دوو ئەشکەوتی کوردستان، پڕئاوترین ئەشکەوتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دوو ئەشکەوتی کوردستان، پڕئاوترین ئەشکەوتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن

 شاخی ( حەوێ خانی) بە بەرزیی 3390مەتر، بەرزترین شاخی (کێوی شاهۆ)یە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. شاهۆ یان (شاوە)؛ زنجیرە شاخێکە، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە گرێ دەدا. ئەم زنجیرە شاخە، گەورەترین و درێژترین ئەشکەوتی ئاویی رۆژهەڵاتی ناوینی لە داوێنی خۆیدا شاردووەتەوە.

ئەشکەوتێکی مێژوویی تەمەن 65 ملیۆن ساڵە، بە درێژایی نزیکەی 12 کیلۆمەتر. ئێرە یەکێکە لە حەوت شوێنەوارە سروشتییە ناوازەکانی ئێران و لەدوای ئەشکەوتی عەلیسەدر، درێژترین ئەشکەوتی ئاویی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوینە. ئێرە ئەشکەوتی قوڕەقڵایە، 50 هەزار ساڵ پێش ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونی راوچییەکانی سەردەمی بەردین بووە. کاتی دۆزینەوەی ئەشکەوتەکە، دەیان پارچە شوێنەواری سەردەمی حکوومەتی یەزدگردی سێیەمی ساسانی دۆزراوەتەوە.

 شوێنەوارێکی سروشتی ناوازە، کە وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. ئەم ئەشکەوتە سەرەتا لە لایەن ئەشکەوتەوانە ئەورووپی و ئەمریکییەکان دۆزرایەوە و دواتر ئەشکەوتەوانە کورد و ئێرانییەکان توانییان بچنە قووڵایی ئەشکەوتەکە و تا ئێستاش کۆتاییەکەی دیار نییە و وێنەی نەگیراوە، بەڵام لەناو ئەو بەشەی ئەشکەوتەوانەکان توانیویانە بچنە ناوی و وێنەی بگرن، چەندین داڵانی گەورە و تاڤگەی گەورە و بچووک هەن.

 290 کیلۆمەتر دوورتر لە ئەشکەوتی قوڕەقڵا، لە هیگمەتانەی پایتەختی مادەکان، دەچینە ناو ئەشکەوتی عەلیسەدر، کە بە گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی جیهان ناسراوە.

 ئێرە یەکێکە لە ناوازەترین شوێنەوارە سروشتییەکانی جیهان، کە مێژووی بۆ سەردەمی ژوراسیک دەگەڕێتەوە.

 ئەم ئەشکەوتە، گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی جیهانە، کە بەلەم تێیدا دەسووڕێتەوە و لەناو ئەشکەوتەکانی جیهان درێژترین رێگەی ئاویی هەیە بۆ سواربوونی بەلەم و زیاتر لە 12 کیلۆمەتر درێژە. ئاوی ئەم ئەشکەوتە لە بەفراوەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس سەرچاوە دەگرێ. زنجیرە چیای زاگرۆس چەندین رووباری گەورەی وەکوو زاب، سیروان، ئەڵوەن و قەرەسوو لەخۆ دەگرێ و سروشتێکی ناوازە و دەگمەن بە کوردستان دەبەخشێ.

 عەلیسەدر، یەکێکە لە جوانترین ئەشکەوتەکانی دنیایە، کە سەر بە شاری (کەبووتەرئاهەنگ)ە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ دوو شاری بیجار و قوروەی سەر بە پارێزگای سنە.