هونه‌رمه‌ند و میدیاكار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی یاریی نه‌وه‌كان، بێساران جاسم، ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌رە جوانه‌كانی سلێمانی به‌شی شانۆ، وه‌ك ئه‌كته‌ری درامای تەلەڤزیۆنی رۆڵی هەیە و لە چەندین فیلمی سینەمایی و دراما و زیاتر له بیست ساڵ لە بواری شانۆ كار ده‌كات، دو ابه‌رهه‌می له درامای (باڵه‌خانه) به كاره‌كته‌ری میران ده‌ر كه‌وت، له بواری فیلمیسازیی سینه‌ماشدا ڕۆڵی به‌رچاوی بینیوه له فیلمی سینه‌مایی (سفر- نۆ) و فیلمی (شین).
هونه‌رمه‌ند بێساران جاسم لەم دیدارەدا، باسی كارە هونەرییەكانی بۆ (باسكورد) كرد و گوتیشی: ”درامای باڵه‌خانه ئه‌وه‌ی به بینه‌ر گوت، كە به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و باڵه‌خانانه، ئه‌نجامی ئه‌و غه‌دره‌یه كه له زه‌وی و زاری هه‌ژاران ده‌كرێت.“
(باسکورد): بێساران جاسم کێیە؟
بێساران جاسم: من بێساران جاسم حه‌بیب، ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان، به‌شی ئه‌كته‌ری لە ساڵی 2008 بۆ 2009. (باسکورد): تا چه‌ند هونه‌رمه‌ند لە رێی هونه‌ری نواندنەوە ناوبانگ دەردەكات؟ بێساران جاسم: ئه‌گه‌رچی یه‌ك له‌شكر له‌پشت كامێرا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌كته‌ر ده‌رده‌كه‌وێ، به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ر خۆی له‌گه‌ڵ كاره‌كەی ڕاستگۆ بێت و مه‌به‌سته‌كه بۆ خۆده‌رخستن نه‌بێت، دواتر هه‌رخۆی ده‌كه‌وێته به‌رچاو و ناوبانگ ده‌رده‌كات.
(باسکورد): لە درامای باڵه‌خانه، كه شه‌وانی ڕه‌مه‌زان په‌خش ده‌كرا، ئێوه ڕۆڵی (میران)تان به‌رجه‌سته كرد، ده‌پرسین تا چه‌ند خه‌یاڵ و ڕاستی له‌ناو سیناریۆكه‌دا كاری خۆیان كردووه؟
بێساران جاسم: هه‌ر دراما یان چیرۆكێك، كه بینه‌ر خۆی تێدا بینییه‌وه و گه‌یشته ئه‌و بڕوایه ئه‌و درامایه باس له ئازاری ئه‌و ده‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه چیرۆك و دراماكه ڕاسته‌وخۆ چووەته ناو هه‌موو ماڵێك له ڕێگای شاشه‌ی تیڤییه‌كان، وه‌ك هیچگۆگ ده‌ڵی: " بۆئه‌وه‌ی كارێكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ی، دراما سێ مه‌رجی تێدایه ئه‌ویش سینیاریۆ، سیناریۆ، سیناریۆ). وه‌ك پێشتر گوتم، بینه‌ر ده‌بێت خۆی له‌نێو ئه‌و سیناریۆیەدا ببینێته‌وه، درامای باڵه‌خانه كاری له‌سه‌ر هزری بینه‌ر كردووه، بۆیه دڵنیام ئه‌و بینه‌ره‌ی به‌دیار درامای باڵه‌خانه دادەنیشت، گومان ناكرێت كه چیرۆكه‌كه‌ی ناخی ئه‌و بینه‌ره بووه. درامای باڵه‌خانه ئه‌وه‌ی به بینه‌ر گوت كە به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانانه، ئه‌نجامی ئه‌و غه‌دره‌یه، كه له زه‌وی و زاری هه‌ژاران ده‌كرێت.
(باسکورد): خوێندنه‌وه‌ت چییه بۆ ئه‌و بینه‌ره‌ی تا ئێستا تامه‌زۆری درامای هه‌شتاكانه؟
بێساران جاسم: پێم وایه ئه‌م باسه زۆر شت هه‌ڵده‌گرێ، ئه‌و بینه‌ره‌ی تامه‌زرۆی دراماكانی ساڵی هه‌شتاكان بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌كته‌ری باش و ده‌رهێنه‌ری باش هه‌بووه، ته‌نانه‌ت سیناریۆكانیش بابه‌تی زۆرباش بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا قۆناغی سیاسی و ئابووری كاتێک بۆ كاتێكی دیكه جیاواز بووه، ئه‌و سه‌رده‌مه ناوی ده‌هێنین سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وكات هه‌میشه هه‌وڵیان داوه كارێك پێشكه‌شی بینه‌ر بكه‌ن، ئه‌و په‌نگخواردنه‌وه‌ی هه‌بووه له‌نێو تاكی كورد به هه‌ر جۆرێك بێت له ڕێگای نواندن و دراما بیگه‌نێته میلله‌ت، هه‌ربۆیه ده‌گوترێ هونه‌ری سه‌رده‌می ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ناوی ده‌نێم شۆڕشی هونه‌ری، هه‌ربۆیه له‌نێو كاری شانۆكاندا كاره‌كته‌ره‌كان به ناوی ئازاد دانراوه، كه ناسناوی جوتیارێك بووه، هه‌ر بۆیه له‌م ڕوانگه‌وه به‌ڵێ كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌وكات به سه‌رده‌می زێڕین ناو ده‌برێن، وه‌ك گوتم كاركردن له باشووری كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عس كاریگه‌ریی زیاتری له‌سه‌ر بینه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام له ڕووی ته‌كنیك و ده‌نگ و وێنه‌گرتنەوە درامای ئێستا زیندووتره، بگره چه‌ند ساڵێكی دیكه كاری باشتر له‌مه‌ی ئێستا ده‌بینن، ئه‌كته‌ری باشتر دێته ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه و ئه‌ستێره‌ی دیكه دروست ده‌بن، ئه‌و هه‌ڵه هونه‌رییه‌ی له‌ڕابردوو له كاره درامییه‌كان ڕوویانداوه، دووباره‌یان ناكه‌ینه‌وه.
