قادر سەیاحی... ئەو هونەرمەندەی كاسێتەكەی خۆی بە ناوێکی دیكە پێی فرۆشراوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

قادر سەیاحی... ئەو هونەرمەندەی كاسێتەكەی خۆی بە ناوێکی دیكە پێی فرۆشراوە

 قادر سەیاحی، کوڕی محێدین سەیاحی، لە ساڵی 1941 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. ئەم کەسایەتییە ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ و ژەنیارێکی ناوداری کورد بووە، ناوبانگی سەیاحی زۆرتر بەھۆی بەرھەمەکانییەوە بووە، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی گۆرانیبێژانی کورد بەرھەمی ئەویان گوتووەتەوە، ئەگەرچی زۆربەی جاران ھیچ ئاماژەیەک بە ناوی خاوەن بەرھەم، واتە قادر سەیاحی نەکراوە.

 بە وتەی زۆربەی مۆسیقاژەنەکانی کورد، قادر سەیاحی جیاوازییەکی تایبەتی لەگەڵ ھەموو ھونەرمەندانی ئاوازدانەری سەردەمی خۆی ھەبووە.

 لە باشووری کوردستانیش قادر سەیاحی بەھۆی ھەڵەیەک لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، ھەتا ساڵانی زۆر دواتر بە (سەعید قەندی) ناوبانگی دەرکردووە و ناوی ڕاستەقینەی خۆی لەسەر كاسێتەكانی نەنووسراوە.

 خۆی باسی لەوە کردووە، لە گەشتێکی بۆ باشوور لە ساڵانی سەرەتای ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، لە ستۆدیۆیەکی ھەولێر، كاسێتەكەی خۆی بە ناوی سەعید قەندی پێی فرۆشراوە، کە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی.

 قادر سەیاحی، پەروەردەی سەرەتایی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لە قۆناغی منداڵیدا، ئەگەرچی لە بنەماڵەیەکی زۆر دیندار و مەزهەبییش بووە، بەڵام بەھۆی دەنگی لاواندنەوە و حەز و بەھرەیەکی سەرسووڕهێنەر لە مۆسیقا، لە ھەر دەرفەتێک و لە کاتی تەنیابووندا، وەك خۆی گێڕاویتییەوە، بە دەفەی تایبەت بە زیکر، گۆرانیی ئەویندارانەی گوتووە.

 كەشی مەزھەبیی ناو بنەماڵە و تواناكانی مەھابادی ئەو سەردەم بۆ پەروەردەکردنی بەھرەی ھونەریی سەیاحیی گەنج بەس نەبووە، ھەر بۆیە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، ڕێگای تارانی گرتووەتە بەر و پاشان ژووردیبلۆمی مۆسیقی لە ھونەرستان وەرگرتووە، ئینجا وەکوو مامۆستای مۆسیقای سوپای زانست (سپاە دانش) و دواتر وەک سەرۆک و سەرپەرشتیاری ئۆرکێسترای (یانەی ئەفسەرانی ورمێ) دامەزراوە و وەک کاربەدەست تاوەكوو ساڵی 1978 لەسەر کاری خۆی بەردەوام بووە.

 وەکوو ئامێری مۆسیقاش، سەرەتا چەند ساڵ تەنیا ساکسفۆن ئاڵتۆی ژەندووە، بەڵام دواتر بە لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵی پسپۆڕانە، بۆ ماوەیەک ئامێری کلارنێت ھەڵدەبژێرێت و تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی ھونەری تەنیا کلارنێت دەژەنێت.

 ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی 79 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی کردووە و لە شاری مەهاباد بە خاک سپێردراوە.