دەرهێنەرێکی کورد دەبێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە پۆڵەندا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دەرهێنەرێکی کورد دەبێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە پۆڵەندا

کورتە فیلمی دۆکیومێنتاریی "حەبیبوڵڵا"، لە دەرهێنانی عەدنان زەندی و بەرهەمهێنانی گوڵناز حوسێنی و سینا ئەیووبی، بەرهەمهێنانی بەفەر پرۆدەکشن، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە بیست و هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زووم لە پۆڵەندا بەدەستهێنا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ZOOM یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵەکانی سینەمای سەربەخۆ لە وڵاتی پۆڵەندا. ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە پێشکەشکردنی بەرهەمی سینەمایی ناوازە و بە بەهای هونەریی بەرز و ڕەسەنە، هەروەها پێشخستنی هونەری فیلمی سەربەخۆیە.

عەدنان زەندی سینەماکار و دەرهێنەری دۆکیومێنتاریی کورد، خەڵکی شاری سنە و لە دایکبووی ساڵی 1985یە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە دەرهێنانی فیلم و بڕوانامەی ماستەرە لە دەرهێنانی شانۆ. لەم ساڵانەی دواییدا بە دروستکردنی فیلمی دۆکیومێنتاری و ئەنیمەیشن و کورتە فیلم توانیویەتی لە فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا ئامادەیی بەرچاوی هەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و بینەران بۆ خۆی ڕابکێشێت.

لە دیارترین بەرهەمەکانیدا کورتە فیلمی دۆکیومێنتاریی "حەبیبوڵڵا"یە، کە ژیانی حەبیبوڵڵا زەندی گۆرانیبێژی دێرینی فۆلکلۆری ناوچەی لەیلاخ دەگێڕێتەوە. ئەم فیلمە دۆکیومێنتارییە خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە بیست و هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زووم لە پۆڵەندا بەدەستهێنا، هەروەها بەشداریی لە فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی وەک سی و یەکەمین فێستیڤاڵی شێفیڵد لە ئینگلتەرا و چوارەمین فێستیڤاڵی کوردی لە مۆسکۆ و فێستیڤاڵی سینەمای ڕاستی کردووە.

یەکێکی تر لە بەرهەمەکانی زەندی کورتە ئەنیمەیشنی "جەنگ و ڕەنگ"ـە، کە لە نووسین و دەرهێنانی خۆی بووە، باس لە چیرۆکی ئەو منداڵانە دەکات کە لە ناوچەکانیان جەنگ بەرپا بووە. ئەم ئەنیمەیشنە لە چلەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران و فێستیڤاڵە بیانییەکانی وەک سێدیچی کۆرتۆ لە ئیتالیا نمایش کراوە.

لەنێو بەرهەمە دیارەکانی تردا کورتە فیلمی "پەپوولە"یە، کە لە فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا نمایش کراوە، لەوانە فێستیڤاڵی فیلمی بەیرووت، فێستیڤاڵی خواردن و ئاوی میلانۆ، فێستیڤاڵی فوول بلووم لە ئەمریکا، فێستیڤاڵی کورتە فیلمی شۆمی نیوزلەندا، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

عەدنان زەندی بە گرنگیدان بە پرسە کۆمەڵایەتی و کولتووری و مرۆییەکان توانیویەتی لە ڕێگەی زمانی وێنەوە نیگەرانییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا جیاوازەکان پیشان بدات و بە بەرهەمەکانی لەسەر شانۆ نێودەوڵەتییەکان بدرەوشێتەوە.