدولسەمەد و عەبدولعەزیز)، ھەروەھا کوڕێکی بەناوی شێخ حوسێن، کە چەندینجار وەک نوێنەری شاری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەڵبژێردرا و ھەروەھا کاکە حەمەی ھەبوو، کە پارێزەر بوو، لەگەڵ مەریەم خانی کچی. سەید ئەحمەدی خانەقا لە ساڵی ١٩٥٢ کۆچی دوایی کرد.

 جێی ئاماژەیە، لە کاتی ژیانی سەید ئەحمەدی خانەقا ماڵەکەی ببووە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و سفرە و خوانی ئەم ماڵە بەردەوام بە رووی هەژاراندا کراوە بوو، هەروەها ئەم ماڵە ئەو شوێنە بوو، کە بۆ یەکەمجار سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب)ی تێدا نووسرا، بەڵام بەداخەوە ساڵی ٢٠٢٤ ئەو خانووە لە کەرکووک رووخێندرا و بیانووی بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکووکیش گرانبوونی نرخی خانووەکە بووە، كە نەیانتوانیوە بیكڕنەوە و خۆماڵیی بكەن.