- ئەکەدییەکان دێنە مەیدانی ڕامیاری و سەربازیی ناوچەکەوە، ئەو کەسایەتییەی بۆ ئێمە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە و لەمەودوا دەبێتە کەسایەتییەکی ناسراو لەلامان؛ (سەرگۆن)ە!
سەرگۆن لە بنەماڵەیەکی شاهانە و نەوەی پاشایان نەبووە، مێژوو ناوی باوکی نازانێت و دایکی لە لەشفرۆشەکانی پەرستگا بووە، لە ئەفسانەیەکی سومێری کە لە زمانی خۆیانەوە گێڕاویانەتەوە؛ وەها دەردەکەوێت، بەسەرهاتەکەی نزیك بێت لە هەمان تافی ساوایی پەیامبەر مووسا . لەو ئەفسانەیەدا سەرگۆن دەڵێت: "دایکی بەدبەختی من، بە من دووگیان بوو و من بە نهێنی لەدایک بووم و لەسەر سەبەتەیەك لەناو ئاو داینام و دەرگاکەی بە قیڕ داخست."
ئەم منداڵە، کە کرێکارێك ڕزگاری دەکات؛ دواتر دەبێتە ساقیی پاشا ئور زبابا لە شاری کیش.
دوای ئەوەی ئور زبابا و لۆکال زاکیزی لە ململانێی یەکدیدا بوون و ڕووبەڕووی یەك بوونەوە، ئەمە هەلێکی زێڕینی خستە بەردەم کۆچەرییە سامییەکان، سارگۆن لەمەوە خۆی سازداوە. لە هەڵمەتێکی کتوپڕدا بۆ سەر شاری وەرکای پایتەختی لۆکال زاگیزی داگیری کردووە و خەڵکەکەی هەڵهاتوون و شوورای شارەکەیانی ڕووخاندووە.
خەڵکی ڕاکردووی وەرکا، لایەنگرانی لۆکال زاگیزی، بە یارمەتیی پەنجا کەس لە میر و سەردارەکانی ناوچەکە هێرشی پێچەوانەیان کردووەتەوە سەر سەرگۆن. سەرگۆن ئەو هێزەشی شکاندووە و لۆکال زاگیزی بە دیل گرتووە و نیری تەختەی کردووەتە ملی، بە ڕیسوایی بردوویەتی بۆ بەر دەروازەی (نیپور: نفر).
پاڵپشتیی سەرەکیی سەرگۆن بۆ سەرکەوتنەکانی، تیرە سامییەکانی میسیۆپۆتامیا بوون؛ کە توانی گشتیان یەك بخات و بیانکاتە هێزێکی کاریگەر لە (٢٣٧١)ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ماوەیەکی کەمیشدا توانییان کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشماوەی شارە سەربەخۆکانیش بهێنن، ئەمەش یەکخستنی دەوڵەتەکەی لێ هاتە کایەوە. ئەوە بوو پایتەختێکی نوێیان بۆ ناوەندی دەستەڵاتەکەیان بنیات نا، کە ئەویش شاری (ئەکەد) بوو، هەتاوەکوو ئێستاش شوێنەواری ئەو شارە بە نادیاری ماوەتەوە.
هەر چەندە کەسانێکی وەکوو (ویل دۆرانت) هەوڵی دیاریکردنی سنوورەکەیان داوە و لەمبارەیەوە گوتوویەتی: "ئەگەر بەرەو باکووری خۆرهەڵات و بەرەو بابل، کە ئەمڕۆ بەناوبانگترین شاری میسیۆپۆتامیایە شۆڕ ببینەوە، دروست لە خۆرهەڵاتی بابل، شاری کیش دەبینینەوە کە دێرینترین کولتووری ناسراوی ئەو ناوچەیەیە. ئەگەر نزیکەی سەد کیلۆمەتری دیکە لە کەنار ئەم ڕووبارەدا (ڕووباری فوڕات) بەرەو سەر هەڵبکشێین؛ دەگەینە شاری ئاگەدە، کە لە سەردەمانی دێرین پایتەختی وڵاتی ئەکەد بووە."
نزیکیی ئەو خەڵکانە لەسەرەتادا بەهۆی نەبوونی ناسنامەیەکی دیاریکراوە؛ ناوەکەیان لە شارەکەیانەوە وەرگرت، بۆیە ناوەکەیان هەر لە شاری ئەکەدەوە بۆ مایەوە کە لەدەوروبەری (٢٣٠٠)ـی لەدایکبوونی مەسیحدا لەسەر دەستی سەرگۆندا دروست کرا. دەستپێکی ئەم دەسەڵاتەی ئەکەد لە سەردەمی سەرگۆندا لە سێگۆشەی بەسڕە و عەممارە و قوڕنە بووە لە باشووری عێراقی ئەمڕۆدا.
سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتەکەی سەرەتا سنووردار بوو؛ بەڵام ناسناوی (پاشای دەسەڵاتداری گێتی) لە خۆی نا. مێژوونووسان ئەو بە مەزن ناو دەبەن؛ لەبەر ئەوەی هێرشی کردە سەر گەلێك شار و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی کوشت. یەکێك لەو کەسانەی بە دەستی ئەو کوژرا، (لۆکال زاگیزی) بوو کە لاگاشی تاڵان کردبوو و سووکایەتی بە خوداوەندەکانی ئەو شارە کردبوو. سەرگۆن وەك پێشتر باسمان کرد؛ شکستی پێ هێنا و زنجیری خستە ملی و بۆ شاری ئیپۆری برد. ئەم سەربازە ئازایە لە خۆرئاوا و خۆرهەڵات و باکوور و باشوور بەرەو پێشەوە چوو.
