نیگار عەبدوڵا: بە کارە دەستییەکانم هەوڵی پاراستنی نەریتی بەکارهێنانی مێخەک دەدەم

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

نیگار عەبدوڵا: بە کارە دەستییەکانم هەوڵی پاراستنی نەریتی بەکارهێنانی مێخەک دەدەم

(مێخەک) گوڵی وشککراوی دارێکە، کە لەمێژە لەلایەن کوردەوە بۆ دەرمانی هەوکردنی نێو دەم و ددان و تامخۆشکردنی خواردن و ڕازاندنەوەی جلوبەرگی کوردی و بۆنخۆشکردنیان بەکار هاتووە. یەکێکیشە لەو ڕووەکانەی پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندی تێدایە و بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ، ڤیتامین، کانزا و بەها خۆراکییەکان لەخۆ دەگرێت. بەرزیی ئەو درەختە لە هەندێ ناوچەدا دەگاتە 12 مەتر، لە جەزیرەی ملووک لە ئیندۆنیسیا و باشووری فلیپین دەچێنرێت، 3000 ساڵیشە هاوڕێی مرۆڤە.

 

خانمێکی دەستڕەنگینی کورد، ماوەی 10 ساڵە کۆمەڵێک کاری دەستی ناوازە و پارچەی جۆراوجۆری ئیکسسواراتی کوردەواری بەشێوەی کۆن و مۆدێرن لە مێخەک دروست دەکات و کارە دەستییەکانی جگە لەناوخۆ، ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیش دەکات و دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە تا ئێستا توانیمە نەریتی بەکارهێنانی مێخەک بپارێزم و دەست لە کارەکەم هەڵناگرم".

 

 لەم راپۆرتەدا، (باسکورد) توانی زیاتر لەگەڵ هونەرمەند نیگار عەبدوڵا گفتوگۆ بکات و رۆشنایی بخاتە سەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی مێخەک لەنێو کارە دەستییەکانی.

 

نیگار عەبدوڵا سەبارەت بە كاركردن بە مێخەك، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "ماوەی 10 ساڵە لە كونجێکی خانووەکەمدا لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی پارچە هونەرییە دەستییەکانم، دەستم بە پاراستنی نەریتی بەکارهێنانی مێخەک كردووە. لە ساڵی 2015 دەستبەکار بووم و ئەو پارچە مێخەکانی پێشتر لەلایەن دایکمەوە بەکار دەهێنران، وەک ئیلهامێک بۆ دروستکردنی پارچە جیاوازەکانی مێخەک بەکارم هێنان و بە متمانەکردن بە خۆم، هەوڵم دا تێکەڵەیەک لەنێوان ئیکسسواراتی مێخەکی کۆن و مۆدێرن دروست بکەم، خۆشبەختانە سەرکەوتنم تیایدا بەدەست هێنا و ئێستا جگە لەناوخۆ، کارەکانم رەوانەی دەرەوەی وڵاتیش دەکرێن."

 

ئەم خانمە هونەرمەندە لە درێژەی قسەکانیدا باس لە ڕۆڵی هاوژینەکەی لە سەرکەوتنی دەکات و ئاماژە بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی مێخەک لە چنین و دروستکردنی ئیکسسوارات دەکات و دەڵێت: "هاوژینەکەم پاڵپشتێکی گەورەی منە بۆ ئەوەی بتوانم پارچە جۆراوجۆرەکانی مێخەک دروست بکەم، ئەو ناو بە ناو بەپێی پێویستی کارەکانم لە بازاڕی عەتارەکان مێخەکی نوێ بە کیلۆ و دوو کیلۆم بۆ دەهێنێت، منیش بەپێی پێویستی دروستکردنی پارچەکان، مێخەکەکە بە هەردوو شێوازی تەڕ و وشک بەکار دەهێنم“

 

