بەشی چوارەم
وەرگێڕانی بەشێک لە کتێبی (نەورۆزنامە)
لەم کتێبەدا، باس لە راستییەکانی نەورۆز لە وڵاتی عەجەم دەکەین، کە کام رۆژە و کام پاشا دایناوە و بۆچی رێزی لێ گیراوە؟ سووڕانەوەی خۆر هەر سێسەد و شەست و پێنج رۆژ و چارەکێک لە شەو و رۆژ ناگەڕێتەوە هەمان شوێنی خۆی، لەبەرئەوە هەموو ساڵێک لەو ماوەیە تۆزێک کەم دەبێتەوە؛ (جەمشیدشا) بەم رۆژەی زانی، بۆیە ناوی نەورۆزی خستەسەر و دوای ئەویش پادشاکانی دیکە لەسەر هەمان رێچکە رۆیشتن.
چیرۆکەکە بەمجۆرەیە؛ کاتێک (کەیومەرس)ی یەکەم لە وڵاتی عەجەم بوو بە پادشا، ویستی رۆژژمێرێک بۆ رۆژ و مانگەکانی ساڵ دابنێ، بۆ ئەوەی خەڵک لە ژیانی رۆژانە وشیار بکاتەوە، سەیری کرد بەیانیی ئەو رۆژە هەتاو خێرا لە ئاسۆ سەری دەرهێنا، موبدەکانی وڵاتی کۆکردەوە و گوتی: لە ئەمڕۆوە مێژوو دابنێن.
موبدەکان (پیاوانی ئایینی زەردەشتی) کۆ بوونەوە و رۆژژمێریان دانا و موبدەکان لەوبارەیەوە پێیان وایە: "یەزدانی مەزن، هەتاوی لە تیشک ئافراندووە تا زەوی و ئاسمانەکان گەشە بکەن. کاتێک یەزدان ویستی ئاساییش باڵی بەسەر جیهاندا بکێشێ، خۆر خۆی گەیاندە ئاسمان و تاریکی و رووناکی لە یەک جیا بوونەوە و رۆژ و شەو دەرکەوتن و ئەوە بووە مێژوویەک بۆ سەرەتای ئەم جیهانە. بە فرمانی یەزدانی مەزن، جیهان گۆڕانی گەورەی بەخۆوە بینی و شتی نوێ دروست بوو. پادشا و زاناکانی وڵات بۆ رێزگرتن لە خۆر و رووناکی ئەو رۆژەیان کرد بە جەژن و داوایان لە هاووڵاتییان کرد؛ هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا جەژن بگێڕن، لەبەرئەوەی کەیومەرس وەک دەستپێکی مێژوو ئەو رۆژەی دەستنیشان کردووە. چونکە هەر 365 رۆژ جارێک خۆر بەدەوری زەویدا دەسووڕێتەوە، ساڵیان کردە دوازدە مانگی سی رۆژە و لەسەر هەر مانگێک ناوی فریشتەیەکیان دانا.
سووڕانەوەی گەورەی خۆر کە سێسەد و شەست و پێنج رۆژ و چارەکێک بوو، ناوی ساڵی گەورەی لەسەر نرا و بەسەر چوار بەشدا (وەرز) دابەش کرا. لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەو چوار ورزە، نەورۆزی مەزن دەستپێدەکات، کە نوێبوونەوەی جیهانە و ئەرکی پادشاکانە جەژنی بۆ بگرن، رێز لە داب و نەریتی وڵات بگرن و جەژنی نەورۆز بەجۆرێک پیرۆز بکەن، تا نەرۆزی داهاتوو تامی خۆشی و شایی ئەو رۆژە هەر بمێنێ؛ ئەوە ئامۆژگاریی زاناکانە بۆ پادشاکان."
مانگەکانیان بەم جۆرە دابەش کرد:
- خاکەلێوە: ئەم مانگە سەرەتای شینبوونی رووەکەکانە، مانگی خۆنواندنی خۆر و هەتاوە. هەتاو لەم مانگەدادەکەوێتە بورجی بەرخ.
- گوڵان: لەم مەنگەدا گیا و گوڵ جیهان دەڕازێننەوە و مانگی جوانیی سروشتە. هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە بورجی مانگا.
- جۆزەردان: مانگی پێگەیشتنی گەنم، جۆ و میوەیە. هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە بورجی دووپەیکەر.
- پووشپەڕ: جووتیاران لەم مانگەدا جۆ و گەنم و شتەکانی دیکە دابەش دەکەن و هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە ناو بورجی قرژاڵ و یەکەم مانگی هاوینە.
- گەلاوێژ: لەم مانگەدا خاک دادگەریی خۆی نمایش دەکات بە پێدانی پیت و بەرەکەت، وەرزی گەیشتنی میوەکانە، ناوەندی هاوینە و هەتاو دەکەوێتە بورجی شێر.
- خەرمانان: لەم مانگەدا جووتیاران لە دەغڵ و دان بەشی پادشاکان دەدەن و هەتاو دەکەوێتە بورجی هێشوو و کۆتایی هاوینە.