نەك بە تەنیا لە وڵاتی سومێردا فراوانخوازیی کرد، بگرە دەسەڵاتی گەیاندە نەتەوە زاگرۆسییەکان و ناوچەی لۆلۆیی و گۆتییەکانی بە شەڕ داگیر کرد، هەروەها لە نامەیەکی جوگرافیایی خودی سەرگۆندا، ناوی گشت ئەو شوێنانە هاتووە کە لە سەردەمی ئەودا داگیر کراون، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە کاتێك سەرگۆن گەیشتە پلەی فەرمانڕەوایی؛ دەوڵەتی ئەکەدی هێرشێکی مەزنی کردە سەر ناچەکانی ئیلام و شووش و سەرپێلی زەهاو و دەوروبەری کرماشان و هەرێمی زاگرۆس، بە ڕادەیەك، لە خۆرئاواشەوە هەتاوەکوو وڵاتی شامیش ڕۆیشت.
لە باشووریشەوە توانیبووی ئیلام داگیر بکات و خەنجەرەکەی لە ئاوەکانی کەنداوی (عەرەبی- فارس)ـدا وەك هێمای سەرکەوتن شوشت و دوای ئەوە بەرەو خۆرئاوای ئاسیا هەنگاویان نا و گەیشتنە دەریای سپیی ناوەڕاست، بەم شێوەیە سەرگۆنی ئەکەدی؛ یەکەمین ئیمپڕاتۆرییەتی مەزنی مێژووی دامەزراند و ماوەی ٥٥ ساڵ دەسەڵاتدار بوو.
لە بالۆرەیەکدا کە بۆ هەندێك لەم ڕووداوانە داندراوە، دەڵێت: "سەرگۆن شای ئەکەد، مشکیم، ئینانا، شای کیش، کاهینی جودی خوا ئان، شای وڵات، ئینسی ئینلیلی مەزن، شاری وەرکای کاول کرد و شووراکانی ڕووخاند، لەگەڵ پیاوەکانی وەرکا جەنگی و شکاندنی، لەگەڵ لۆکال زاگیزی، شای وەرکا جەنگی و بە دیلی گرتی و نیری کردە ملی و هێنایە بەر دەروازەی ئینلیل.
سەرگۆن، شای ئەکەد، لەگەڵ پیاوانی ئوور جەنگی و شکاندنی، شارەکەی وێران کردن و شووراکانی ڕووخاندن. پەلاماری ئی نینماری دا و شووراکانی ڕووخاندن، سەرزەمینەکەی لە لەگەشەوە هەتاوەکوو سەر دەریا وێران کرد و چەکەکەی لە دەریادا شوشت.
لەگەڵ پیاوانی ئوما جەنگی و شکاندنی، شارەکەی وێران کردن و شووراکانی ڕووخاندن. ئینلیل هیچ مێمڵێکی بۆ سەرگۆن دانەنا، ئینلیل، بەڕاستی، گشت ناوچەکانی کە لە دەریای ژوورووەوە بۆ دەریای خواروو درێژ دەبێتەوە، پێ بەخشی.
ئەکەدییەکان لە گشت جێیەك، هەر لە دەریای خوارووەوە هەتاوەکوو دەریای سەرروو دەستیان بەسەر ئینسییەکاندا گرت. پیاوانی ماری و پیاوانی ئیلام، وەکوو مەزنی خۆیان خزمەتی سەرگۆنی شای وڵاتیان دەکرد.
سەرگۆن، شای وڵات، کیشی دروست کردەوە و شارەکەی دایەوە بە خۆیان، بۆ ئەوەی تیایدا دابنیشن.
هەر کەس ئەم نووسینە بسڕێتەوە، ئوتو لە بنی بهێنێت و وەچەی لێ نەکەوێتەوە."
سەرچاوەکان:
١: نەوشیروان مستەفا ئەمین بە دەم رێگاوە گوڵچنین. کتێبی یەکەم، چ١، الدار العربیة للعلوم ناشرون، بیروت، ٢٠١٢ز.
٢: ویل دۆرانت مێژووی شارستانیەت، خۆرهەڵات لانکەی شارستانیەت، و: عەبدوڵڵای ڕەسووڵی، چ١، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١١ز، ب١.
٣: شاسوار هەرشەمیی- مێژووی ئارامییەکان لە کوردستاندا "حەرانیی، جو، سریانی، ئاسووری، کلدانی"، چ٢، ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمال ڕۆژبەیانی، چاپخانەی تاران، سلێمانی، ٢٠١٨ز. هورمزی بیگلەری
٤: چیانشینانی زاگرۆس. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمەی حەمە سەعید، چ٣، بڵاوکراوەی کتێبخانەی هەژار موکریانی، چاپخانەی تاران، جنگڵ، 2019ز. عەبدوڵڵا قەرەداغی (مەلا عەلی)
٥: کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، چ١، چاپەمەنپی کارۆخ، 2008ز. هادی ڕەشید بەهمەنی
٦: پەیامی هەورامان، چ١، چاپخانەی ژین، هەولێر، ٢٠٠١ز، ب١. ئاکۆ محەمەد میرزادەیی
٧: مێژووی دێرینی کورد، چ٢، نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٢٠ز. ئیدۆن دەنباو
٨: ڕێبەرێکی خێرا و ئاسان بۆ مێژووی جیهان، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جێگر سەلام، چ١، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، ٢٠٠٩ز.