قالە شین، بەیت بێژی بە ناوبانگی کورد

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

قالە شین، بەیت بێژی بە ناوبانگی کورد

 قادر ئۆستاد ئیبراهیمی، ناسراو بە (قالە شین) لە ساڵی 1929 لە ئاوایی خەلیفان سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

 قادر ئوستاد، سەبارەت بەو ناسناوەی کە هەیەتی دەڵێت: ”کاتێک لەدایک بووم لە بەرھەڵبێنەیەکی شینیان وەرپێچاوم، ھەر ئەو کات بە پێکەنینەوە لە ماڵێ دەڵێن ئەوە بۆ لەو بەرھەڵبێنە شینەیان وەرپێچاوە؟ کە ناوم لێ دەنێن قادر بە قالەشین ناوم دێنن، خۆشم پێم خۆشە ھەر وام پێ بڵێن، چوون بەوە ناسراوم."

بەیتبێژە دیارەکەی کورد، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بۆ خوێندن چووەتە لای میراوای مەلا خەلیل و ماوەیەک لە وێ دەبێت، بەڵام خێزانی مەلا خەلیل دەنگی ئەم منداڵەی زۆر پێ خۆش دەبێ و وەکوو خۆی باسی دەکات، مۆڵەتی خوێندنی پێ نادا و لە لای خۆی دایدەنێ و گوێ لە دەنگی دەگرێ. ئیبراهیمی، دوای حەوت مانگ دەچێتەوە خەلیفان لای بنەماڵەکەی، باوکی (وەستا ڕەحیم) خاوەن چوار ژن دەبێ، بەڵام کاک قادر تاقە کوڕە دەبێ، لە تەمەنی 10 ساڵیدا دەستی کردووە بە گوتنی گۆرانی، ماوەیەک خۆشخوانی ئاغا بووە، بەڵام قەتی بۆ پارە بە سەر کەس ھەڵنەگوتووە.

 تەمەنی شازدە ساڵان دەبێ کە ژن دێنێ، خۆی دەگێڕێتەوە: ”قەتم کاری وەرزێری و ئاژەڵداری نەکردووە.“

 مەم و زین لە (کەریم مەرزینگ) فێر بووە، لاس و خەزاڵ لە (ئەحمەد کاڕەسووی)، پاشان ھەرچی بەیت و بالۆرە بووە تەنیا بە گوێ ھەڵخستن لە وی فێر بووە و بیری زۆر تیژ بووە.

 ھێندێک بابەتی دیکەی فۆلکلۆری لە (حوسێن مەحموود شەشە) و (ئەحمەد کەپۆسوور) فێر دەبێ. ساڵی 1961 ھاتووەتە شاری مەھاباد، لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە لە شارەکانی ئێران و عێراق بەشداریی کردووە و ڕێزلێنانیا پێشكەش كردووە. (برایمۆک، مەم و زین، مێهر و وەفا، لاس و خەزاڵ، ناسر و ماڵماڵ، سەیدەوان، ئازیزە و پاییزە و...) دەزانێ.

 قۆنگرۆکێ لە (حاجیلە) فێر بووە و بەیتی (بارزانی) ئەو بەڕێزە خۆی دایناوە. قادر ئوستاد ئیبڕاهیمی ناسراو بە (قالە شین) لە شاری مهاباد و لە ساڵی 2016 و لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.