ئەم پەرتووكە لە نووسینی پرۆفیسۆر د. عوسمان عەلی، وەرگێڕانی بۆ كوردی لەلایەن زێبار عەزیزخان مهاجیر، پێداچوونەوەی د.دیدار عوسمان بۆ کراوە، خوێنەر لە كاتی خوێندنەوە و ڕامان و وردبوونەوە لە دەقەكانی كتێبەكە، هەست بە ڕەنگدانەوەی بابەتیبوون و بێلایەنیی لە تاوتوێكردنی قەیرانەكەدا دەكات.
م. زێبار عەزیزخان مهاجیر، نووسەر و وەرگێڕ، لە دیدارێكی (باسكورد)دا ناوەڕۆكی پەرتووكەكە بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو: "دوای شەونخونییەكی زۆر، توانیمان كتێبی (كەركوك لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی و سیاسیدا لەگەڵ بیبلۆگرافیایەكی گشتیی بۆ توێژەران) وەربگێڕینە سەر زمانی شیرینی كوردی و بە چاپی بگەیەنین، بەهیواین سوودی هەبێت بۆ خوێنەران."
گوتیشی: "بەدڵنیایی قەیرانی كەركووك ڕەهەند و لقێكە لە پرسی كورد، قەیرانێكی فرەڕەهەند و ئاڵۆزە، زیاد لە نەژاد، پێكهاتە و نەتەوە و لایەن و هێز و دەوڵەتێك بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم قەیرانەدا بەشدارن. یەكلابوونەوە و چارەسەركردنی ئەو قەیرانە پێویستی بە ئاستێكی بەرزی هەماهەنگی، هاریكاری و سازشكاریی لایەنە خۆجێییەكانی كەركووك، لایەنە ناوخۆییەكانی عێراق، زلهێزە هەرێمییەكان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە."
دەشڵێت: "ئەم بەرهەمە هەمبانەیەكی دەوڵەمەند و كەشكۆڵێكی تەژییە لە گەنگەشەی سیاسی و ئەكادیمی و مێژوویی قەیرانی كەركووك، كە توێژەران دەتوانن لە هەموو چین و توێژەكان زیاتر كەڵك و سوودی لێوەربگرن. خوێنەر لە كاتی خوێندنەوە و ڕامان و وردبوونەوە لە دەقەكانی كتێبەكە، هەست بە ڕەنگدانەوەی بابەتیبوون و بێلایەنیی لە تاوتوێكردنی قەیرانەكەدا دەكات."
ئەوەش دەخاتەڕوو: "لە گۆشەنیگای گرنگیی ئەم بابەتە، بڕیارم دا ئەم بەرهەم و شاكارەی پڕۆفیسۆر دكتۆر عوسمان عەلی، بکەمە كوردی، بە ئامانجی پڕكردنەوەی كەلێنێك لە كتێبخانەی كوردی و پێشكەشكردنی خزمەتێك بە چارەسەركردنی قەیرانی كەركووك و ئاشناكردنی خوێنەران بە دیدگایەكی بابەتیی زانستیی ئەكادیمیانە، سەبارەت بەم قەیرانە. لەبەرئەوەی هەر چارەسەرێك بەدەر لە چارەسەرێكی دروستی زانستی و ئەكادیمی، دەبێتە چارەسەرێكی ناسروشتی و نامۆ كە دواجار سەری لە شكست دەردەچێت."
بەو ئومێدەی خوێنەران سوود لەم بەرهەمە ناوازەیە وەربگرن و تێگەیشتنێكی هەمەلایەنیان دەربارەی قەیرانەكە لەلا گەڵاڵە ببێت.

