دوای پاشا سەرگۆن، دوو کوڕەکەی و کوڕەزاکەی یەك لە دوای یەك بوونە جێگری باوکیان، ڕاستەوخۆ دوای سەرگۆنیش "ریموش" جێگەی گرتووەتەوە.
دەستەڵاتەکەی ریموش تووشی یاخیبوونی ناوخۆ و جەنگی دەرەکی بووەتەوە، هەندێك لە ناوچەکان لێی هەڵگەڕاونەتەوە، بە شەڕ هێناونییەتەوە ژێر فەرمانی خۆی، بەڵام فەرمانڕەوایی ریموش زۆر درێژەی نەکێشاوە، نۆ ساڵ حوکمڕانی کردووە، دەستوپێوەندەکانی خۆی کوشتوویانە.
پاش ریموش براکەی (مانیشتوسوو) چووەتە شوێنی، ئەمیش بە هەمان ڕێبازی جەنگی و ڕامیاری باوك و براکەیدا ڕۆیشتووە، پازدە ساڵ حوکمڕانی کردووە، ئەمیش لە پیلانێکی ناوخۆدا کوژراوە.
دوای مانیشتوسوو کوڕەکەی نارام سین (٢٢٩١ – ٢٢٥٥)ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح جێگەی گرتووەتەوە، ڕاستەوخۆ پاش کوژرانی مانیشتوسوو شۆڕشی جەماوەریی هەرێمی زاگرۆس گەیشتووەتە لووتکە و گەلێك بە توندی بەرپەرچی نارام سینی فەرمانڕەوای نوێی ئەکەدیان دایەوە، کە گشت ناوچەکانی نێوان ئیلام و زابی دەگرتەوە، بەتایبەت دانیشتووانی باکوور و خۆرهەڵات لە ناوچەکانی کرماشان و دەشتەکانی دەوروبەری ئیلام و کوردستان سەرجەم کۆمەك و یارمەتییەکانیان بۆ دەسەڵاتدارییەتی بڕی؛ ئەوەش بۆ ئەو سەردەمەی دەسەڵاتدارییەتی نارام سین کارێکی دژوار بوو.
بەڵام بە توندی ڕووبەڕوویان بووەوە و زۆر بە دڕندانە لێیدان و دایمرکاندنەوە، لە هەڵمەتێکدا توانی هێزەکانی هاوپەیمانی پاشا ساتوونی لۆلۆیی و وڵاتی سیدوری تێك بشکێنێت و سەرکەوتنیان بەسەردا تۆمار بکات؛ سەرکەوتنەکەشی لە دەربەندی گاوری ناوچەی قەرەداغدا نووسییەوە لەسەر شێوەی میلێك کە پێی دەگوترێت "میلی سەرکەوتن"، کە باسی سەرکەوتنیان دەکات بەسەر لۆلۆیی و گوتییەکاندا؛ ئەو راستیانەش لە ساڵی (١٨٩٧ز) لەلایەن زانای شوێنەوارناسی فەڕەنسی (مۆرگان) دۆزرایەوە و ئێستاش لە مۆزەخانەی لۆڤەر پارێزراوە.
تابلۆکە وێنەی نارام سینی لەسەر هەڵکەندراوە، بە جلی جەنگییەوە وەستاوە و تیروکەوانی بە دەستەوەیە و پێی ڕاستی لەسەر سنگی دوژمنێکی داناوە کە لە بەرپێیدا کەوتووە و لە پشتیشییەوە چەندین چیا هەن، گومانی تێدا نییە کە مەبەست لێی چیاکانی زاگرۆس بووە. پاشان لەسەر گردێکی تابلۆکە بە ڕێنووسی بسماری نارام سین باسی لە سەرکەوتنەکەی خۆی کردووە.
