نەسرین ئۆمەر شێروان، کە بە نەسرین شێروانی ناسراوە، ساڵی 1929 لە گوندێکی سەر بە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان، لە بنەماڵەیەکی کۆچەری لەدایک بووە.
ئەو هونەرمەند و گۆرانیبێژەی کورد، بەهۆی کێشەی داراییەوە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ زۆر لە شار و ناوچەی باکووری کوردستان كۆچیان کردووە و دواجار لە ساڵی 1932 ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە و لە ناوچەکانی دارھۆزان و قەدیاو و زاخۆ ماونەتەوە، دوای ماوەیەک خێزانەکەی ڕوویان لە بەغدای پایتەختی عێراق کردووە، بەڵام نەسرین ماوەیەک لە شاری زاخۆ ماوەتەوە، پاشان ئەویش بەهەمان شێوە چووەتە بەغدا.
لەو کاتەدا نەسرین شێروانی لە ماڵی پیاوێکی دەوڵەمەند بە ناوی غەریب پووەز کار دەکات، کە پێشتر یەکتریان ناسیبوو و لەو کاتەدا لەگەڵ هونەرمەندانی وەک عەلی مەردان و حەسەن جزیری ئاشنا بوو و بە پێشنیاریی عەلی مەردان، لە 25ی ئازاری 1944 لە ڕادیۆی بەغدا دەست بە کار دەکات. دوای ئەو قۆناغ و پڕۆسەیە، ئەو گۆرانییانە دەڵێتەوە، کە لە تەمەنی گەنجیدا فێری بوبوو.
نەسرین، شیعری هەندێک شاعیری وهک جگەرخوێن و شێخ سەلام دەڵێتەوه و لەگەڵ زۆر له هونەرمەندانی ئەو قۆناغه هاوکار دەبێ، وەک محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق، ڕه سووڵ گەردی، شەماڵ سائیب، کاوێس ئاغا و گۆرانیی دوانەیان لەگەڵدا دەڵێت.
نەسرین شێروانی، جگە لە ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا خاوەنی چەندین ئاواز و گۆرانیی تایبەت بە خۆیەتی، کە لەسەر قەوان تۆمار کراون.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە کوردە لە ساڵی 1975 نەخۆش دەکەوێت و ئەویش وەک زۆر لە هونەرمەندانی ئەو سەردەمە، بە بێبەش و بێكەس و تەنیا ماوەتەوە.
هونەرمەندە کوردە ئاوارەکە دوای نەخۆشکەوتنی، دوا ساڵەکانی لە شەقامەکانی بەغدا بەسەر دەبات. نەسرین شێروانیی گۆرانیبێژ، لە 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990 لە شەقامەکانی بەغدای پایتەختی عێراق کۆچی دوایی کردووە، ماڵ و کەلوپەلەکانی تەنیا چەند جلوبەرگێک و ڕەچەتەی دەرمانەکەی بووە، کە لەدوای خۆی بەجێی هێشتوون.



