کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) لە دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵێوە و ڕۆستەم خامۆش، چاپی دووەمی کەوتە بازاڕ.
کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتن لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان، چونکە لەم کتێبەدا، ئاوڕ لە (ئەدەب، هونەر، پەروەردە، دەروونزانی، کۆمەڵناسی، ڕۆشنبیری و مافی منداڵان) دراوەتەوە، بەڵام ئەدەب و هونەر پشکی زیاتر و سەرەکییان بەر کەوتووە، لە ئەدەب و هونەریشدا، ئەدەب زیاتر گرنگیی پێ دراوە و بووە بە چەقی مەبەست و بابەتی سەرەکی، بۆیە ئەم کتێبە کۆکراوەیەکی پڕ لە زانیارییە لە هەموو لایەن و بوارەکانی تایبەت بە منداڵان.
لە چاپی دووەمدا، کە (٨٤٩) لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا (٢٢) تەوەری جۆراجۆر لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان لەخۆدەگرێ.
لە بەشی دووەمدا (٦٠) کەس لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا كراوە.
لە بەشی سێیەمیشدا چەندان بابەت و ڕا و بۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان خراونەتە ڕوو، لەگەڵ کۆمەڵێک وتار و پەیڤ و وتەی جوان و بەنرخ لەبارەی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان.
لە هەر سێ بەشەکەدا، دید و بۆچوون و دنیابینیی (١٤٧) شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم کتێبەدا بەرچاو دەکەون، کە پێکهاتووە لە (١٨٨) بابەت و لێدوان و چاوپێکەوتن.