پاش سەرکەوتنیان بەسەر لۆلۆییەکاندا؛ لەشکرەکەی بە ئاڕاستەی شانشینی ئورکەش دەبات؛ کە ئەودەم لە چل و پێنجەمین ساڵی پاشا توپکەشی فەرمانڕەوایان بوو، بەڵام لە ترسی بەهێزییان بێت، یان لەبەر هەر هۆیەکی دیکە، لەوێدا نارام سین هێرشەکەی بۆ سەر شانشینی ئورکەش هەڵدەوەشێنێتەوە، دواتر بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئەو نەتەوە کوردییە دێرینە و ئەکەدییەکان لە دەوروبەری ساڵی (٢٢٢٥ پ. ز) پاشا توپکەش خاتوو (تارام – ئاگادە-ی کچی نارام سین) دەخوازێت.
پاش سەرکەوتن بەسەر ئیلامییەکاندا لە شووشی پایتەختیان؛ فەرمانڕەوایەك لەلایەن نارام سینەوە داندرا، زمانی ئەکەدی بەسەر زمانی ئیلامییەکاندا سەپاند و گەلێك ناوی گۆڕی، بەڵام ئیلامییەکان فەرهەنگی نەتەوەیی خۆیان نەگۆڕی و بەردەوام لە شۆڕشدا بوون.
نارام سین لە ماوەی دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایەتی لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەیدا چەند دابێکی ڕامیاری و ئایینی نوێی هێنایە کایەوە، بۆ نموونە:
١- ناوی لە خۆی ناوە شای چوار لای زەوی، بەپێی تێگەیشتنی ئەو سەردەمە گشت گێتی بووە، لەوەو پێش تەنها دەیانگوت پاشای سومێر، یاخود پاشای سومێر و ئەکەد، نارام سین لەگەڵ ئەو نازناوانەشدا ئەو ناوە نوێیەی خستووەوە سەر نامە و نووسینەکانی.
٢- خۆی بردووەتە ڕیزی خوداوەندەکان؛ لە نووسینەکانیدا نیشانەی خوداوەندییەتی لەگەڵ ناوی خۆیدا بەکار هێناوە.
لە نەخش و پەیکەرەکانیدا کڵاوی دووشاخی کردووەتە سەری، لەوەوپێش هیچ کام لە پاشاکانی سومێر و ئەکەد خۆیان بە خودا نەناساندووە، زۆرینەکەی خۆیان بە بریکار، یاخود نوێنەری خودا داناوە، بەناوی ئەوانەوە فەرمانڕەواییان کردووە، بەڵام نارام سین خۆی بە خوداوەند ڕاگەیاندووە، ئەمەش جۆرێكی دەرچوون بووە لە نەریتی ئایینی بڵاوی ئەو سەردەمە و بە کوفر دانراوە، ئەمەش بە یەکێك لە هۆکارەکانی ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتەکەی داندراوە.
