نێرگز عەزیز: خانمانی کورد بەشێکی سەرەکيین لە پەرەپێدانی میوزیکدا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

نێرگز عەزیز: خانمانی کورد بەشێکی سەرەکيین لە پەرەپێدانی میوزیکدا

نێرگز عەزیز، خانمە هونەرمەندی میوزیكزان، كە ساڵانێكە لە وڵاتی سوید دەژی، لە دیدارێکیدا بۆ (باسکورد)، باس لە ڕۆڵی ئافرەت دەکات لە بواری میوزیک و گۆرانی لە ئێستا و ڕابروودا:

(باسکورد): ئافرەتان ڕۆڵیان لە بواری میوزکدا چۆنە؟

نێرگز عەزیز: میوزیک هەمیشە بەشێکی گرنگی کولتووری کوردی بووە و ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پەرەپێدان و پاراستنی ئەم هونەرەدا هەبووە و لە ڕێگەی میوزیک و گۆرانییەوە چیرۆکی خۆشەویستی و خەم و خۆڕاگری و ئازادی و مێژووی میللەتەکەیان بە نەوەکان گەیاندووە. پەیوەندیی ژنانی کورد لەمێژە لەگەڵ هونەری میوزیک بەهێز و پەیوەست بووە، هەر لە گۆرانی، ئاوازەوە بگرە تا دەزگا، هەوا، مەقام، بەیت، چەمەرێ، هۆرە، سیاچەمانە، لاوک و لاوژە و بۆنەی ئایینی و ... هتد.

موزیک بەشێک بووە لە چالاکیی رۆژانەی ژنی کورد، کاتێک دایکان (لایلایە) دەڵێنەوە، کە نەریتێکی کوردەواریی كۆنە، بۆ ئەوەی منداڵەکەی لە کەشێکی ئارام و ئاسایشدا بخەوێنێ، ئەو ئاوازانە بەشێوەی دەماودەم گوازراونەتەوە و ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی و خەمخۆریی قووڵیان بووە.

(باسکورد): گۆرانی لەو ناوەدا چ ڕۆڵێكی گێڕاوە؟

نێرگز عەزیز: لە کاتی کارکردندا گۆرانیگوتن ئەرکێکی پراکتیکیی هەیە، بۆ نموونە لە کاتی کارکردندا لە کێڵگەکان، یان لە كاتی دروێنەکردندا گۆرانیی (هەیرانۆک) دەڵێن و لە کاتی شوانی و دۆشینی مەڕ و مانگاشدا بۆ هێورکردنەوەی ئاژەڵەکان ئاوازی نەرم دەچڕن و لە بۆنە خۆشەکاندا وەک ئاهەنگی هاوسەرگیری و جەژن، بۆ نموونە (دیلان) بەشێکی ئاشکرایە لە ئاهەنگە نەریتییەکاندا. ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییانە لەگەڵ ئامێرەکانی وەک دەف و بالەبان و تەمبوور دەگوترێنەوە.

هەروەها هۆرە و سیاچەمانەمان هەن، کە فۆرمێکی هونەری و ڕەنگدانەوەی ڕۆح و کولتووری کوردن. کاتێک سەرنج لەسەر هەست و سۆز و شیعر دەبێت، ئەوا ژنانی کورد هاوشانی پیاوان حەیرانیان زیاتر لە بۆنە تایبەتی و خێزانییەكاندا گوتووەتەوە.

(باسکورد): ئایا میوزیک هەر بۆ کاتی خۆشی بەکار هاتووە؟

نێرگز عەزیز: نەخێر میوزیک تەنیا بۆ دەربڕینی خۆشی نەبووە، بەڵکوو ئازار و تێکۆشانیشی لەخۆ گرتووە، کاتێک ژنانی کورد ڕووبەڕووی زیان دەبنەوە (لاوک) دەڵێن، کە شێوازێكی ماتەمینیی پڕ لە حەسرەت و لەدەستدانی ئازیزانە، هەروەها لە بازنەی سیاسیدا (بەیت)یان گوتووە، بەیت بۆ پاراستنی کولتوور و مێژووی کورد، لە جەژن و دانیشتنەکانی گێڕانەوە و مەراسیمەکاندا دەگوترێتەوە. یەک لە نموونە دیارەکانی ژن لە مێژووی هونەری موزیکی کوردیشدا (عایشەشان)ە.

(باسکورد): ئەی بەکارهێنانی ئامێرەکانی میوزک لای ئافرەت لە چ ئاستێكدا بووە؟

نێرگز عەزیز: بەکارهێنانی ئامێرەکانی موزیک لە ڕابردوودا لەلایەن ژنانی کوردەوە بە هۆکاری تۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کەم و دەگمەن بووە، بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا هەلومەرجی ئاسان هاتووەتە پێش، وەک کۆلێژ و پەیمانگا هونەرییەکان و كردنەوەی خولەکانی فێربوون و گرووپەکانی گۆرانی و موزیکی خانمان. کە دەتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی کار و چالاکییە هونەرییەکانیان بكەن و تواناکانیان پیشان بدەن، بۆ نموونە (گرووپی کیژانی سلێمانی، کۆراڵی تەوار، کیژانی رۆژهەڵات ...)، چەندین خانم هاوشانی پیاوان چالاکیی موزیکی لە کوردستان و دەرەوەدا دەكەن.

(باسکورد): تۆ وەك ئافرەتێك لەناو كایەكەدای، ڕۆڵی ئێستای ئافرەت لەو بوارەدا چۆن دەبینی؟

نێرگز عەزیز: ئەمڕۆ ژنانی کورد بەشێکی سەرەکین لە پەرەپێدانی میوزکدا، هەم لە چوارچێوەی ژانرە نەریتییەکان و هەمیش لە ڕێگەی دەربڕینە مۆدێرنەکانەوە، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستن و نوێکردنەوەی ئەم میراتە هونەرییە، چ لە رێگەی دیجیتاڵی یاخود فیزیکییەوە، ئامانجیش پاراستنی هونەر و جەختکردنەوەیە لەسەر (دەنگی کورد هەرگیز بێدەنگ نابێت). بە بوونی هاوکاریی نێودەوڵەتی خانمانی هونەرمەند دەتوانن هونەرەکەیان زیاتر بە کولتوور و ژانرەکانی دیكە بناسێنن، ئەمەش دەرگا بۆ دەربڕینی موزیکی نوێی کوردی دەکاتەوە.