شاعیری گەورە و ناسراوی كورد (صافی) سافی هیرانی، جگە لە زمانی شرینی كوردی، شیعر و هۆنراوەی بە چەندین زمانی دیكە نووسیوە.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك، تائێستا پارێزگاریی لە دەستنووس و ئەدەبیاتی كراوە، یەكێك لە بەرهەمەكانیشی بریتییە لە دەستنووسی شیعرێكی مێژوویی، كە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
یاری خۆم لێ زیزە بۆیە حەز لە مەرگی نەو دەكەم
شەو كە بێهۆشم لەتاوی وا مەزانە خەو دەكەم
بۆ شكاری مورغی وەحشی نەك هەڵۆ و شاهینم
عەشقی چاوی بازی خۆمم بۆیە ڕاوی كەو دەكەم
رۆژ بەیادی ڕووی هەتا هێوارە هەر هاوارمە
شەو بە فیكری زولفی تا سبحەینێ سوحبەت لەو دەكەم
لەو دڵارامە بپرسن وا دڵ ئارامی نەما
جارێكی چارێكی دەردم كا دەخالەت بەو دەكەم
گوێم لە ساز و عوود و نەی، چاوم لە ساقی و بادەیە
خادیمی پیری موغانم بۆیە وا پەیڕەو دەكەم
سەرف و سوودی نەقدی دڵ لەو عالەمە بێمایەیە
تا بەكەی بێفایدە سەرفی گەنجی كەیخوسرەو دەكەم
سافییا كافیمە بۆ دونیا و قیامەت یاری خۆم
چم لە باسی عالەمە هەر زیكری ناوی ئەو دەكەم
شاعیری كورد مستەفای كوڕی عەبدوڵایە ناسراو بە (سافی هیرانی) لە ساڵی 1873ی زایینی لە گوندی هیران سەر بە قەزای شەقڵاوە لە دایك بووە و لە ڕێکەوتی 12/2/1942 كۆچی دوایی كردووە.
سافی هۆنراوەی بە هەر چوار زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی نووسیوە، سەرەتا خوێندنی ئایینی لای كاك عبدوڵای باوكی دەست پێكردووە، لە پاشان كە پلەی خوێندنی بەرز بووەتەوە، ڕۆیشتووە بۆ شار و شارۆچكە و گوندەكانی (كۆیە، هەولێر، ڕواندز و سەران) لە لای كەسانی وەك مەلا ئەحمەدی ڕەش و مەلا ئەحمەدی ئۆمەر گومبەتی خوێندوویەتی. هەروەها لە كوردستانی ئێرانیش لە لاجان، سابڵاغ و پەسوێ فەقێ بووە. لە مەهاباد ماوەیەكی زۆر ماوەتەوە، لە مزگەوتی شادەروێش لەلای قازی عەلی باوكی قازی محەمەد درێژەی بە خوێندنەكەی داوە.
(سافی هیرانی) شیعری عیرفانی و عاشقانەی هۆنیوەتەوە و دەروێشان هەندێك لە شیعرەكانی بە دەفەوە دەخوێننەوە، هەروەها زۆر لە گۆرانیبێژانی كورد شیعرەكانی وەك گۆرانی دەڵێنەوە و تایبەتمەندیی زۆریان هەیە لە مێژوودا، هەروەها لە ئێستای ئاواز و هونەری كوردی ڕەسەندا.
سەرچاوەكان:
-دیوانی (صافی) سافی هیرانی –
رزگار جەباری، دەستنووسەكە لە ئەرشیفی (م. عەبدوڵا چیوەیی) پارێزراوە.
- شیعرەكە لەلایەن هونەرمەند زانەر قادری و چەند گۆرانێژیكی دیكە گوتراوەتەوە.


