بەشی پێنجەم و کۆتایی
٩- زمان و کولتووری ئەکەدی:
بەهێزبوونی ئەکەدییەکان بووە هۆکاری سەرەتای پاشەکشەی زمانی سومێری، یاخود ئاخاوتن بە زمانی سومێری! ئەم پاشەکشەیە هەر لە ڕووی دەستەڵات و جەستەییەوە ڕاستە، دەنا پێگەی زمان و ئایین و شارستانییەتی سومێری هێشتا وەکوو جاران، بگرە بەهێزتریش بووە. زمانی ئایینیی بێ ڕکابەر هەر سومێری بوو، پاشا سەرگۆنی ئەکەدی بە هەردوو زمانی ئەکەدی و سومێری نووسینی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە، بەڵام دیارە بەدەر لەو لایەنانەی باسمان کرد، گۆکارانی سومێری کەمتر بوونەتەوە، بەڵام هەر ئەمەش ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشی بۆ بەجێ هێشتووین، کە بووە فەرهەنگێکی پڕ بایەخی دووڕئاسای گێتی، ئەویش دەرکەوتنی یەکەمین نووسەر وێژەیی و یەکەمین نووسراوی وێژە بوو لەو ئیمپڕاتۆرییەتەدا! گرنگیی ئەم ڕووداوە لە سێ خاڵدا بووە:
1 - نووسەرەکە ژن بووە.
2 - نووسەرەکە بە سومێری نووسیوییەتی، کەچی زمانی زگماکیی خۆی ئەکەدی بووە.
3 - ئەو ژنە شازادە بووە!
4 - ئەویش (ئێنهێدوەننای کچی پاشا سەرگۆنی ئەکەد)ی بوو! کە پێویستبوو وەکوو (ئێنتوو- ڕەبەن)ـێك خەریکی کاروباری پەرستگا بێت، نووسراوەکانیشی نزا و پاڕانەوەن بۆ ماخودای جوان (ئیننانا)، کە هەندێك لە دەقەکان دێرینترن و ئەو بۆمانی پاراستوون.
5 - نووسینی ئەکەدییەکان بە نووسینی مێخی (ئەکەدی/ بابلی) بووە، تەمەنی نووسینەکەش دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری (٢٣٣٤)ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح، ئەمەش گەشەی کردووە لە نووسینی مێخی (ئەکەدی/ بابلی) بۆ ئیلامی و پاشان شێوەیەکی دروستی وەرگرتووە، کە تەواو بە مێخی وێنا بکرێت.
6 - هەروەها چەند ناوێکی ئەکەدی بڵاو بوونەوە، کە دواتر ڕەنگدانەوەیان لە ناوچەکەدا هەبوو، وەکوو وشەی (ئاداد) کە واتای پاشای دەگەیاند، هەروەها بشبووە ناوی خوداوەندی بەهێزی بابلی و ئاسووری، لەلای بابلی و ئاسووری و سومێرییەکانیش بۆ خودای با و باران بەکار دەهات.
7 - لە ڕوانگەی خوداوەندەکانیشەوە، ئەکەدییەکان لەگەڵ ڕۆمانییەکاندا گەلێك لێك نزیکن، کاتێك ئەکەد دێتە خاکی سومێر و ڕۆمانیش دێتە خاکی گریکەوە، بۆ نموونە، خوداوەنەکانی (ئەفرۆدەیت بۆ ڤینۆس، ئاریس بۆ مارس، زیۆس بۆ ژوپیتێر و ...هتد) لە گریکییەوە بۆ لاتینی و ڕۆمانی گۆڕان، تەنانەت هەندێکیان وەکوو (ئاتڵاس ئیورۆس) هەروەکوو خۆیان بەبێ گۆڕان مانەوە، بە هەمان جۆر ئەکەدییەکانیش سوودیان لەم پیرۆزییانەی سومێر وەرگرت!
8 - بۆ نموونە، خوداوەندی ڕاوچی، کە لەتەنیشت شێرێکدا وەستاوە، دەموچاوی بەتەواوی دیارە، تیروکەوانێکی لە شان کردووە و پۆشاکێکی شۆڕی لەبەر کردووە، کە لایەکی ڕانی دەرکەوتووە و کەوانەی بەلای شانییەوە دیارە. ئیشتار، کە بە سومێری ئینانایە؛ لەتەنیشت خوداوەندی ڕاوچی، لەسەر بەرزاییەك وەستاوە، کە دارێکی ڕواو دەکەوێتە تەنیشتییەوە، ئیشتار باڵی بۆ هەڵفڕین هەیە، لەلای هەردوو شانیدا دیارە، کە وەك کەسێکی جەنگاوەر خۆی چەکدار کردووە، شتێکی بەدەستەوە گرتووە، کە بەسەر سەری خوداوەندی خۆرەوە گرتوویەتی و ئەو پۆشاکێکی شۆڕی لەبەر کردووە، ئەمە سەبارەت بە شاماش (ئوتوی سومێری) و ئیا (ئەنکی سومێری) و ئەسیمودیشەوە هەر ڕاستە.
سەرچاوەکان:
ئاکۆ محەمەد میرزادەیی: -مێژووی دێرینی کورد، چ٢، نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٢٠ز.
- شاسوار هەرشەمیی. -مێژووی ئارامییەکان لە کوردستاندا (حەرانیی، جو، سریانی، ئاسووری، کلدانی)، چ٢، ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمال ڕۆژبەیانی، چاپخانەی تاران، سلێمانی، ٢٠١٨ز.
-ئاوڕێک لە زمانی سومێری، شاسوار هەرشەمی، بڵاوکراوەی ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی، چاپخانەی تاران، سلێمانی، ٢٠١٨ز.
-ئۆڤید. -میتامۆرفۆس, و: بەیان سەلمان, چ1، چاپخانەی ئەندێشە، سلێمانی، 2018ز.



