سه‌میعه محه‌مه‌د، خانمە هونه‌رمه‌ندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما، كه خاوه‌نی چه‌ندین شاكاری هونه‌رییه و لە دراما‌ی كرێچییه‌كان، دراما‌ی جومعه و خه‌می چۆله‌كه‌كان و ده‌یان كاری دیكه‌ی هونه‌ری به‌شداریی كردووه، له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ (باسكورد)، باس له ده‌ستپێكی کاری هونەری و به‌هره‌ی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كات.
(باسكورد): خاتوو سه‌میعه چۆن پێناسه‌ی خۆی ده‌كات؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: من سه‌میعه محه‌مه‌د ساڵی (1971) لە شاری هه‌ڵه‌بجه لەدایک بووم، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانیم، له خێزانێكی هونه‌ری ده‌ستم به كار كردووە، برا و خوشه‌كانم هونه‌رمه‌ند بوون، سێ له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانن، دایكم كه‌سێكی ڕۆشنبیر و زۆر هانده‌رمان بوو، سه‌ره‌تای ساڵی (1980)كان، لە ته‌لەڤزێۆنی كه‌ركووك به به‌رنامه‌ی منداڵان ده‌ستم پێكرد.
(باسكورد): ته‌خته‌ی شانۆ چیت بیر دێنێته‌وه؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: هۆڵی شانۆ بۆ من زۆر تایبه‌ته، چونكه سه‌ره‌تای كاركردنم له‌و قوتابخانه مه‌زنه‌وه ده‌ست پێكرد. له ساڵی 1987 له (تیپی شانۆی پێشڕه‌و) ده‌ستم به كاری شانۆ كرد، له دوای كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه له سلێمانی نیشته‌جێ بووین و ئیدی له‌و كاته‌وه به‌رده‌وام بووم له كاره هونه‌رییه‌كان، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم به كاری شانۆی فه‌له‌ستین بوو، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 گه‌ڕاینه‌وه شاری هه‌ڵه‌بجه و له‌وێ وه‌ك مامۆستای خۆبه‌خش به‌رده‌وام بووم و له تیپی شانۆی هەڵەبجه بره‌وم به كاره هونه‌رییه‌كان دا.
(باسكورد): كام به‌رهه‌می هونه‌ری یه‌كه‌م ئه‌زموون و ده‌ركه‌وتنت بوو له بواری دراما؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم له بواری نواندن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دراما‌ی خه‌می چۆله‌كه‌كان، له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسری، به‌ڵام له هه‌موویان زیاتر كه پێی ناسرام، دراما‌ی ڕه‌شه‌ی پۆلیس بوو، كه كفته‌كانم دروست كرد.
(باسكورد): بۆچی تا هه‌نووكه كاره‌هونه‌رییه‌كانی حوسێن میسری لای بینه‌ر زیندوون، به‌تایبه‌ت دراما‌ی ڕه‌شه‌ی پۆلیس؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسری هه‌رگیز به خواستی ئه‌كته‌ر ڕۆڵی دابه‌ش نه‌دەكرد، هه‌ر بۆیه به‌ئێستاشه‌وه باس له ڕۆڵی دراماكانی ده‌كرێت.
(باسكورد): هه‌ست ده‌كرێت له‌دوای كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری، ئێوه‌ی هونه‌رمەندان له بواره هونه‌رییه‌كه تووشی دابڕان بوون؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: وه‌ك په‌راوێزخستن نا، به‌ڵام تا هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسری له ژیاندابوو، هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی كۆده‌كرده‌وه و به‌رده‌وام كاری نوێ هه‌بوو، ئێستا بار و بژێو سه‌خت بووه، ئه‌وه‌ی كه ناخۆشه هونه‌رمه‌ند به منیشه‌وه ته‌نیا بیر له گرێبه‌سته داراییه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه، كه جاران وانه‌بوو، له‌كۆتایی كاره‌كه زه‌رفێك پێمان ده‌درا، ئه‌ویش وه‌ك دیاری، كه‌س له ڕووی نه‌ده‌هات زه‌رفه‌كه بكاته‌وه، به‌ڵام ئێستا هه‌رباسی كارێكی هونه‌ری بكه، پێش هه‌موو شتێك باس له چۆنیه‌تیی گرێبه‌ستەکە ده‌كرێ، به‌كوردییه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند كاری بۆ پاره نه‌ده‌كرد، سەبارەت به‌و ئەکتەرانەی سه‌رده‌می حوسێن میسری، هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه چوونەته تاراوگه و هه‌ندێكی دیكەیشیان ناوبه‌ناو له دراماكان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه.
(باسكورد): په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ئەکتەرە ئافره‌ته‌كان چۆنه؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: وه‌ك خۆم هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانم نییه، هه‌موویان خوشك و برامن.
(باسكورد): پێت وایه دراما‌ی كرێچییه‌كان، كه تۆ كاراكته‌ری تیادا، له ئاستی خواستی بینه‌راندا بووبێت؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: کاتێک کار بۆ هەر رۆڵێک ئەکەم، لە رووی نواندنەوە بە هەست و ڕۆحەوە کاری بۆ ئەکەم، چیرۆكی دراما‌ی كرێچییه‌كان باس له چیرۆكێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی پرسیاره‌كه‌تان ده‌ڵێم كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر بۆ دراما‌ی كرێچییه‌كان ئه‌وه‌یه، له هه‌ر جێگایه‌ك تێده‌په‌ڕم ده‌ڵێن ئه‌وه خه‌سووه خراپه‌كه‌یه، ئه‌گه‌رچی له دراما‌ی كرێچییه‌كان خه‌سوویه‌كی خراپم، به‌ڵام له‌ڕاستیدا خه‌سوویه‌كی میهره‌بانم.
(باسكورد): ئایا بووە له درامایه‌كدا به‌شدار بووبیت و ئێستا له ڕۆڵه‌كەی په‌شیمان بیت؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی له كاتی خۆی پێشكەشم كردوون، له هیچیان په‌شیمان نیم، چونكه پێشتر كه‌سایه‌تییه‌كه‌م وه‌رگرتووه و سیناریۆكه‌م خوێندووەته‌وه و ئه‌و كاره‌كته‌رانه منیان گه‌یانده ئێستا.
(باسكورد): به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
سه‌میعه محه‌مه‌د: ئێستا كارێكی هونه‌ری له ته‌واو بووندایه، فیلمێکی درێژه به ناوی (یاسه‌مین)، کە ڕۆڵم تێیدا بینیوه، كاره‌كه به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاته و له‌وێ نمایش ده‌كرێ، له‌به‌ر په‌خش نه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كه ناكرێت باس له ورده‌كارییەكانی بكه‌م.