سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری لە ئیلام ڕایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ڕەنگە لە بناری شاخی کەبیر (کبیرکوە)ی ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، کانگا ونبووەکانی ئەخمینیەکان دۆزرابنەوە.
لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان، ئەگەری دۆزینەوەی کانگاکانی ئەخمینییەکان لەو ناوچەیەدا، سەرۆکی دامەزراوەکە باسی لەوە کرد، ئەم کانگایانە سەرچاوەی سەرەکیی ئەو بەردانە بوون، کە لە دروستکردنی کۆشکی داریوشی گەورە لە شاری کۆنی (شووش) بەکار هێنراون، ئەگەر ئەم دۆزینەوە پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ڕابردوودا.
ئەم گریمانە ناوازەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن محەمەد حەیدەری، مامۆستایەکی ئابدانانی پێشنیار کرا و لەگەڵ هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی لوقمان ئەحمەدزادە شۆهانی، شوێنەوارناس لە شوێنی میراتی جیهانی (شووش) بوو، بەمپێیە تیمی توێژینەوەکە بە سەرپەرشتیی پەیمانگای توێژینەوەی شوێنەواریی دامەزراوەی توێژینەوەی میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری، سەرکەوتوو بوو لە دەستنیشانکردنی پێکهاتە و پاشماوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی کانگاکانی ئەخمینییەکان.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بە نووسراوی یادەوەریی بناغەی کۆشکی ئابادانا لە شاری شووش کرد، کە لەم نووسراوەدا داریوشی گەورە ئاماژەی بەو شوێنە کردووە، کە ئەو بەردانەی لەم کۆشکەدا بەکارهێنراون، بە (ئەبیرادۆش) ئاماژەی پێکردووە، بەڵام شوێنی وردی ئەم کانگایە تا ئێستا نادیار بووە، بە دۆزینەوەی ئەو کانگایانە لە بناری (کبیر کوە) شاخی کبیر لە ئابدانان لە ئیلام، دەتوانێت ئەو نهێنییە مێژووییە دوو هەزار ساڵە چارەسەر بکات.
زارعی، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری لە ئیلام باسی لەوەیش کرد، ئەم دۆزینەوەیە نەک هەر پەنجەرەیەکی نوێ بۆ پرۆسەکانی بیناسازی و دابینکردنی کەرەستە لە ئیمپراتۆریەتی ئەخمینییەکاندا دەکاتەوە، بەڵکوو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە و تەکنەلۆژیای بەردسازیی سەردەمی کۆن.
گوتیشی: "ئەگەری گواستنەوەی ئەو بەردانە لە ئابدانانەوە بۆ شووش تێکەڵەیەک بوو لە ڕێگاکانی شاخ و ڕێڕەوی ئاوی لە ڕێگەی ڕووباری کەرخەوە، کە مەودای نێوان ئەو کانگانە و شووش نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتر مەزەندە دەکرێت."
زارعی هیوای خواست ئەم دۆزینەوە و لێکۆڵینەوانە هەنگاوێکی گەورە بن بۆ تێگەیشتن لە تەکنەلۆجیای تەلارسازی و بیناسازی لە سەردەمی ئەخمینییەکاندا، بەڵکوو بتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ تۆمارکردنی جیهانیی ئەو کانانە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆ و پەرەپێدانی بەردەوامی گەشتیاری زانستی و کولتووری لە ناوچەی زاگرۆسی ناوەڕاست.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر دواجار ئەم دۆزینەوەیە پشتڕاست بکرێتەوە، کە پەیوەندیی بە "ئەبیرادۆش"ەوە هەیە، دەتوانێت هاوتای دۆزینەوەی کانی مەڕمەڕ بێت لە ئەسینا بۆ دروستکردنی پارتینۆن لە مێژووی تەلارسازی جیهانیدا.