سەڵاحەدینی ئەیووبی لە ساڵی ١١٣٨ لە ماڵباتێکی کوردی نیشتمانپەروەر و ئایینی لە شاری تکریت لەدایک بوو، کە ئەو سەردەمە زیاترین دانیشتوانی کورد بوون، بەڵام بنەچە و باوانی سەڵاحەدین بۆ کوردەکانی سەرسنووری ئەرمینیا و ئازەربایجان لە شاری دڤین (دوین) دەگەڕێتەوە.
لەدایکبوونی سەڵاحەدین هاوکات بوو لەگەڵ دوورخستنەوەی نەجمەدین ئەیووبی مامی لە تکریتەوە بۆ مووسڵ. نەجمەدین و شێرکۆی برای لە مووسڵ لە لایەن عیمادەدین زەنگی پێشوازییان لێ کرا و پۆستی باڵای حکوومییان پێ بەخشرا. دواتر یارمەتیدەر بوون لە گرتنی شاری دیمشق.
لە دیمەشق، سەڵاحەدین لەگەڵ فێربوونی زانستی ئایینی، فێری سوارچاکی و تیرهاوێژی و شەڕکردن لەناو گۆڕەپانی جەنگ بوو. سەرەتا حەزی لە خوێندنی ئایینی بوو تا رۆیشتنە ریزی سوپا. کاری سەربازی و سیاسیی خۆی لەناو حکوومەتی (ئەتابەکی زەنگی) لە شام دەست پێکرد و دواتر لە میسڕ بووە جێنشینی. سەڵاحەدین بە وتەی (ئەلورهانی) لە گەنجیدا توانای وەڵامدانەوەی پرسیارە زانستییەکانی هەبوو لە بواری ئۆقلیدووس، (الکتاب المجستی)، یاسا و ژمێریاری. سەڵاحەدین لەوبارەیەوە گوتوویە: "منداڵەکان بەوجۆرە پەروەردە دەبن، کە باوکەکانیان پەروەردە بوون".
شێرکۆ رۆیشتە ریزی سوپای عیمادەدین زەنگی و بووە فەرماندەی قەڵایەک لە (بەعلەبەک). دوای مەرگی عیمادەدین لە ساڵی ١١٤٦، نوورەدینی کوڕی شاری حەلەب و رێبەرایەتیی زەنگییەکانی گرتەدەست.
لە سەدەی دوازدەیەم، کە سەڵاحەدین دەرکەوت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی گۆڕانکاری بوو. لە لایەکەوە دەوڵەتی عەباسی بۆ سەر چەند نیمچە دەوڵەت دابەش بوون. لە میسڕ؛ فاتیمییە شیعەکان دەسەڵاتدار بوون و رقیان لە خەلیفەی بەغدا بوو. حکوومەتی ئەتابەکەکان بەشێک لە عێراق و سووریایان داگیر کردبوو. لە لایەکی دیكەیشەوە خاچهەڵگرەکان لە دەریای ناوەڕاست تا دوورگەی سینایان لەبندەستدا بوو. سەڵاحەدین بەوپەڕی زیرەکییەوە، لە هەر کوێ کوردێکی بە ئەمەك هەبوایە، هەوڵی دەدا ئەو شوێنە بکاتە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەکەی؛ بۆیە لە ساڵی ١١٨٥ لەگەڵ عیماددینی زەنگیی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەتابەگی لە مووسڵ رێکكەوتنێکی واژۆ کرد، کە بەگوێرەی ئەو رێکكەوتنە شارەزوور و کەرکووک بوونە بەشێک لە خاکی حکوومەتەکەی سەڵاحەدین و دواتر هەولێر و داقووقیشی خرایەسەر. چەند ساڵ دواتر شنگال و ئامەدیش بەشێکی دیكە بوون لە حکوومەتەکەی.
سەڵاحەدین بەوەش نەوەستا و هەر میرێکی کوردی بە لێهاتوو و توانا بزانایە، ناوچەیەکی دەرەوەی سنووری کوردستانی دەدایە دەست. میرە کوردەکانی لە چەندین شار و شارۆچکەی ئیسرایل نیشتەجێ کرد و فەرمانڕەوایی ئەو شوێنانەی دایەدەستیان. (نابلس)، کە شارێکی ناسراوی ئەو سەردەمە بوو، دایە دەستی (حیسامەدین لاجین)ی خوشکەزای، کە دوای مردنی سەیفەدین عەلی هەکاری بووە فەرمانڕەوای ئەو شارە، کە ئەویش کورد بوو.