- رەزبەر: میهرەبانی لەم مانگەدا دەبارێ و خەڵک هەرچییان هەیە لە دەغڵ و میوە بەشی یەکدیی لێ دەدەن و پێکەوە دەیخۆن. هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە بورجی تەرازوو و سەرەتای پاییزە.
- خەزەڵوەر، گەڵاڕێزان: مانگی زیادبوونی ئاوەکانە بەهۆی باران بارین و جووتیاران ئاو گل دەدەنەوە بۆ کشتوکاڵ. هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە بورجی دووپشک.
- سەرماوەز: کەشوهەوا بەرەو ساردی دەچێ و ئاگر لای خەڵک خۆشەویست دەبێ. هەتاو دەکەوێتە بورجی کەوان.
- بەفرانبار: سەرەتای زستانە و دنیا سەرما و سۆڵە دەیگرێ و زەوی شینایی پێوە نامێنێ. هەتاو لەم مانگەدا دەکەوێتە بورجی کاریلە.
- رێبەندان: لەم مانگەدا رێگاوبان بەهۆی بەفر و سەرماوە دەگیرێن و هەتاو دەکەوێتە بورجی ئاوڕێژ.
- رەشەمە: لە زمانی پاڵەویدا بەم مانگە دەڵێن ئەسفەندارمەزما، واتا مانگی بەرگرتنی دارەکان و لەم مانگەدا زەوی و دارەکان لە خەو هەڵدەستن. لەم مانگەدا هەتاو دەکەوێتە بورجی ماسی.
بەمجۆرە کەیومەرس ساڵی بە سەر دوازدە مانگدا دابەش کرد و رۆژژمێری دانا، دوای ئەوە چل ساڵ ژیا و پاش کۆچی دوایی ئەو؛ (هۆشەنگ) پادشایی گرتەدەست و ئاسنگەری، دارتاشی و رستن و چنین و هەنگەوانی لەناو وڵات بڵاو کردەوە و جیهان پڕ بوو لە خۆشی و ئازادی و بە چاکە جیهانی بەجێهێشت.
دوای ئەو (تەهمورس) شوێنەکەی گرتەوە و سی ساڵ پادشایی کرد. بازاڕ و کۆڵانەکانی ئاوەدان کردەوە و رستن و چنینی خوری و ئاورێشمی لە سەرانسەری وڵات بڵاو کردەوە. لەو سەردەمەدا (بوزەسپ) ئایینی سابیئەی هێنا و تەهمورس باوەڕی بەو ئایینە هێنا و پشتوێنی پەیڕەوکاریی بەست و خۆری دەپەرەستی و خوێندن و نووسینی لەناو خەڵک بڵاو کردەوە. دوای ئەو (جەمشید)ی برای نیشتەسەر تەختی شاهانە. سەرەتا دادگەر بوو، بەڵام دواتر بووە پادشایەکی زاڵم، تا وای لێهات کە (بیوراسپ) کە زەحاکیشی پێ دەڵێن دژی هەستایەوە و خەڵکیش یارمەتییان نەدا، چونکە ئازاریان لەدەستی چەشتبوو، بۆیە بەرەو هیندستان هەڵات. بیوراسپ واتا زەحاک نیشتەسەر تەختی پادشایی. ئەویش سەرەتا دادگەر بوو، بەڵام دواتر نادادگەری و زوڵم و زۆریی کردە پیشەی خۆی. (فەرەیدوون) لە هیندستانەوە هات و تەخت و تاجی لەدەست دەرهێنا. هەموو ساڵێک لەو رۆژەی کە کۆتایی بە دەسەڵاتی زەحاک هێنا، جەژنی سەدەی دەگرت (جەژنی سەدە یەکێکە لە جەژنە ناسراوەکانی زەردەشتییەکان و تا ئێستاش هەموو ساڵێک لەناو ئاتەشگای زەردەشتییەکان بەڕێوە دەچێت و هاوکاتە لەگەڵ جەژنی زەماوەندی پیری شالیار لە رۆژهەڵاتی کوردستان) و جەژنی نەورۆزی پیرۆز دەکرد. جیهان بەوجۆرە بوو تا (گەشتاسپ) بووە پادشا، دوای سی ساڵ لە پادشایی گەشتاسپ، (زەردەشت) هات و ئایینی زەردەشتیی هێنا. گەشتاسپ باوەڕی بە زەردەشت و ئایینەکەی هێنا و جەژنی نەورۆز هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچوو. لە سەردەمی (ئەردەشیری پاپەکان)یش فەرمانی حکوومەتی بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆز لە سەرانسەری وڵات دەرکرا، کە بەشێوەیەکی مەزن و بەشکۆ بگێڕدرێ. وەک نەریتی ساڵانە؛ لە کاتی پادشایی (کەیخەسرەو) تا (یەزگرد) کە دوایین پادشای وڵاتی عەجەم بوو، لە رۆژی یەکەمی جەژنی نەورۆز، موبدی موبدەکان یەکەم کەس بوو بە جامێکی زێڕینی پڕ لە مەی لەگەڵ دیاریی وەک شمشێر، کلکەوانە، تیروکەوان و قەڵەم دەچووە لای پادشا و دواتر وەزیر و کاربەدەستانی دیکەی حکوومەت نەورۆزیان لە پادشا پیرۆز دەکرد.