ناوی (ڕەزا سانی کوڕی بەهمەن بەگی کوڕی بارام سانی یەکەم)ە؛ لە بنەماڵەی سانەکانی هەورامان بووە کە فەرمانڕەوابوون، هەرچەندە سەبارەت بە لەدایکبوون و ژیانی منداڵی زانیارییەکی وا لەبەردەستدانییە لە تۆمار و بەڵگەنامەکاندا؛ بەڵام وەک زانراوە بنەماڵە فەرمانڕەواکان بایەخیان بە فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانیان دەدا و فێری زمانی عەرەبی و فارسی دەکران و قورئانی پیرۆزیان پێ تەواو دەکرا لەگەڵ زانستە ئایینییەکان، ئەمە بەدەرلەوەی فێری سوارچاکی و هونەرە جەنگییەکان دەکران.
ڕەزا سان لە ساڵی (١٧٥٦ز.) هاتەسەرتەختی سانییەتی، کاتێک بووە فەرمانڕەوای هەورامان ناوچەکە بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕیبوو کە تێیدا دوو سانی هەورامان بە ناوەکانی (خالید سان و حەیدەر سان) لە چەند کێشەیەکی ڕامیاریدا کوژرابوون، بۆیە پێویستبوو بە زوویی ئەو کێشانە کۆتایی پێ بهێنێتەوە و ناوەندی بڕیار بەهێزبکاتەوە. بەکرداریش توانی ئەو کارە بکات و بە وریاییەوە کاروبارەکانی ڕێکخستەوە، زۆر بە جددیی کاریکرد بۆ دووبارە بوژاندنەوەی هەورامان و چارەسەرکردنی کێشەکان، لە چاکسازییەکەشیدا سەرکەوتووبوو و توانی لە ماوەی (٤) مانگدا تەواوی کاروبارەکان ڕێکبخاتەوە، ئەوەش وایکرد بابان و ئەردەڵانییەکانیش دان بە دەسەڵاتیدا بنێن.
دواتر چاکسازی کۆمەڵایەتی ئەنجامدا و دەستیکرد بە خزمەتکردن و باشکردنی ژیانی کۆمەڵگاکەی بەبێ جیاوازی چین و توێژەکان، سەرەڕای ئەوەش کاری دابەشکرد لەنێوانیاندا بۆ هەتا کەسی بێکار نەمێنێت، لەپاڵ نەهێشتنی بێکاریدا ئابووری هەورامانی بوژاندەوە و چەندین پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی لەپێناو خزمەتکردنی ناوچەکەدا کردەوە، بەتایبەت شاری هەورامان کە بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێشتر تێپەڕی بوو وێران بووبوو، بۆیە کاریکرد بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و ئەوەبوو تەواو شارەکەی گەشاندەوە، ئەمە سەرەڕای نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی مزگەوت و گەرماوی نوێ و چاککردنەوەی ڕێگا و پردەکان.
خەڵکی کە بینیان فەرمانڕەواکەیان بەو جۆرەیە؛ ئەوانیش کێشەکانی نێوان خۆیانیان کۆتایی پێ هێنا و تەواوی ناوچەکە بە بارودۆخێکی تەواو ئاشتی و ئارامیدا تێپەڕی، هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە ئاساییشی ناوچەکانی ژێردەستی ڕامیارییەکی گرنگی پەیڕەودەکرد کە سزادانی تاوانبار بە پێبژاردن و چاکەکردن لەگەڵ چاکەکاراندا بوو، بەمەش تاڕادەیەکی زۆر باش چارەسەری کێشەکانی کرد، خودی خۆشی چەندین پەیوەندی ژن و ژنخوازی و خزمایەتی لەنێوان ئەو بنەماڵانەدا دروستکرد کە پێشتر دوژمنایەتی و کێشەیان هەبوو و لێکی نزیککردنەوە.
هەروەها بایەخێکی زۆری بە لایەنی ئایینی و خوێندنی ئایینیدا و سەرەڕای ئەوەش خزمەتی زانایان و زانستخوازانی کرد و بڕیاردرا کە هەموو شەوانی هەیینی کۆبوونەوەی زانستی و ئایینی لە مزگەوتە گەورەکاندا بکرێت و بەوەش بووژانەوەیەکی زانستی و ئایینی و خوێندەواری و پەروەردەی ئایینی تەواوی هەورامانی گرتەوە و وای لێهات بە لێشاو خەڵکی ڕوویان لە خوێندنی زانستە ئایینییەکان کرد، ئەمەش بووە هۆی کردنەوەی چەند فێرگەیەکی تایبەت بەو بوارانە، ئەمە وایکرد خەڵکی تەنانەت ئەوانەش کە پێشتر وابەستەیی ئایینیان نەبوو و پەرستشیان نەدەکرد؛ لەم سەردەمەدا بە باوەڕێکی نوێوە ڕووبکەنەوە ئایین و گۆڕانکارییەکی ڕیشەییان تێدا دروستبوو.
سەرەڕای ئەوانە چاکسازییەکی ڕیشەیی لە بواری ئابووریدا ئەنجامدا و ئەوەبوو بە هۆی جۆری ئەو ڕامیارییەیەوە نرخی شمکەکان ڕووی لە هەرزانی کرد و بار و گوزەرانی خەڵکیش ڕووی لە باشی کرد و بە نرخێکی زۆر کەم دەتتوانی خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانت دەستەبەربکەیت، ئەمەش ئاستی بژێوی تاکی بەرزکردەوە و خۆیشێ بەردەوام سفرە و خوانەکەی کرابووەوە بۆ هەرکەسێک کە گوزەرانی باش نەبووایە و دەیانتوانی سوود لە ئازووقەی خودی سان ببینن، هەرئەوەش وایکرد خەڵکی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیشەوە ڕوو لە هەورامان بکەن هەتا ژیانێکی شایستەیان هەبێت، چونکە بەتەواوی مامەڵەیەکی شایستە لەگەڵ هەموو چین و توێژەکاندا دەکرا بە هەژار و دەوڵەمەند و بێدەسەڵات و دەسەڵاتداردا.
هەروەها بایەخێکی تایبەتی بە هەژار و نەدار و ڕێبوار و بێکەس و کەمئەندامەکان دەدا، هەربۆیە مزگەوت و گەرماوێکی تایبەتی لەتەنیشت ماڵەکەی خۆیدا بۆ دروستکردن و بە بەردەوامی زیاتر لە (١٠٠) کەسی تێدابوو و هەموو پێداویستییەکانیان تێیدا جێبەجێدەکرا.
بەڵام دوای ئەم قۆناغە میرانی ئەردەڵان دەستێوەردانیان لە کاروباری هەوراماندا کرد و چەند کەسێکیان کرد بە ڕکابەری هەتا لە دەسەڵات دووریبخەنەوە؛ سەرەڕای ئەوانەش سەنگی دەسەڵاتەکەی مابوو هەتا لە ساڵی (١٧٨٢ز.)لە گەشتەکەیدا بەرەو (قەلاچۆلان)ی پایتەختی میرنشینی بابان کۆچی دوایی کرد.