سەبارەت بە شێوازەكانیش، نیگار عەبدوڵا گوتی: ”لە شێوازی وشکدا، مێخەکەکە لەگەڵ گوڵەباخ و شمڵی و سمڵ تێکەڵ دەکەم و بە ئامێری کارەبایی دەیانهاڕم و پاودەرەکەی دەخەمە نێو پارچەی جلی کوردیی ڕەنگاوڕەنگ و پارچەی بازنەیی و سێ گۆشە دروست دەکەم و بە مەبەستی دروستکردنی حەتحەتۆکە و ملوانکە، گوارە، دەستبەند، میدالیای ملوانکە، جوانکردنەوەی لایەکی سەر و کڵاو، گوڵەیاخە، ڕازانەوەی پشتوێنی کوردی، ڕازانەوەی سەروینی خانمان، قەراغی سەر شانە و بۆ کۆڵوانە بەکاریان دەهێنم، بەڵام لە شێوازی تەڕدا، سەرەتا بەپێی خواستی کارەکەم مێخەکەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لەنێو ئاوی سارد بەجێ دەهێڵم، چونکە ئاوی سارد بۆنی مێخەک دەپارێزێت، دوای خووسان و نەرمبوونەوەیان لەنێو ئاو، دەریان دەهێنم و ئاوەکەیان دەڕژێنم و دواتر بەپێی کارەکەم قەبارەی مێخەکەکان جیا دەکەمەوە و لە ڕێگەی دەرزی و بەنی مێخەکدا، کە ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە، بەپێی ستایلی کارەکەم بەشێوەی (پانی و درێژی) مێخەکەکە بە بەنەوە دەکەم و لەگەڵ مۆروو و بەردی ڕەنگییەوە تێکەڵیان دەکەم و لێیان ملوانکە، حێل و مێخەک، گوڵە یاخە و گوارە دروست دەکەم، بۆ ئەوەی بشتوانم هونەرێكی تەواو بە کارەکانم ببەخشەم، بەهیچ شێوەیەك پەلە پەل لە چنینیان ناکەم و بەپێی جۆر و ستایلی پارچە هونەرییەکە کارەکانم لە چەند کاتژمێرێک هەتا چەند ڕۆژێک کات دەخایەنن و دوای تەواوبوونیان لە گۆشەیەکی ماڵەکەمدا هەڵیان دەواسم، بۆ ئەوەی بەجوانی وشک ببنەوە، لە هاویندا لە ماوەی 2 بۆ 3 ڕۆژ وشک دەبنەوە، بەڵام لە زستانان لە ماوەی 4 بۆ 5 ڕۆژ بەتەواوەتی وشک دەبنەوە و ئامادە دەبن بۆ بەکارهێنان.“

 

نیگار گوتیشی: ”لەماوەی کارکردنمدا، هەوڵ دەدەم سەرجەم ئەو مێخەکانەی لەنێو ئاودا تەواو خووساون و نەرم بوونەتەوە، بیانپارێزم بۆ ئەوەی وشک نەبنەوە، بۆیە لەنێو نایلۆن دایاندەنێم و لە بەشی خوارەوەی نێو سەلاجەدا دەیانپارێزم و لە کاتی کارکردنمدا كەم كەمە لێیان دەردەهێنم و کاریان لەسەر دەکەم، بەمشێوەیە بۆ ماوەی یەک هەفتە دەتوانم مێخەکە نەرمبووەکان بەکار بهێنم، لەبەر ئەوەش ئەم کارە دەکەم، هەتاکوو مێخەکەکان وشک نەبنەوە، چونکە ئەگەر لەدەرەوە بمێنن و بەشێوەی راستەوخۆ هەوایان بەر بکەوێت، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر وشک دەبنەوە، ئەگەریش وشک ببنەوە ناتوانم جارێکی دیکە هەمان مێخەک لەنێو ئاودا بخووسێنم، چونکە دەبێتە هۆی زۆر نەرمبوونی و لە کاتی کونکردندا بە بەندا ناچێ، بەڵام ئەو بەشە مێخەکەی کارم پێیان نەماوە، دەتوانم لەناو حەوشەدا لەسەر پارچەیەکی خاوێن دایان بنێم، بۆ ئەوەی بەجوانی وشک ببنەوە، دوای وشکبوونەوەیان لە ڕێگەی ئامێری کارەباییەوە دەیانهاڕم و حەتحەتۆکە و تۆپەڵەیان لێ دروست دەکەم، بۆ ئامادەکردنی ملوانکە و گوارە و کۆمەڵێک ئیکسسواراتی دیکە بەکاریان دەهێنم."

