(نەورۆزنامە) یەکێکە لە کۆنترین سەرچاوە مێژووییەکان لەبارەی جەژنی نەورۆز، کە هی شاعیری ناسراوی ئێران (عومەری خەیام)ە. لەو کتێبەدا، کە هەزار ساڵ بەر لەئێستا نووسراوە، خەیام تووڕەیە لە عەرەب و بێزارە لە رێوڕەسمەکانیان و بە پاوانخواز و داگیرکەری زمان و کولتوور و وڵاتیان دەزانێ. لەو کتێبەدا عومەری خەیام وەکوو مێژوونووسێک باس لە پادشا کوردەکانی سەردەمی ساسانی و کوردستانی کەونارا دەکات، کە چۆن نەورۆزیان لە داگیرکاری عەرەب پاراست و وەکوو میراتێک تائێستا بۆ ئێمە ماوە. خەیام داوا لە پاشای وڵات دەکات، دەستەبەرداری نەریتی نەورۆز نەبن و بە شکۆوە هەموو ساڵێک بەڕێوەی ببەن.
لەو کتێبەدا هاتووە: "لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار وەرزی ساڵ، نەورۆزی مەزن دەستپێدەکات، کە نوێبوونەوەی جیهانە و ئەرکی حکوومەتە جەژنی بۆ بگرێت، رێز لە داب و نەریتی وڵات بگرن و جەژنی نەورۆز بە جۆرێک پیرۆز بکەن، تامی خۆشی و شایی ئەو رۆژە هەر بمێنێ؛ ئەوە ئامۆژگاریی زاناکانە بۆ دەسەڵاتدارانی حکوومەت."
کتێبی (نەورۆزنامە) جیا لە باسی نەورۆز، چەندین بابەتی دیکەی لەخۆ گرتووە، وەک دروستکردنی شەڕاو و باش و خراپیی مەی خواردنەوە. خەیام لەو پەرتووکەیدا، هەندێجار دەچێتەسەر گێڕانەوەی چیرۆک و سەربوردە و لە هەندێ شوێندا رق و کینەی خۆی لەو عەرەبانەی ئێرانیان داگیر کردووە ناشارێتەوە، بۆیە کەسانێک دەڵێن: ئەم نامیلکەیە هی خەیام نییە و کەسێک لەو سەردەمە نووسیویە و بەناوی خەیامەوە بڵاوی کردووەتەوە. مینۆرسکی لەوبارەیەوە دەڵێت: "خەیام لە نووسینەکانیدا وەک کتێبی (زانستیی گشتی) هەمیشە دەنووسێ؛ ئەبوولفەتحی عومەری کوڕی ئیبراهیمی خەیامی وا دەڵێت؛ بەڵام لەو نامیلکەیەدا ناسناوی (فەیلەسووفی زەمانە و توێژەری مەزن)ی داوەتەپاڵ خۆی و ئەم شێوە نووسینە گومانی ئەوەمان لادروست دەکات، کە نەورۆزنامە هی خەیام بێ."
عەلی دەشتی، یەکێک لە نووسەرە ناسراوەکانی ئێران، لەگەڵ بۆچوونەکانی مینۆرسکی هاوڕایە و دەنووسێت: "لەو نامیلکەیەدا نووسەرێک دەبینین، کە لە عەرەب و رێوڕەسمەکانیان بێزارە و تووڕەیە لە پاوانخوازی.“
ئەم نووسەرە هەروەها دەڵێت: "لەو نامیلکەیەدا خەیام نابینی، بەڵکوو زەردەشتییەکی دەمارگیری دژە عەرەب دەبینی."
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە توێژەر و نووسەرانی ناسراوی ئێران، نەورۆزنامە بە هی خەیام دەزانن و لەبارەیەوە نووسینیان هەیە، یەکێک لە ناسراوترین ئەو کەسانە، توێژەر و نووسەری بەناوبانگ (موجتەبای مینووی)یە، کە پەراوێزی بۆ نەورۆزنامە لە رووی دەقێکی باوەڕپێکراو نووسیوە و لە کتێبخانەی بەرلین و لە تاران چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
موجتەبا مینوویی لە پێشەکیی ئەو نەورۆزنامەیە، بەمجۆرە باسی عومەری خەیام دەکات: "هیچ شاعیر و نووسەرێکی فارسیبێژ وەک خەیام ناوبانگی جیهانیی نییە، خەیام کەسێکە لەژێر فشاری فکری داگیرکەران نەتواوەتەوە و بە زمانێکی توند رەخنەی لە دەسەڵاتیان گرتووە. مزگەوت، کەنیسە، بوتخانە و کلێسا بۆ خەیام وەکوو یەک بوون، کە هەندێ کەسی هەلپەرەستی تەڵەکەچی لەپێناو قازانجی خۆیان دایانناوە. خەیام بۆ خۆی دەڵێت؛ نەورۆزنامەی لەسەر داوای هاوڕێیەکی نووسیوە و لەڕاستیدا بۆ پادشای وڵاتی نووسیوە و داوای لێ کردووە دەستەبەرداری نەریتی نەورۆز نەبن و بە شکۆوە هەموو ساڵێک بەڕێوەی ببەن. سەرتاپای کتێبەکەی تەنیا ئامۆژگارییەکی تێدایە، ئەویش بۆ پادشای وڵاتە، کە دادگەریی بکاتە پیشەی خۆی، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵک و ئاوەدانی لێ بکەوێتەوە.
کورتەیەک لە نەورۆزنامەی خەیام لە بەشی داهاتوودا بڵاوی دەکەینەوە، تا خوێنەری کورد لەگەڵ نووسینەکانی ئەو شاعیرە فەیلەسووف و زانایە زیاتر ئاشنا ببێ.