پاشا سەرجۆنی باپیری پەلاماری شاری ئیکوری داوە و پەرستگای مەزنی ئینلیلی وێران کردووە، بەوەش گوایا مەردوخی خوداوەندی تووڕە کردووە. سەرەنجام کە ئیمپڕاتۆرییەتی ئەکەد تێكشکاوە؛ تێكشکانەکەیان گێڕاوەتەوە بۆ ئەو تووڕەییەی کە مەردوخی خوداوەند لێی هەڵگرتووە، لە سۆنگەی پەلاماردانی شارەکە و ڕووخاندنی پەرستگاکانی؛ ئەکەدی پایتەختی نارام سین کەوتووەتە بەر نەفرینی خوداوەندەکان و وێران بووە. بەو بۆنەیەوە ئەفسانەیەکیان هۆنیوەتەوە کە نەفرەت لە ئەکەد دەکات! لە بەشێکی ئەم شیوەنەدا کە بۆ ئەم مەبەستە داندراوە بەناوی "نەفرەتی ئەکەد" دەڵێت:
"ئەی شار! تۆ ئەوەی پڕکێشیت کرد؛ هێرش بکەیتە سەر ئیکور، ئەی ئەوەی ڕووبەڕووی ئینلیل بوویتەوە! ئەی ئەکەد! ئەی ئەوەی پڕکێشیت کرد پەلاماری ئیکور بدەیت، ئەی ئەوەی ڕووبەڕووی ئینلیل بوویتەوە، خۆزگە کێڵگەکانت خۆڵیان لەسەر کەڵەکە دەبوو، خۆزگە خشتە کاڵەکانت لە ئاودا دەخوسان، خۆزگە خشتە کاڵەکانت خودا ئینکی نەفرەتی لێ دەکردن، خۆزگە درەختەکانت دەگەڕانەوە دارستانەکان، خۆزگە هاوسەرەکەت لە باتی گا سەربڕاوەکان سەر ببڕدرایە، خۆزگە منداڵەکانت لە باتی کاوڕە سەربڕاوەکان سەر ببڕدرانایە، هەژارەکانت خۆزگە ببرانایە، منداڵەکانیان و خۆشەویستەکانیان نقوم بکرانایە، ئەی ئەکەد! خۆزگە کۆشکەکەت کە بە دڵی خۆشەوە بنیاد نراوە دەبووه کەلاوەیەك و دڵتەنگیی دەهێنا، لەو شوێنانی کە ئایین و نەریتەکانی لێ بەجێ دەهێنیت، خۆزگە ڕێوی لە کەلاوەکانیدا کلکی ڕابووەشاندایە. خۆزگە شوێنی ڕاکێشانی بەلەمەکانت جگە لە گژوگیای خراپ هیچی کەی لێ نەڕوایە، خۆزگە لەسەر ڕێی عەرەبانەکانت جگە لە گیای گریان هیچی کە نەڕوایە.
سەرەڕای ئەمانەش خۆزگە بە سەر ڕێی بەلەم و شۆستەکانیدا کەس بە هۆی سخولی دڕندەوە، کرم و مار و دووپشکی شاخەوە نەڕۆیشتایە، خۆزگە دەشتەکانت کە گژوگیای دڵخۆشکەریان لێ دەڕوا، زەلی گریانی لێ بڕوایە، ئەی ئەکەد! لە جیاتی ئاوی شیرینی ڕەوان، خۆزگە ئاوی شۆری لێ بڕۆیشتایە، ئەوەی بڵێ دەمهەوێت لەو شارە نیشتەجێ ببم جێیەکی باشی نیشتەجێبوونی لێ دەست نەکەوێت، ئەوەی بڵێ لە ئەکەد دەنووم شوێنێکی باشی نووستنی لێ دەست نەکەوێت."
دەسەڵاتی نارام سین لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا وەکوو ئەفسانە و لاوژەکانی ئەو سەردەمە دەیگێڕنەوە، چەند جارێك کەوتووەتە بەر هێرشی گەلانی دراوسێ، لەوانە: (ئامووری، ئیلامی، گوتی).
٨. کۆتایی ئەکەد:
ئیدی لە کۆتایی دەسەڵاتی نارام سین و پاش کۆچی دوایی کردنیشی کە کوڕەزاکەی بەناوی شار کاڵیشاری هاتە سەر دەسەڵات؛ ئەکەدییەکان دووچاری هێرش و پەلامار و یاخیبوونێکی فراوان بوونەوە؛ بەتایبەت لە نەتەوە زاگرۆسییەکانەوە.
پوزۆر ئاینشوشی ناکی ئیلامی کە یەکێکە لەوانەی بایەخی بە ئاوەدانکردنەوەی ئیلام داوە، لەلایەن گەلەکەیەوە گەلێك ڕێزی لێ گیراو و خۆشەویست بووە، پاش مردنی نارام سین، پوزۆر ئاینشوشی ناك سەربەخۆیی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەش لەشکرکێشی کردە سەر بابل؛ هەر چەندە پێی نەگیرا.
