هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان, بە پاشخانە کولتوورییە دێرینەکەی دەڕازێتەوە و تيايدا تێکەڵەیەکی تایبەت لە سروشتی سەوز و ژیانی کۆمەڵایەتی زیندوو دەردەكەوێت.
ئەم پارێزگایە لە ناوەڕاستی چیاكانی زاگرۆس هەڵکەوتووە و لە وەرزی بەهاردا بە یەکێک لە جوانترین شوێنەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئێران دادەنرێت، تێیدا جوانیی چیا بەرزەکان و کانیاوە هەڵقوڵاوەکان و باخچە گوڵدارەکان بەرجەستە دەبن، بەڵام بەهار لە کرماشان تەنیا دیمەنێکی سروشتی نییە، بەڵكوو ئاهەنگێکی دوورودرێژە لە ناسنامە و نەریتە کوردییەکان، كە ڕەگی لەناخۆی كرماشاندا داکوتاوە.
لەگەڵ هاتنی بەهار، کرماشان دەبێتە تابلۆیەکی هونەری، کە بە گوڵە کێوییەکان دەڕازێتەوە، وەک گوڵاڵەی سوور و بەیبوون، دەشتە سەوزەکان درێژ دەبنەوە و دیمەنە سروشتییە سەرنجڕاکێشەکان دەردەکەون، ئەمەش پارێزگاکە دەکاتە جێگایەکی گەشتیاریی تایبەت، کە سروشتە جوانە سەرسوڕهێنەرەكەی هەموان پێکەوە کۆ دەکاتەوە.
داب و نەریتەکانی نەورۆز
جەژنی نەورۆز، کە کورد وەک هێمای دەستپێکی ساڵی نوێ و لەدایکبوونی سروشت پیرۆزی دەکات، بە گرنگترین ڕووداوی بەهارە لە کرماشان دادەنرێت، ئاهەنگەکان لە مانگی ئازار دەست پێدەکەن و تا نیسان بەردەوام دەبن. ئەم ئاهەنگانە چەندین نەریتی کۆنی تێدایە وەک ”خانەتەکانی (تەكاندان)، پاککردنەوەی ماڵ، دروستكردنی شیرینی، ئامادەکردنی جلی نوێ و ڕازاندنەوەی خوانی (حەفت سین) کە لە حەوت شت پێک دێت، کە ناوەکانیان بە پیتی (س) دەست پێدەکات. ئەم نەریتانە وەک نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیندووکردنەوەی ناسنامەی کولتووری دادەنرێن.”
پارێزگاکە بە شوێنە گەشتیارییە تایبەتەکانی ناسراوە، وەک (هاوینەهەواری تاق بوستان)، کە شوێنەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ساسانی لەخۆ دەگرێت، شاری (سەراب نیلوفەر)، کە گۆمێکی پڕ لە گوڵی نێرگزی ئاوی تێدایە، هەروەها ناوچەی (هەورامان) بە خانووە پلیکانەییەکان و تەلارسازییە تایبەتەکەیەوە، فێستیڤاڵی ناوخۆیی و پێشانگای دەستکرد، كە تیایدا بەڕێوە دەچن و کولتوور و داب و نەریتی کوردی دەردەخەن، ئەمەش سەردانەکە دەکاتە ئەزموونێکی کولتووریی دەوڵەمەند بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیی.” هەروەها مۆسیقا و شیعر ڕۆڵێکی سەرەکی لە ژیانی کولتووریی کرماشان دەگێڕن، بەتایبەت لە ڕۆژانی بەهاردا.
لە کاتی جەژنی نەورۆزدا، دەنگی دەف و تەمبوور بەرز دەبێتەوە و سەمای نەریتیی پێشکەش دەکرێت.
ئەو هونەرانە لایەنێکی سۆزداری و ڕۆحی دەبەخشنە ئاهەنگەکان، هەروەها ڕێوڕەسمە فۆلکلۆرییەکان وەک (کۆسەگەڕی) و (سەرساڵ) دەردەکەون، کە تێیدا خەڵک کۆ دەبنەوە بۆ پێشکەشکردنی نماییشی گاڵتەجاڕی و گێڕانەوەی چیرۆکی کۆن، کە مێژوو و کەلەپووری ناوچەکە دەردەخەن.
بەهار لە کرماشان پەیوەندیی بە چەندین ئەفسانەی کۆنەوە هەیە، کە باس لە سەرەتاکانی وەرزی نوێبوونەوە دەکەن.
توێژەر ڕەزا مەوزوونی، لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە دەستپێکی بەهار لە ڕێگەی یەکەم گوڵەوە دەناسرێتەوە، کە لە چیاکانی زاگرۆس دەردەکەوێت، لە کاتێکدا درەختی تەنگز یەکێکە لەو ڕووەکانەی زوو گوڵ دەکات و کۆتایی زستان ڕادەگەیەنێت.
هەروەها ئەفسانەکە چیرۆکی کوڕ سیای (کوڕی ڕاوچی) دەگێڕێتەوە، کە وەک هێمایەک بۆ گۆڕینی ئازاری زستان بۆ هیوایەکی نوێ دادەنرێت. لە هەمان کاتدا، ڕێوڕەسمەکانی سەر ساڵ و (مێم بەرجەم) وەک هێمای لەدایکبوون، بەپیتی و نوێبوونەوە دەردەکەون.
سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ڕێوڕەسمەکانی بەهار لە کرماشان ڕەگیان لە مێژوو و نەریتە کۆنەکاندا هەیە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئاهەنگانە لەگەڵ دیاردەکانی ژیانی مۆدێرنیشدا هاوڕێن.
فێستیڤاڵەکانی بەهار، کە لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکەدا بەڕێوە دەچن، پێشانگای دەستکرد، بازاڕی ناوخۆیی و بەرنامە کولتوورییە جۆراوجۆرەکان لەخۆ دەگرن، کە یارمەتیی ناساندنی کولتوور و نەریتەکانی کورد دەدەن لەو ناوچەیەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، گەشەسەندنی گەشتیاری لە ساڵانی دواییدا وای کردووە، دانیشتوانی کرماشان زیاتر جەخت لەسەر پاراستن و ناساندنی کولتووری ڕەسەنی خۆیان بکەنەوە. شوێنە ژینگەییە گەشتیارییەکان لە گوندە جوان و مێژووییەکانی ئەم پارێزگایەدا دەرفەت بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەڕەخسێنن، تاکوو بە ژیان و کولتووری گەلی کورد ئاشنا بن.
ڕەزا مەوزوونی، توێژەر و نووسەری کرماشانی، لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی، کە ئاژانسی (شەفەق نیوز) وەریگێڕاوە، دەڵێت: ”لای کورد، ڕۆژژمێری وەرزی لەسەر بنەمای گۆڕانکارییە هەستپێکراوەکانی کەش و هەوا دیاری دەکرێت. دوای بارینی بەفر و بارانی زۆر، خەڵک بەوردی بەدوای بچووکترین نیشانەی هیوابەخش بۆ هاتنی بەهاردا دەگەڕێن لە نیشانەکانی سروشتدا.“
هەروەها دەشڵێت: “بەپێی چیرۆکە کۆنە گێڕدراوەکان، پیاوێک یەکەم گوڵی بەهاریی لە یەکێک لە چیاکانی زاگرۆسدا بینی و بردی بۆ فەرمانڕەوای ناوچەکە. فەرمانڕەواکە ئەو گوڵەی بە نیشانەی هاتنی بەهار دانا و ناوی نا گوڵی نەورۆز.“