سازی كوردی لە میرنشینی سۆران

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

سازی كوردی لە میرنشینی سۆران

 " لەناو كورددا ئامێرەكانی دەف و ساز لە كۆنەوە هەن"

مامۆستایەكی زانكۆ و لێكۆڵەر و پسپۆری بواری مێژوو دەڵێت: "ئەولیا چەلەبی لە زۆر شوێنی سیاحەتنامەكەیدا باسی هونەر و مۆسیقا و شیعر و ئاوازی كوردیی كردووە، یەكێك لەوانەش، بریتی بوو لە ئامێری موزیكی (ساز) لە میرنشینی سۆران.

 د. بژار عوسمان ئەحمەد، مامۆستای زانكۆی سۆران، لێكۆڵەر و پسپۆری بواری مێژوو بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "ئەولیا چەلەبی لە زۆر شوێنی سیاحەتنامەكەیدا باسی هونەر و مۆسیقا و شیعر و ئاوازی كوردیی دەكات، هەر بەوەش ناوەستێ، باسی ئامێرە موزیكییەكانی كوردستان دەكات. یەكێك لەو ئامێرە موزیكانەش، كە لەنێو فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆران ناوبانگی زۆری هەبووە، بریتی بووە لە ئامێری موزیكی (ساز - سەزەند).“

 ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆران، دەشڵێت: "ئەولیا بە جۆرێك وەسفی ئەم ئامێرە دەكات و دەڵێت، ئەم ئامێرانە لە سۆرانەوە دەهێنرێنە ئەستەنبۆڵ و دەفرۆشرێن، هێندە ئاواز و مۆسیقایەكەی خۆشیان هەیە، بۆیە پێی دەڵێین سەزەندی پەنجا تەل، دەتوانی بە چەندین ئاواز ئەم سازە بژەنیت."

 د. بژار عوسمان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: "وەك دیارە كۆنترین ئاوازی مۆسیقا و گۆرانیی كوردی لەناو سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبیدا هەیە، هەروەها لە دانیشتنی شەوانە و بەند و گۆرانی لەناو كورددا، دەف و سازی كوردی لە كۆنەوە هەبووە، لە دیاربەكریش زۆر باو بووە و بایەخی پێ دراوە.“

 میرنشینی سۆران (1399– 1835) حكوومەتێكی كوردی بوو، كە لە 1816دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە، دامەزراندنی میرنشینەكە لەلایەن میری سۆران (مووسا كوڕی كەلۆس بەگ) بوو، دواتر لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی میر مستەفا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەكات و بەرەوپێش دەچێت.

میر مستەفا بەگ لە ساڵی 1813 دەسەڵاتی میرایەتی دەداتە دەستی كوڕەكەی خۆی، كە ناوی (میر محەمەد) بووە، زیاتر بە (پاشای گەورەی ڕواندز) ناسراوە، لەو سەردەمدا بەهێزترین فەرمانڕوایی بووە، دەسەڵاتی جگە لە ڕواندز، بەسەر زۆربەی شارەكانی باشووری كوردستاندا هەبووە و لە ساڵی 1835 بە دەستی هێزەكانی عوسمانی لەناو چووە."

 بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، لە سەردەمی میرنشینی سۆران، بایەخ بە هەموو بوارەكان دراوە، دیارە میوزیكیش تایبەتمەندیی خۆی هەبووە لە میرنشینەكە، بەتایبەتیش ئامێری سازی كوردی، تەنانەت ئەو جۆرە ئامێرەی میوزیك. هەروەك ئەولیا چەلەبی باسی لێوە كردووە. لە سۆرانەوە نێردراوەتەوە شاری ئەستەنبۆڵی باكووری كوردستان و لەوێ‌ فرۆشراوە.