ئیدارەی سۆران ڕێوڕەسمی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و پێشوازیكردن لە سەری ساڵی نوێی كوردی ساز دەكات

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئیدارەی سۆران ڕێوڕەسمی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و پێشوازیكردن لە سەری ساڵی نوێی كوردی ساز دەكات

 هاووڵاتییانی ئیدارەی قەزای ناوەندی سۆران ئاگادار دەكرێنەوە، كە ئێوارەی پێنجشەممە، بە ئاهەنگ و خۆشی دەربڕین، ئاگری نەورۆز لەسەر گردی ئێچقەڵا لەنێوان هەردوو شاری سۆران و ڕواندز هەڵدەكرێت. فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆرانیش چەند ڕێنماییەك دەخاتە ڕوو.

 لەمبارەیەوە هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: “وەك نەریتێكی ساڵانە، بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی، لە سنووری شار و شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و ئاهەنگ و دەربڕینی خۆشی، یادەكە دەكرێتەوە."

 گوتیشی: "هاووڵاتییانی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران ئاگادار دەكەینەوە، كاتژمێر 5ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 20-3-2025 لەسەر گردی شوێنەواری و مێژوویی ئێچقەڵا، كە دەكەوێتە تەنیشت شەقامی سەرەكیی نێوان هەردوو قەزای (سۆران و ڕواندز) ڕێوڕەسمی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و دەربڕینی خۆشی بۆ ئەم یادە و سەری ساڵی نوێی كوردی بەڕێوە دەچێت و یادەكە پیرۆز دەكرێت.”

 د.عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری و كەلەپووری سۆران، بۆ (باسكورد) گوتی: "لەگەڵ حەكیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قسەمان لەسەر ئەوە كردووە، كە ئەمساڵ ئاگری نەورۆز لە گردی شوێنەواریی ئێچقەڵا هەڵبكرێت، چونكە جەژنێكی كولتووری و نەتەوەییە، لەگەڵ ئەوەشدا كارمان لەسەر ئەوە كردووە، كە پارێزگاریی لە شوێنەوارەكە بكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك لێی نزیك نەبنەوە و بۆ هەڵكردنی ئاگرەكەش شوێنێكی تایبەت لە گردەكە دیاری كراوە.“

لەلای خۆیەوە، هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ (باسكورد) ئاماژەی بەوە دا: "لەپێناو پاراستنی ژینگە، داواكارین لە هاووڵاتییانی شار و شارۆچكە و گوندەكانی دەوروبەر، خۆیان دووربگرن لە سووتاندنی تایە و پلاستیك و ئەو جۆرە شتانەی دەبنە هۆی دووكەڵی پیس و زیانگەیاندن بە ژینگە."

 گوتیشی، لەبری ئەوە بۆ دەربڕینی ئاهەنگ و خۆشی، هاووڵاتییان دەتوانن بەشداریی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی هەڵكردنی ئاگر لە ئیدارەكانیان بكەن، چونكە لەوێ زیاتر دار و درەخت و ئەو جۆرە شتانە بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز بەكار دەهێنرێن."

 دەشڵێت، كردنەوەی ئاگر بە پلاستیك و تایە، جگەلەوەی دووكەڵی پیس و ژەهراوی بڵاو دەكاتەوە، لە هەمانكاتیشدا مەترسییە بۆ كەوتنەوەی ئاگر لە شوێنە جیاوەزەكان و زیانگەیاندنی بە بەرژەوەندیی گشتی.

 گردی شوێنەواری و مێژوویی ئێچقەڵا دەكەوێتە نێوان هەردوو قەزای (سۆران و ڕواندز) لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەم قەڵا مێژووییە دوو سەدە لەمەوبەر قەڵای میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران بووە.