٧١
لەگەر بەهرۆز گەراری وێکڕان شوققەکن گرت و ئیشەکانیشن تەوزیع کرد، شیولێنان و قاپ و قاچاغ شوشتن و مار خاوێنکردنەوە! بەران وەختی ڕۆژەکی هاتمۆ مارێ، هێشتا نەببوە حەفتەک لەو شوققەی بووین، دیتم بەهرۆز قاپ و قاچاغەکەی دونێی بە پیسی لە مەتبەخی بەجێ هێشتبوو، زۆر توڕە بووم، چونکە ئەمە پێشترێ ئیتیفاقن کردبوو.
کە هاتۆ پێم گۆت: "ئەوە لۆ قاپەکانت نەشووشتینە؟"
گۆتی: "وەڵڵا وەختم نەبوو، بەس بڕەک سەبرم لێ بگرە هەنکاشۆم!"
بە سەریعی دەستەکی تێوەردا و هەر لە کۆرەخۆیەکردنۆ! لە درێ خۆم گۆت: ”ئیشمان باشە!“
بەهرۆز دەستاوی خۆش بوو، شیوی باش لێنا، بەران مێشکی زۆر مەشغوول بوو، لۆیێ شیولێنانیشی وەکی، قاپ شوشتنێ بوو، هەر پێکی دەینا! بەران ئەگەر زەوقی هەبا و تەڕکیزی لەسەر شیولێنانێ کردبا، ئەوە ئەمن برنجی ویم لە ئێ خۆ پێ خۆشتر بوو! ئەو لە من گەنجتر بوو، بڕەک فێری زمانی ببوو زیاترەچوەدەرێ.
شوققەکەی مە نێزیک ساحەی یاکۆمینی بوو، قەرەبارغترین ساحە بوو لەو شارەی، چەند پاس و قیتاری ناو شاری هەبوو، بەوێداهاتن یا لەوێ حەرەکەتیانەکرد، لەوێش خەرکی بێ مار و مودمینی بیرە و شەڕابی زۆر بوون کە شەویش دادەهات و جەوەکەی ساردەکرد، ئەو کەسانە دەچوونە ئەو عیماڕانەی نێزیکی ئەو ساحەی و دەرکەی عامیان تەجروباکرد، هەندەک جار خەرک یا لە بیریانەچوو کلیل دەن، یا وەختی ئێک هاتبا دەرێ یاچووبا ژۆرێ، هەتا دەرکەکە قەپاتەبۆوە ئێک لەوانە وەژۆرێکەت!
سبەینەکی ویستم بچمە حەمامێ، دیتم دوو سێ کەس سڕەیان گرتیە، ئەو دوو کچەش لەوێ بوون، گۆتم مەجالە قسانی لەگەر بکەم!
گۆتم: "ئەنگۆ لەمێژە ئینتیزارەکەن؟"
گۆتیان: " ئەو ١٠ - ١٥ دەقەیە! "
گۆتم: " لە دەرکەی حەمامێ و دا؟ "
گۆتیان: "نا"
ئەمنیش گۆتم: "دوور نیە ئێکەک لە حەمامێ لەخۆ چووبی یا مردبی!".
دەرگەم لێ دا جواب نەبوو، چوومە شوقێ خۆ کورسیەکم هینا و چوومە سەری تمەشای حەمامێم کرد دیتم کابرایەکی جلوبەرگ شڕ، وابزانم لەوانە بوو ماری نەبوو لەوێ ڕاکشایە و خەوی لێکەتیە و دەرکەشی لەسەرەخۆ کلیل دایە. کە ئەوەم دیت، ئێکسەر پێم گۆتن مەسەلەکە کووە!
گۆتیان: "زۆر مەمنوون ئەتوو نەبای سعاتەکیتکەش ئینتیزارنەکرد"
باش بوو ئەوان تەلەفۆنیان لە بۆ شوڕتەی کرد و ئەوانیش لەگەر حەریقی هاتن و تانییان دەرکەکەی بکەنۆ و ئەو زەلامەش بە تۆبزی قیتکەنۆ و دەریکەن! ئەوجا وەرە تەنگاو بی و لە مارێ خۆت نەتانی بچیە ئەدەبخانەی یا حەمامێ! ئەو کابرایە ئەو حەمامەی ئۆندە پیس و بێزەلەت کردبوو، لەبەر بۆن بۆگەنی دەبایە کەپووت بگری.