هەروەها پاش شکستەکەیان دواتر لۆلۆییەکان لەسەردەمی پاشا ئانۆبانینی سەرداریان سەرکەوتنیان بەسەر ئەکەدییەکاندا تۆمار کردووەتەوە و سەرکەوتنەکەشیان لە میلێك تۆمار کردووە لە شاری سەرپیلی زەهاو، ئەم وێنەیەی پاشا بە جۆرێك دەردەکەوێت کە کڵاوێکی خڕی لەسەردایە و ڕیشێکی درێژی چوارگۆشەیی هەیە، بەرگێکی کورتیشی لەبەردایە، کەوانێکی بە دەستەوەیە و بە دەستێکی دیکەی تەورێك، پێی خۆی لەسەر دوژمنێك داناوە کە لەسەر زەوی کەوتووە، بەرامبەر بە "ربة النوع"ـی خوداوەندی چەشنی نی نی وەستاوە بە کڵاوێکی درێژ و بەرگێکی ڕیشووەدار، کە هەتاوەکوو پێی هاتووە. ئەو دەستێکی بۆ پاشا ڕاکێشاوە و لە خواریشەوە شەش دیلی دیکە بە یەکەوە بەستراونەتەوە، گشتیان دەستیان بە دوو بەن شەتەك دراوە، لە خواریشەوە شەش دیلەکە دەستیان لە پشتەوە بەستراوە. نووسینەکە بە زمانی ئەکەدی نووسراوە.
بەڵام هیچ هێرشێکیان وەکوو هێرشی گوتییەکان نەبوو!
گوتییەکان لە ناوچەی باشووری شارەزووردا ژیاون، لەنێوان ڕووباری زابی بچووك و سیرواندا، شاری "ئاراپخا – کەرکووکی ئێستا" پایتەختیان بووە، بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان لە سێ هەزار و دوو هەزاری پێش لەدایکبوونی مەسیحدا لەو ناوچانەدا ژیاون. لە سەردەمی دەستەڵاتی دوا پاشای ئەکەدی پاشا شار کاڵیشاری ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر لەنێوان ئەکەدی و گۆتییەکاندا ڕووی داوە. لەو سەردەمەدا بووە کە هەتاوەکوو شارەزوور هاتوون و شار کاڵیشاری بەریان پێ دەگرێت و ڕێی زیادەڕەوی لێ گرتن کە لەوە زیاتر فراوانخوازی نەکەن!
بەڵام دواتر هێزەکانی گوتی گشتیان جەم دەبنەوە و لەژێر فەرمانی (پاشا ئنرید ئوزیر) هێز جەم دەکەنەوە و لە ساڵی (٢٢٠١)ـی پێش زایین، هێزەکانی ئەکەد لەناو دەبەن و وڵاتەکەیان داگیر دەکەن و گشت ناوچەکانی میسۆپۆتامیا بۆ ماوەی ١٢٥ ساڵ و ٤٠ ڕۆژ لەژێر دەسەڵاتی گوتییەکاندا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
١- ویل دۆرانت، مێژووی شارستانیەت، خۆرهەڵات لانکەی شارستانیەت، و: عەبدوڵڵای ڕەسوڵی، چ١، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١١ز.
٢- نەوشێروان مستەفا ئەمین، بە دەم رێگاوە گوڵچنین، چ1، الدار العربیة للعلوم ناشرون، بیروت.
٣- هورمزی بیگلەری، چیانشینانی زاگرۆس، وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمەی حەمە سەعید، چ٣، بڵاوکراوەی کتێبخانەی هەژار موکریانی، چاپخانەی تاران، جنگڵ، 2019ز.
٤- عەبدوڵڵا قەرەداغی "مەلا عەلی"، کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، چ1، چاپەمەنی کارۆخ، 2008ز.
٥- ئاکۆ محەمەد میرزادەیی، مێژووی دێرینی کورد، چ٢، نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٢٠ز.