فەرمانی تۆمارکردنی میراتی جیهانیی پایتەختی میدییەکان لە لایەن یونسکۆوە دەرچوو

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

فەرمانی تۆمارکردنی میراتی جیهانیی پایتەختی میدییەکان لە لایەن یونسکۆوە دەرچوو

 ساڵی رابردوودا رێکخراوی جیهانیی یونسکۆ، شاری شوێنەواری (هەگمەتانه)ی پایتەختی ئیمپراتۆری میدییەکانی خستە لیستی میراتی جیهانییەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای تەواوکردنی رێکارە فەرمییەکان، فەرمانی ئەم تۆمارە جیهانییە بە فەرمی دەرچوو.

 پێگەی مێژوویی و شوێنەواریی هەگمەتانە (هەمەدان) ساڵی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ساڵانەی یونسکۆ لە دەهلیی پایتەختی هیندستان خرایە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە و ئەم پارێزگایە بووە خاوەنی سێیەم تۆماری پێگەی شوێنەواری لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ.

پارێزگای هەمەدان وەک پایتەختی مێژوو و شارستانیەت لە ئێران، زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ پێگەی شوێنەواری، مێژوویی و گەشتیاریی هەیە.

 ئیمپراتۆری ماد لەسەر دەستی دیاکۆ دامەزرا، ئەو پیاوێکی دانا و زانا و دادپەروەر بوو، هەر بۆیە بەزوویی گشت تیرەکانی کۆکردەوە و توانیی ئیمپراتۆری ماد، یان میدیا دابمەزرێنێت و شاری هەگمەتانە بکاتە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەی.

 دواتر فرەڤەرتیش کوڕی دیاکۆ شوێنی باوکی گرتەوە و لە سەردەمی ئەویشدا دەسەڵاتی مادەکان تاڕادەیەک فراوان بوو و شەڕی دژی ئاشوورییەکان کرد تا کوژرا.

 دواتر هوخوشترە، یان کەیخەسرەوی کوڕی فرەڤەرتیش جێگەی گرتەوە و لە سەردەمی ئەودا، دەسەڵاتی ماد گەیشتە لووتکە و سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی زۆر فراوان بوو، سنووری چەندین وڵاتی ئێستای گرتەوە و ئاشوورییەکانیشی لەناو برد و چەندین هاوپەیمانیی گرنگیشی بەست.

 ئاستیاگ کوڕی کەیخەسرەو کۆتا پاشای ماد بوو، ئەگەرچی زۆر لە دەسەڵات مایەوە، بەڵام هەموو ئەو دەستکەوت و فراوانخوایەی باوکی بەدەستی هێنابوو، لە سەردەمی ئەودا پێچەوانە بووەوە، دەسەڵاتی مادەکانی لاواز کرد و وای کرد کوڕش بەئاسانی دەسەڵاتی مادەکان لەناو بەرێت و دەسەڵاتی هەخامەنشی دابمەزرێنێت.