سەڵاحەدین ئەو سەرکردە کوردەیەی بەدرێژایی مێژوو؛ هیچ سەرکردەیەکی دیکە ئەوەندەی ئەو لە لایەن دوژمنەکانییەوە ڕێزی لێ نەگیراوە و بە پاڵەوانێکی زیرەکی دادوەر و ئازا ناویان بردووە. ئەو پاڵەوانە کوردە ئەوەندە ناوبانگی دەرکردبوو، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دوژمنەکانیشی دادەنا و دەبووە هۆی بەناوبانگیی دوژمنەکانیشی وەکوو ریچاردی شێردڵ، مەلیکی ئینگلتەرا، کە سەرکردایەتیی خاچپەرەستەکانی دەکرد.
زانای كورد، ئیبن خەلەكانی، كە هەژدە ساڵ دوای سەڵاحەدین لەدایك بووە، لەبارەی ڕەچەڵەكی سەڵاحەدین دەڵێت: "باوك و كەسوكاری سەڵاحەدین لە (دوین)ەوە هاتوون و كوردی (ڕەوادیین). ڕەوادییەكان تیرەیەكن لە هەزبانییەكان، كە خێڵێكی گەورەی كوردن و تائێستا لەسەر تابلۆی سەر گۆڕەکەی لە دیمەشق نووسراوە؛ سەڵاحەدین سەر بە ماڵباتێکی کوردە.“
ئیبن خەلەكان وەکوو کوردێکی نیشتمانپەروەر باسی سەڵاحەدین دەکات و دەڵێت: ”بەر لە وەرگرتنی دەسەڵات، شێخ عیسای هەکاری ناردووە بۆ لای میرە کوردەکان، کە هاوکاری بن تا دەسەڵات بکەوێتە دەست کوردێک“ و دەڵێت: "ئەگەر دەسەڵات لە دەست کورد دەرچێت، دەکەوێتە دەست تورک". بەمەش میرەکانی کوردستان هاوکاری دەبن و لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە، باشترین شەڕکەر و جەنگاوەرەکان دەچنە ریزی سوپاکەی. کوردستانی گەورە، کە ئێستا چوارپارچە بووە، بەتەواوی لەبندەستی سەڵاحەدینی ئەیووبیدا بووە و کورد لەدەرەوەی سنووری کوردستانیش فەرمانڕەوا و خاوەن بارەگا و قەڵا بووە. لە هەورامانەوە بۆ میسڕ هێزی یەکەمی جوگرافیایەکی بەرین بووە.
کەسوکاری سەڵاحەدین لە باکووری کوردستان، بەتایبەت لە ئامەد و ماردین سکە و پارەیان بە ناوی ئەیووبییەکان و خۆیانەوە لێ دەدا. رەبیعە خاتوونی خوشکی، کە بە (هەیبەت سوڵتان) ناسراوە؛ خاتوونی هەورامان تا مووسڵ بوو و هاوسەری سوڵتان موزەفەر بوو، کە حوکمڕانیی ئەو ناوچانەی دەکرد.
ئەبوو هیجای هەزبانیی هەولێری، کە مێژوونووس و یەكێك لە سەركردەكادنی سەڵاحەدین بووە و حوكمڕانی شاری قودس بووە، لە نامەیەكدا بۆ سەڵاحەدین دەڵێت: "یەكێك لە بنەماڵەی خۆت بنێرە، كە بتوانین لەدەوری كۆ ببینەوە، دەنا نە كورد بڕوای بە تورك هەیە، نە تورك بە كورد".
