هونه‌رمه‌ند (ئاسۆ نووری سه‌لیم)، خاوه‌نی ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له بواری شانۆ و درامای كوردیدا، وه‌كوو (ده‌رهێنه‌ر، ئه‌كته‌ر، سینۆگرافه‌ر) له ماوه‌ی زیاد له 40 ساڵی ته‌مه‌نی هونه‌رییدا، ده‌یان به‌رهه‌می له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێشكه‌ش كردووه، سه‌ره‌ڕای نمایشكردنی چه‌ندین كاری دراما، توانیویه‌تی كاریگه‌ری و نه‌خشی خۆی له‌سه‌ر رووبه‌ری هونه‌ری كوردی دابنێت، له‌م دیدارەدا لەگەڵ (باسكورد)، چه‌ند بابه‌تێكمان له بواری ره‌وشی شانۆ و درامای كوردی له‌گه‌ڵدا گه‌نگه‌شه كرد.
(باسکورد) ده‌كرێ بزانین ئاسۆ نووری كێیه و كه‌ی به دنیای هونه‌ر ئاشنا بوو؟
ئاسۆ نووری: من ئاسۆ نووری سه‌لیم، هاتنم بۆ ناو دونیای هونه‌ر، به‌تایبه‌ت شانۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی (1980)كان، زیاتر لە سی و پێنچ ساڵە به‌رده‌وام هه‌موو ساڵێك بە كاری شانۆ به‌شداریی فێستیڤاڵی كوردستان و نێودەوڵەتیم كردووه، به‌شانازییه‌وه خاوه‌نی پێنچ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر، دوو خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌رم وه‌رگرتووه، له‌لایه‌ن وه‌زیری ڕۆشنبیری و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی هونه‌ری شانۆی سلێمانی خه‌ڵاتی زێڕینی شانۆم پێ به‌خشرا .
(باسكورد): یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت له بواری كاری هونه‌ری دراما و شانۆ بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ئاسۆ نووری: به‌عه‌شقه‌وه چوومه ناو بواره هونه‌ریه‌كه، تائێستاش عاشقێكی سه‌رسه‌ختم بۆ شانۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكی هه‌موو هونه‌ره‌كانه و یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم له ساڵی 1986 لەگەڵ شانۆی (ئه‌حه شێت) بوو کە یه‌كێك بوو له‌و كارانه‌م كه سه‌ره‌تایه‌كی باشبوو، دواتر شانۆگه‌ریی بۆیاخچی، شانۆی من مر‌ۆڤم، له‌ماوه‌ی ئه‌و ده ساڵه‌ی سه‌ره‌تای كاركردنم توانیم باشترین خه‌ڵاتی گه‌نجترین ئه‌كته‌ری شانۆی عێراقی وه‌ربگرم، تا گه‌یشتمه شاكاره‌كانی مامۆستای مه‌زن، ئه‌و مامۆستایه‌ی لێی فێری ئه‌لف و بێ بووم، ئه‌ویش مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار، كه به شانۆگه‌ریی دڵارانی باران، ئه‌ویش ده‌رگایه‌كی دیكه‌ی كاره‌كانم بوو.
(باسکورد): ئه‌گه‌ر به‌نێو كاره‌كانتدا گوزه‌ر بكه‌ین، ده‌بینین هونه‌ری شانۆ له‌چاو كاری نواندنی شاشه زیاتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
ئاسۆ نووری: وه‌ك له سه‌ره‌تا تیشكم خسته سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانم زیاد له 40 ساڵی ته‌مه‌نی هونه‌ری، خاوه‌نی 55 كاری شانۆیم لەگەڵ فیلمی درێژ و كورته‌فیلم و چه‌ند درامایه‌ك، بێ گومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆحی من له‌گه‌ڵ شانۆ زۆر یه‌كانگیره، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو نواندنه‌كانم ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بینه‌ردا بن، بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتاك بكه‌م.
(باسکورد): پێشوازیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له ئاست كار و پڕۆژه هونه‌رییه‌كان چۆن ده‌بینن؟
ئاسۆ نووری: ڕه‌نگه به پێی پێویست وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئاوڕی له هونه‌رمه‌ندان نه‌دابێته‌وه، كه ئه‌مه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ به‌رپرسانی ناو وه‌زاره‌ت، هیوادارین ئاگایان له كار و پڕۆژه هونه‌رییه‌كان بێت و خزمه‌تی هونه‌ره‌كه بكه‌ن، چونكه له هه‌موو دونیادا هونه‌ر و وه‌رزش ناسنامه‌ی گه‌لێكن، بۆیه گرنگه هیچ نه‌بێت له ڕێگای هونه‌ره‌كه‌مانه‌وه، بتوانین كولتوور و ئازاری گەلەكەمان به جیهان بناسێنین. من بۆ خۆم له‌م ساڵانه‌ی دوای به‌شداریی فێستیڤاڵی فه‌جرم كرد له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان کە یه‌كێك بوو له فێستیڤاڵه هه‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كانی دونیا، كه به‌نده به‌شدار بووم و به دوو خه‌ڵات گه‌ڕامه‌وه، به‌داخه‌وه هه‌موو خه‌رجیی چوون و هاتنه‌وه‌م له‌سه‌ر گیرفانی خۆم بووه، بۆیه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نه‌ك هه‌ر هاوكاری نه‌كردووم، بگره له گه‌ڕانه‌وه‌شم كه دوو خه‌ڵاتم بۆ كوردستانه‌كه‌م هێنابووه‌وە، پێشوازی نه‌كرام، بۆیه وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌سه‌رئاستی هه‌موو هونه‌ره‌كان نه‌یتوانیوه هاوكارمان بێت، ئه‌گه‌ر بچیت هاوپیشه‌كانم بدوێنی هەر ئه‌م وه‌ڵامه‌ی منیان پێیه.
(باسکورد): تا چه‌ند په‌پمانگای هونه‌ره جوانه‌كان توانیویه‌تی گۆڕەپانی هونه‌ری شانۆ و دراما ده‌وڵه‌مه‌ند بكات؟
ئاسۆ نووری: په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له‌لام، له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵانه كۆمه‌ڵێ گه‌نجی به‌توانا پی ده‌گه‌یەنێت، ئه‌و كەسانه‌ی كارم له‌گه‌ڵ كردوون ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانن، بۆیه جێگای شانازین.
(باسکورد): تاچه‌ند گه‌شبینی به زیندووبوونه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی شانۆ به ڕووی بینه‌ر؟
ئاسۆ نووری: ئه‌م چوار ساڵه‌ی كۆتایی باشتر كاری شانۆ به‌ڕێوه ده‌چن، راسته له وڵاتانی دیكه هۆڵی شانۆمان كه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رهه‌می شانۆشمان كه‌مه، كه ئه‌مه دوو لایه‌نه نه‌بینه‌ری به‌رفراوان‌مان هه‌یه و نه ڕێگه‌ش خۆش كراوه تا زیاتر بره‌وه به شانۆ بدرێ.