پێشی ئەوەی شوڕتە بڕوا، پێیان گۆتین دەبی دەرکەی ئەدەبخانە و حەمامێ کە لەگەر ئێک بوون، بە کلیلی قەپات بکرێن و نابی دەرکەی عامی عیماڕەکەی کە لەسەر کرابیتۆ و ئەبی شەوان کلیل بدرێ، دەنا ئەو نەوعە کەسانە لەکۆرو ناگەڕێن! هەر لەدوو جێیێ گەرمە گەڕێن و بە هەموو نەوعەکی محاوەلەیەکەن بێنە ژۆرێ و هەموو دەرکانەکەن تەجروبەکەن هەتا دەرکەکی قەپاتنەکرای دەبیننۆ و ئەچنە ژۆرێ.
ئەمن ئۆندە ئیشم بە حەمام و ئەدەبخانەی نەبوو، ئەو موشکیلەم ئیستیغلال کرد لەگەر کیژەکەی قسان بکەین و زیاتر بیناسم و بمناسی، ئەوجارە زۆرن لەگەر ئێک قسە کرد، بەرام خەرکی زۆر لێبوو، مەجال نەبوو نەمتانی هەندەک شتی لێبپرسم، پاش نیوڕانێ ئێک دوو کورد هاتنە کنە مە و سەریان لێداین و هەندەک قسەن کردن و دوایێ ڕۆیین.
ڕۆژێ دوایێ لەگەر بەهرۆزی چووینە دائیرەی شوڕتەی و ناوێ خۆن لەسەر عینوانی تازە تەسجیل کرد، هەتا دەهات دنیا ساردترەبوو، ئەوە لۆ من شتەکی تازە بوو، چونکە ئەوە ئێکەم زستانم بوو لە نەمسای! چوومە بازاڕی هەندەک جلکی زستانێم کڕی، وەکی قەمسەڵە و بلوز و کراس و دەرپێی درێژی بن پانتۆڕی و پێراو و گۆری. ئەو وەختی بەس لەناو شاری مغازە و دوکان هەبوون گەورە و مەشهوورەکەشیان (کاستنەر و ئۆیلەر) بوو، لە مەرکەزی شاری بوو. وەختی هاتمۆ مارێ، بەهرۆزم گۆت کە لەو مغازە گەورەی ناو شاری هەندەک جلوبەرگم کڕی، بەهرۆزیش گۆتی لۆ لەوێم کڕی چونکە لەوێ زۆر گرانە.
هەر وەختەکی عوودم عەزف کردبا و بەهرۆز لە مارێ با، ئەوە لە غورفێ خۆی دەهاتە دەرێ و وەکی هەموو جارێ تەلەبی گۆرانیی (چاوی ڕەشی جوانە)یەکرد، ئەمنیش درم ناشکاند و لۆم لێئەدا! قسەن پێکڕانەکردن، نزانم لۆیی کوو بوو؟ بەران لۆ من کە تازە هاتبووم و لەناو ماری بابم لەسەر قەرەبارغیێ ڕاهاتبووم، زۆر شتەکی باش بوو بەتەنێ نەبووم و لەگەر بەهرۆزی عیلاقەم هەبوو، چونکە لۆ حالەتی نەفسی زۆر مهیم بوو بە زمانی داکت لەگەر ئێکەکی قسان بکەی. ئەمن و بەهرۆز زۆر سێبوورین بە ئێگدیەهات! لەگەرەوەی هەندەک موشکیلەی گچکەشمان لە بەینێ هەبوو، بەران لۆ هەردوولاشمان شتەکی باش بوو کە وێکڕانەژیاین.
حەرقەیدیکەی لە پاش دێ...