کورتە فیلمی "شاخ گوزن - شاخی ئاسکە کێوی - Deer Antlers " لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری ئیلامی (سەعید بەهمەن)، چووەتە بەشی پێشبڕکێی چواردەیەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی شاری تێراسا لە ئیسپانیا و یەکەم نمایشی فەرمی فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکەدا بوو.
فیلمی "شاخی ئاسکە کێوی" فیلمێکی ١٥ خولەکییە، بە بەکارهێنانی تەکنیکی بەرز و وێنەگرتنی بە کامێرای دەستی دروست کراوە، هەروەها لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و ناوەرۆکەوە کوالێتی بەرزی هەیە. دیالۆگی ئایرۆنی و قووڵ لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم بەرهەمەن. شێوازی ناوازەی فیلمەکە سەرنجی دەستەی دادوەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و بەشێک لە ڕەخنەگران دەڵێن بەرهەمەکانی میشێل ئەنتۆنیۆنی سینەماکاری دیاری ئیتاڵی دەهێنێتەوە یاد.
سەعید ئیسماعیل بەیگی کە ناوە خوازراو و هونەرییەکەی سەعید بەهمەنە، ساڵی ١٩٩١ لە شاری ئیلام لەدایک بووە و خولی سینەمای لە کۆمەڵەی سینەمای لاوانی ئێران تەواو کردووە، بە دروستکردنی کورتە فیلم دەستی بە کاری هونەری کردووە و چەندین بەرهەمی هەیە. کورتە فیلمەکانی بریتین لە: "پەنجەرەیەک بۆ شەیتان" (٢٠٢٣)، "سووراوی شین" (٢٠٢٣)، "وۆڵفانگ" (٢٠٢٣)، "قاوە، جگەرە و خۆشەویستی" (٢٠٢٤)، "کاغذ مچالە" (٢٠٢٤).
سەعید بەهمەن لە بواری نووسینیشدا چالاکە، چەند نووسینێکی هەیە وەک "بەختەوەرترین خەمناکترین کچ لە جیهاندا"، "من ئەهریمەنێکم" و "جیهانی زەیتوون". بە تێکەڵکردنی ئەزموونە سینەمایی و ئەدەبییەکان، بەرهەمگەلێک دروست دەکات کە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکان و ڕوانگەی هونەریی خۆی بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانە.