لە ٢ی مانگی ئۆکتۆبری ١١٨٧ سەڵاحەدین توانیی قودس لە دەست خاچپەرەستەکان رزگار بکات و ژمارەیەک میری کورد لەوێ بکاتە فەرمانڕەوای شارە ئازادکراوەکان. هیچ گومانێک نییە، کە کولتووری پێکەوەژیان و سینگفراوانی و میهرەبانیی کوردستان وای لە سەڵاحەدین کردبوو، کە تەنانەت دوژمنەکانیشی وەکوو کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز دان بە چاکە و گەورەییدا بنێن. هەڵسوکەوتی لەگەڵ فەرماندەی خاچپەرەستەکان (ریچاردی شێردڵ) بەجۆرێک بووە، کە هەتا مێژوو مابێ هەر باسی دەکرێ؛ کاتێک ریچارد پاشای ئینگلتەرا نەخۆش دەکەوێ و سەڵاحەدین خواردن و بەفر و میوەی رەنگاوڕەنگی بۆ دەنێرێ، کە زووتر چاک ببێتەوە، یان هەڵسوکەوتی لەگەڵ ژن و ئافرتە بە دیل گیراوەکان و یارمەتیدانیان بۆ دۆزینەوەی خێزانەکانیان. ئەو کردارە بەرزانە لەناو کولتووری کوردستان هەزاران ساڵە وەکوو خۆی ماون و سەڵاحەدین لەو سەردەمەدا نوێنەرایەتیی ئەو کردار و کولتوورە بووە، کە وایکردووە تەنانەت (دانتی)ی شاعیر و فەیلسووفی گەورەی ئیتالییش بە یەکێک لە مەزنترین و کەسایەتییە رەوشت بەرزەکانی جیهانی لەقەڵەم بدات و (کانتی)ی فەیلەسووف وەکوو جوامێرێک باسی لێوە بکات.
ساڵی ٥٥٩ی کۆچی مانگی، سەڵاحەدین لەگەڵ ئەسەدەدین شێرکۆی مامی سوپایان بەرەو میسڕ جووڵاند و میسڕیان گرت، بەڵام حکوومەتی فاتیمییەکان لەگەڵ فەرەنسییەکان رێک دەکەون و شێرکۆ ناچار دەبێ پاشەکشە بکات، بەڵام چەندجاری دیکە هێرش دەکاتەوە و لە ساڵی ١١٦٩ دەچێتە ناو قاهیرە و ئەسەدەدین شێرکۆ دەسەڵاتی میسڕ بەدەستەوە دەگرێت.
دوای مردنی خەلیفەی فاتیمییەکان، سەڵاحەدین بوو بە حاکمی میسڕ و حکوومەتی فاتیمییەکان دوای ٢٦٢ساڵ کۆتایی هات. زۆری نەخایاند لە میسڕ سوپایەکی بەهێزی رێکخست و دەسەڵاتی دایە دەست کەسە نزیک و جێی متمانەکانی و هەرچی مەلا و قازیی شیعە مەزهەب بوو لە کار دووری خستنەوە. دواتر یەمەنی گرت و حیجاز و مەککەش بوونە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەکەی. تشرینی دووەمی ساڵی ١١٧٤ بە یارمەتیی جەنگاوەرە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان، کە بەشێک بوو لە کوردستانی گەورە، توانیی دیمەشق بگرێ. ساڵی ١١٧٧ خاچهەڵگرەکان هێرشیان کردە سەر دیمەشق، بۆیە سەڵاحەدین کەوتە شەڕ لەگەڵ شانشینی بەیتولموقەدەس و فەلەستینی لە خاچهەڵگرەکان پاک کردەوە. شەڕەکە بەمجۆرە بوو، پاشای قودس، کە بە ئۆرشەلیمیش ناسراوە، لە شاری غەززە هێزێکی گەورەی کۆ کردەوە و لە ساڵی ١١٧٨ کەوتنە کوشت و بڕی خەڵکی (حەما)، دواتر نیازیان بوو هێرش بکەنە سەر سووریا و لە ساڵی ١١٧٩ (باڵدین)ی چوارەم سەرکردایەتیی هێرشی خاچهەڵگرەکانی بۆ سەر دیمەشق لە ئەستۆ بوو و هێرشیان لە بەرزاییەکانی جۆلان دەستپێکرد، بەڵام سوپاکەی سەڵاحەدین، کە زیاترینیان کوردە جەنگاوەرەکانی ناو شاخ و داخەکان بوون، زەبری گورجگبڕیان لێوەشاندن. سەڵاحەدین دوای شەڕی لەگەڵ ریچاردی شێردڵ و بەستنی پەیماننامەی رامەڵا، زۆری نەخایاند نەخۆش کەوت و لە ٣ی ئازاری ١١٩٣ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لەناو ئاپۆرەی خەڵکێکی زۆر لەنزیک مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق نێژرا.
مێژوونووسان لەوبارەیەوە نووسیویانە: ”سەڵاحەدین دوای مەرگی، لەناو خەزێنە تایبەتەکەی هیچ سامانێکی نەهێشتبووەوە تا پرسەیەکی مەزنی بۆ بگرن و هەرچی هەبوو لەناو هەژاران و خەڵکی نەدار دابەشی کردبوو و هیچی بۆ خۆی نەهێشتبووەوە.“