سنە... شاری هەزار پەیکەر و ماڵە کولتوورییەکان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

سنە... شاری هەزار پەیکەر و ماڵە کولتوورییەکان

گەورەترین پەیکەری ئێران و هەرچوار پارچەی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە. ئەو پەیکەرە 15 مەتر بەرزە و هێمای بەرخۆدانی گەلی کوردە لەبەرامبەر حکوومەتی دیکتاتۆری بەعس، بۆ یادی کیمیابارانی مەریوان لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دروست کراوە. پیاوێک دوو منداڵی لەباوەشدا گرتووە و لەبەرزایی ئاویەرەوە سەیری شاری سنە دەکات. ئەو پەیکەرە لە لایەن هادی زیائەدینی، پەیکەرسازی ناسراوی کورد دروست کراوە.

 شاری سنە وەکوو شاری هەزار پەیکەر و ماڵە کولتوورییەکان ناسراوە و خاوەن بیناسازییەکی تایبەت بە خۆیەتی، کە لە شارەکانی دیکەی کوردستان جیای دەکاتەوە. ماڵی (ئاسەف)، یەکێکە لە کۆنترین خانووەکانی شاری سنە و کوردستان، مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی سەفەوی و قاجارەکان دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی ناو شاری سنە کە بە خانەی کورد دەیناسن. ئەم خانووە بووە بە شوناسی کولتووری سنە. لەلایەن ئاسەفی گەورە، (میرزا عەلی نەقی خان) لە سەردەمی سەفەوییەوە دەست کراوە بە دروستکردنی و تا سەردەمی قاجارەکان کاری لەسەر کراوە.

 ماڵی ئاسەف نزیکەی چوارهەزار مەتری چوارگۆشەیە و جیا لە دەروازەی هاتنەناوەوە، چەندین حەوشی لەخۆ گرتووە و بیناسازیی رەسەنی چەند سەدەی رابردووی کوردستانی پێوە دیارە. (میرزاعەلی نەقی کوردستانی) یان (ئاسەفی وەزیری) کوڕی (میرزا رەزای وەزیری کوردستانی) لە سەردەمی قاجارەکان یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستان بووە، کە لەسەر داوای (هەڵۆخانی ئەردەڵان) حاکمی کوردستان لە شاری ئەسفەهانەوە دێتە کوردستان.

 ئەم بینایە بەر لە هاتنی (ئاسەف) لە سەردەمی سەفەوییەکان دروست کرابوو. لەو سەردەمەدا ئەردەڵانەکان فەرمانڕەوایی شاری سنەیان دەکرد. خاوەنی یەکەمی ئەم خانووە ماڵباتی (موعتەمد هاشمی) ناسراو بە ئەمجەد ئەشراف (امجدالاشراف) بوو. دواتر لە سەردەمی قاجارەکان بەناوی باوکی ئاسەف تۆمار کرا و چەند بەشێکی دیکەی بۆ زیاد کرا و زۆری پێنەچوو ناوی ئاسەفی کەوتەسەر و تائێستاش بەو ناوە دەیناسن. ئەم بینایە چەند ساڵێکە وەکوو مۆزەخانە بەکار دەهێنن و یەکێکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی شاری سنە.

 یەکێکی دیکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی شاری سنە، گەرماوی (خان)ە، ئەو گەرماوە کەوتووەتە ناوەڕاستی بازاڕی سنە. لە سەردەمی حکوومەتی زەندییە بڕیاری دروستکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتداریی (ئەمانوڵاخانی ئەردەڵان) حاکمی کوردستان دروست کراوە. لە ساڵی ١٢٩٥ی کۆچی مانگی لە لایەن (فەرهاد میرزا)ی مامی ناسرەدین شای قاجار نۆژەن کراوەتەوە.

 ئەو گەرماوە، گەورەترین و پڕنەخش و نیگارترین گەرماوی کوردستانە و خاوەن بیناسازییەکە کە لە سەردەمی قاجارەکان باو بووە. زیاترین نەخشەکانی سەر دیواری ئەو گەرماوە بریتین لە نەخشی گوڵ، کەو، شێر و تاوس. چەندین بەشی وەک گەرماوی سارد و گەرم، خەڵوەتی، خەزێنە و حەوزی لەخۆ گرتووە. ئاوی لە کێوی ئاویەرەوە بۆ دابین کراوە و لە بەرد، خشت و گەچ دروستیان کردووە. بنمیچی گەرماوەکە بە شێوازی تاق و گومەزە، تا بەدرێژایی زەمەن کەمترین زیانی بەرکەوێت.