 

خاتوو نیگار، دوای ئامادەبوونی کارەکانی، جگە لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پێشانگاکان، لە ڕێی ماڵپەڕە تایبەتەکانی خۆیشیدا کۆمەڵێک فۆتۆ و ڤیدیۆی کارەکانی بڵاو دەکاتەوە و داخوازییەکی زۆر لەسەر کارەکانی وەردەگرێت و دواتر لە ڕێگەی تەکسی بۆ ناوخۆ و کۆمپانیا بۆ دەوروبەر و دەرەوەی وڵات رەوانەیان دەکات و هەندێک جاریش کاری تایبەت لەسەر چنین وەردەگرێت.“

 

ئەم هونەرمەندە دەستڕەنگینە زیاتر گوتی: "پێشتر تەنیا لە ڕێگەی پێشانگا و فێستیڤاڵەکانەوە کارەکانم نمایش دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2021 دەستم بە دامەزراندنی پەیجەکانم لە (فەیسبووک، ئینستاگرام و تیک تۆک) کرد و بەرهەمە نوێیەکانم بە شێوازی فۆتۆ و ڤیدیۆ بڵاو دەکەمەوە و لە ڕێگەیاندا خواستێکی زۆر لەسەر کارەکانم وەردەگرم، هەندێک جاریش خانمان داوای ستایل و ڕەنگی چنینی تایبەتم لێ دەکەن، هەرچەندە پێشتر مێخەک بە ڕێژەیەکی فراوان لەلایەن خانمە بەتەمەنەکانەوە بەکار دەهێنران، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو دیزاینانەی، کە بۆیان ئەنجام دەدەم، سەرجەم تەمەنەکان بەکاری دەهێنن و دەست و مل و جلە کوردییەکانیان پێ دەڕازێننەوە و نرخی پارچەکانیش بەپێی جۆری چنین و قەبارەی پارچەکان، لەنێوان 5 هەزارەوە هەتا 100 هەزار دینار دەبێت و دوای ئامادەبوونیان لە رێی تەکسی بۆ ناوخۆی سلێمانی و لە ڕێی کۆمپانیاش بۆ دەرەوەی شار و وڵات دەیاننێرم و کارەکانم جگە لە سلێمانی ڕەوانەی هەر یەک لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، کەرکووک، سماقۆڵی، چەمچەماڵ، بەغدا، مووسڵ، لوبنان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، سوید و ئێران دەکەم، هەرچەندە من هەوڵ دەدەم هەموو ڕەنگەکان لە دروستکردنی ئیکسسواراتی مێخەکدا بەکار بهێنم، بەڵام ئەو ڕەنگانەی بۆ ئەمساڵ زیاترین خواستیان لەسەرە، ڕەنگی زەرد، ڕەش، شەڕابی، سەوز، مۆر و پرتەقاڵییە، ئێستاش بە ڕێژەیەکی زۆر خواست لەسەر ملوانکەی (حێل و مێخەک ) و ملوانکەی مێخەک هەیە ."

 

بەپێی قسەکانی ئەو خاتوونە هونەرمەندە، ئیکسسواراتی مێخەک بەگشتی بۆنیان ناچێت، بەڵام ئەگەر لەنێو نایلۆندا بپارێزرێت، بۆ ماوەی 3 بۆ 4 ساڵ بۆنەکەی بە تیژی دەمێنێتەوە و ئەگەر ئیکسسواراتەکان پارچەیان تیایدا بەکار نەهاتبێت، ئەوا دەبێ هەر مانگ و نیو جارێک بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لەنێو ئاوی سارددا دابنرێن، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بۆنەکەیان نوێ ببێتەوە و قەبارەی مێخەکەکان گەورەتر دەبێت و هەمیش وا دەردەکەوێت کە تازە دروست کراون.

 

نیگار عەبدوڵا لەکۆتاییدا گوتیشی: "هەتا ئێستا توانیمە لە گۆشەیەکی ماڵەکەمدا لە شاری سلێمانی، سەرەووی 3 هەزار پارچەی جۆراوجۆر لە چنین و ئیکسسواراتی مێخەک دروست بکەم و لە زیاتر لە 200 پێشانگا و فیستیڤاڵ پێیان بەشدار بم، و پێم جوانە لەداهاتوودا بتوانم کارەکانم لە پێشانگا و فیستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵاتیش نمایش کەم، بەڵام ئێستا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەم، کە بتوانم کارگەیەکی گەورە دامەزرێنم، تیایدا بتوانم هەلی کار بۆ خانمانی دەستڕەنگینی دیکەش بڕەخسێنم و پاڵپشتیی یەکتر بین، بۆ ئەوەی بەرهەمی مێخەک بگەینینە زیاترین شار و شارۆچکەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش، ئەم کارەش لەپێناو پاراستن و لەناونەچوون و بەردەوامبوون لەسەر نەریتی کۆنی بەکارهێنانی مێخەکە."