گوندی بێقەپوشك لە بناری چیای گۆشینە و نزیكەی 28 ماڵ دەبێت، بە دووریی 12 كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای سیدەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوندێكی كوێستانی و سەرنجڕاكێشە و تا درەنگانی وەرزی بەهار و سەرەتای هاوین بەفر لە شاخەكانی دەوروبەری گوندەكە نابڕێت، ئەمەش دیمەنێكی جوانتری بە شوێنەكە بەخشیوە.
ئەو گوندەش هاوشێوەی گوندەكانی دیكەی كوردستان، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناو چوو، بەهۆی نیشتمانپەروەریی خەڵكەكەی و لەسەر كوردایەتی، چەند جارێك وێران كراوە و دانیشتوانەكەی دووچاری ئاوارەیی و دەربەدەری و شەهیدبوون و قوربانیدان بوونەتەوەز دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی كوردستان، جارێكی دیكە گوندەكە لەلایەن خەڵكەكەی ئاوەدان كراوەتەوە.
دیمەنێكی دیكەی سەرنجڕاكێشی گوندەكە ئەوەیە، تا ئێستا پارێزگاریی لە خانووە كۆنەكان و كولتووری گوندەكە كراوە و دانیشتووانەكەی زیاتر لە وەرزی بەهار دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكە و ئاوەدانی دەكەنەوە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و خزمەتكردنی ڕەز و باخەكانیان.
بەهۆی تایبەتمەندیی بەروبوومی كشتوكاڵیی ئەو گوندە، خواستی زۆری لەسەرە، بەمەش جگە لە لە پێداویستیی خۆیان، ساڵانە چەندین تەن بەرهەمی كشتوكاڵی، بەتایبەت تەماتە و خەیار و كوولەكە و سەوزەوات لە گوندەكە بەرهەم دەهێنرێن و دەنێردرێتە بازاڕەكان.
لای خۆیەوە محەمەد مەلا یەحیا، موختاری گوندی بێقەپوشك بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "زۆربەی خەڵكی گوندەكە بژێویان لەسەر بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ و ڕەز و باخەكانیانە، بەمەش ساڵانە كوێستان و گەرمیان دەكەن، واتە لە وەرزی بەهاردا بۆ كاری كشتوكاڵ دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكەیان و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستانیش زۆربەیان دەگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچكەكانو بەتایبەتیش بۆ شاری سۆران و تەنیا چەند خێزانێك لە گوندەكە دەمێننەوە."
گوتیشی: "ئەوەی جێگەی دەستخۆشیكردنە، دوای پێشكەشكردنی داواكاریی ساڵانە لە وەرزی بەهار، ئیدارەی قەزای سیدەكان شۆفەڵ و ئامێرەكانمان بۆ دابین دەكەن، بە مەبەستی فراوانكردن و خاوێنكردنەوەی ڕێگای گوندەكە و ڕز و باخەكانمان، بۆ ئەوەی گرفت لەبەردەم هاتوچۆدا دروست نەبێت، چونكە لە وەرزی زستاندا بەهۆی بەفر و باران، خۆڵ و بەرد دێتە سەر ڕێگاكان و پێویستی بە پاككردنەوە دەبێت.