(باسکورد): به‌ڕای تۆ ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام بن له به‌رهه‌مهێنانی دراما، پێت وانییه بینه‌ر ماڵئاوایی له دراما توركی و بیانییه‌كان ده‌كات؟
بێساران جاسم: منیش هاوڕام، ئه‌م ڕه‌مه‌زانه سێ دراما هه‌بوون، ساڵێكی دیكه بێته شه‌ش یان ده دراما، بۆیه ئێمه ئه‌زموونی زیاتر په‌یدا ده‌كه‌ین و بینه‌ریش ئاشنای شاشه ده‌كه‌ینه‌وه.
(باسکورد): له‌نێوان كاری نواندن، كاری پێشكه‌شكاری، فیلم، یان شانۆدا كامیان دوامه‌نزڵی ئێوه‌یه؟
بێساران جاسم: له‌سه‌ره‌تا له‌به‌رده‌م كامێرا و بینه‌ر چاومان كراوه‌ته‌وه و ترسمان له‌وه شكاوه شه‌رم بمانگرێت، من بۆ خۆم بیست ساڵه له‌ناو شانۆ كار ده‌كه‌م، وه‌ك دراما و كورته فیلم، فیلمی سینه‌ما، راستییه‌كه‌ی هه‌موویان چێژی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌لامه‌وه ئاساییه ئه‌مه درامایه یان فیلمه، لەكۆتاییدا من ئه‌كته‌رم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له شانۆوه هاتووین، چاومان به شانۆ كراوه‌ته‌وه، نواندن له‌گه‌ڵ شانۆ زۆر جیاوازه، لە شانۆدا ڕاسته‌وخۆ به‌ركه‌وتنت له‌گه‌ڵ بینه‌ره، به‌ڵام نواندن له‌به‌رده‌م كامێرادا، چونكه تۆ له‌به‌رده‌م لینزێكی بێ رۆح چه‌ند جارێك ئه‌توانی گرته‌كان دووباره بكه‌یته‌وه، هه‌ر بۆیه زۆرجار ده‌گوترێ: "ئه‌كته‌ری نواندن ساردتر ده‌بینرێن له‌به‌رده‌م كامێرا، سەبارەت بەوەی ئایا كاری پێشكه‌شكاری، فیلم، یان شانۆ كامیان دوامه‌نزڵی ئێوه‌یه، له‌كاتێكدا مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی پێشكه‌شكار بێت بتوانێ ئه‌كته‌ری نواندن بێت، له‌كۆتاییدا پیشه‌ی من ته‌نیا ئه‌كته‌ریی هه‌ڵده‌بژێرم.
(باسکورد) ئێستا بینه‌ری شاشه‌ی كوردی چی ده‌وێت؟ تراژدیا، یان كۆمیدیا؟
بێساران جاسم: له‌گه‌ڵ ئه‌وەدا نیم به‌رهه‌می تراژدیا په‌یوه‌ست بێت به شین و گریان و پیشانده‌ره‌وه بێت، بۆیه پێم باشه هونه‌ری ئێستا به شێوازی نوێ و سه‌رده‌مییانه كاری بۆ بكرێ، به‌تایبه‌ت كار له‌سه‌ر كولتووری كورد بكرێت، وه‌ك بۆچوونی خۆم ده‌ڵێم له‌وه‌ته‌ی میلله‌تی كورد هه‌یه له‌ناو تۆپ و ته‌یاره و داگیركاری و ئه‌نفال ژیاوه، هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كای ركۆمیدیا گرنگیی پێ بدرێ، به‌ڵام نه‌ك ئه‌م جۆره كۆمیدیایه‌ی ئێستا بووەته گاڵته‌جاڕی.
(باسكورد): به‌رهه‌م و پڕۆژه ئه‌گه‌ر هه‌یه؟
بێساران جاسم: پڕۆژه و به‌رهه‌می من له چه‌ند مانگی داهاتوو كورته فیلمێك هه‌یه، وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆڵ ده‌بینم و كارێكی دیكه شانۆیه، درامایه‌كی زۆرباش، كه له مانگی دوازده بكه‌وینه وێنه‌گرتن و بۆ به‌شی دووه‌م باڵه‌خانه، جارێ چاوه‌ڕیی وه‌ڵامی كه‌ناڵی (كوردسات) ده‌كه‌ین بۆ به‌رهه‌مهێنان، ئیتر ئه‌وه‌ش كه‌وتووەته سه‌ر بار و زرووفه‌كه.