ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری کورد (ئیبراهیم عەلیپوور) بە پڕۆژەی فۆتۆگرافی بەڵگەنامەیی "فیشەکەکان سنوورێ ناناسن"، خەڵاتی فۆتۆی ڕۆژنامەوانیی جیهانیی (World Press Photo) ساڵی 2025ی بەدەست هێنا. ئەم کۆمەڵە فۆتۆیە لەلایەن دادوەرەکانی بەشی پڕۆژە درێژخایەنەکان و ناوچەی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست و باشووری ئاسیا بووەتە جێی سەرنج و ناسین.
کۆمەڵەفۆتۆی وێنەکانی عەلیپوور لەنێوان زیاتر لە 59 هەزار وتاردا هەڵبژێردرنا، کە لەلایەن 3778 فۆتۆگرافەر لە 141 وڵاتەوە لەلایەن دەستەی دادوەران، کە پێکهاتبوون لە لۆرا بوشناک (فەلەستین)، ئەنوش بابانیان (ئەرمەنستان)، ئینسیا سید (پاکستان)، سۆریم فۆرکۆی (ڕۆمانیا) و زیشان ئەی لەتیف (هیندستان) هەڵبژێردرا.
ئەم پرۆژەیە، کە زیاتر لە دە ساڵە کاری لەسەر کراوە، ژیانی سەختی کۆڵبەرەکان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پیشان دەدات، ئەو کەسانەی کە بەهۆی سنووردارکردنی ئابووری و سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، کەلوپەلی وەک کەرەستەی ناوماڵ، مۆبایل و جلوبەرگ لە عێراق و تورکیەوە دەگوازنەوە بۆ ئێران. کۆڵبارەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی دەبنەوە، لەوانە بارودۆخی سروشتی سەخت، برینداربوونی جەستەیی و مەترسیی تەقەکردن لەلایەن هێزە چەكدارەكانی سەر سنوورەکان.
لێژنەی دادوەریی پێشبڕکێکە کۆمەڵە وێنەکانی عەلیپووریان بە "گێڕانەوەیەکی دەگمەن و قووڵ لە کاریگەرییە ئاڵۆزەکانی سزا ئابوورییەکان" وەسف کرد و ستایشی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەویان کرد بۆ گرتنی ئەم چیرۆکە.
ئیبراهیم عەلیپوور، لەدایکبووی ساڵی 1990 لە شاری بانە، فۆتۆگرافەرێکی دیکۆمێنتاریی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و بەرهەمەکانی لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاو کراونەتەوە و خەڵاتی بەناوبانگی بەدەست هێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی کان (2023) و خەڵاتی باشترین وێنەی ساڵی ئاسیا (2024)










