عەزیز شارۆخ، لەدایکبووی 17ی ئەیلوولی 1938 لە شاری مەهاباد، گۆرانیبێژی کوردە و لە شاری مەهاباد دەژی و بە زمانی کوردی و فارسی گۆرانی دەڵێت.
عەزیز شارۆخ، لە ساڵی 1938 لە گەڕەکی (قەبران) کە ئێستا بەشێکە لە شەقامی وەفایی، لە شاری مەهاباد لەدایک بووە، عەبدوڵای باوکی و باپیریشی خەڵکی شاری (پژ) بوون لە باشووری کوردستان، باپیری لە تەمەنی لاوێتیدا چووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندێکی ناوچەی مەنگوڕ نیشتەجێ دەبێت و لەگەڵ کچێکی خەڵکی مەنگوڕ ژیانی هاوسەری پێک ئەهێنێت، دایکی ئامێنێ خەڵکی شاری نەهریی کوردستانی تورکیا بوو، کە لە یەكەم جەنگی جیهانیدا لەگەڵ براکەی ئاوارە بوون بۆ ئێران و دایک و باوکی و خێزانەکەی بە دەستی ڕووسەکان کوژران.
شارۆخی لە ساڵی 1960 خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە و بۆ چوونە ناو ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایان چووەتە ورمێ.
ساڵی 1963 لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە، تا لە ساڵی 1966 لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام سزای 10 ساڵ بەدەرکردنی کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1966 لەگەڵ کچێکی مەهابادی بە ناوی "کۆبرا غوسیە" هاوسەرگیری دەکات و دەبنە خاوەنی پێنج کچ.
عەزیز شارۆخ دوای گوێگرتن لە بەرهەمی مامۆستاکانی وەک سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، حەسەن زیرەک، کاوێس ئەغا، حەزی لە گۆرانی گوتن دەبێت، هەرگیز وانەی گۆرانی گوتن بە شێوەیەکی كەسی لە مامۆستایەک وەرنەگرتووە، بەڵام بە مەشقکردن لەسەر تۆمارەکانی گرامۆفۆن، لە مامۆستایانی وەک حەسەن زیرەک، محەمەد ساڵح دیلان، تاهر تۆفیق، حەسەن جەزاری، فێری گۆرانی گوتن بووە.
پیشەی سەرەکی ئەو مامۆستایەتی و وانەگوتنەوە بووە، شارۆخ تا ئێستا هاوکاریی لەگەڵ موزیکژەن و ئاوازدانەرانی وەک موجتەبای میرزادە لە ئەلبوومی (از دست عشق)، حەمیدڕەزا خەجەندی لە ئەلبوومی (رووناک)، هەروەها گرووپی کامکاران، جەلیل ئەندەلیبی، عێرفان میرانی، سەعید فەرەجپووری، حوسێن حەمیدی، گرووپی محەمەد فیروزی، بەهرام سەعید و ئابیدەردا هەیە.
لە ساڵی 2000دا ئەدەبیانی زاراوەی کوردی کۆ کردووەتەوە، کە لە دەزگای ئاراس چاپ و بڵاو کراوەتەوە. عەزیز شارۆخ بە دانانی کۆنسێرت لە وڵاتانی ئەوروپایی، موزیکی ڕەسەنی فۆلکلۆری کوردیی بە گوێی جیھانییان ناساند.
شارۆخی، مامۆستای ئاواز و گۆرانیی کوردییە.