گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان ڕایگەیاند، کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر بوژاندنەوەی گەوھەرە مێژوویی و کولتورییەکان لە شاری کەلار ئەنجام دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە.
محەمەد شوێنەوارناس، گوتەبێژی شوێنەوار و کەلەپوووری گەرمیان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەمان کردووە و دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە کە کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتییە بە ناونیشانی (بوژاندنەوەی گەوھەرە مێژوویی و کولتوورییەکان، لەپێناو پەرەپێدانی داینەمیکی و بەردەوامیی گەشتوگوزاریدا) بەڕێوە دەچێت."
گوتیشی: "ئەو کۆنفرانسە بە ھاوبەشی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان و زانکۆی گەرمیان و بەشی میراتی کەلەپووری- ئەلما ماتەر ستۆدیۆروم- ی زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتالیا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان، ڕێک خراوە."
ئاماەژەی بۆ ئەوەش کرد: "دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، کۆنفرانسەکە لە ڕێکەوتی (٢٧ و ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٥) لە شاری کەلار بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەندین بابەت و توێژینەوەی تایبەت لەسەر شوێنەوار و ڕەگەزەکانی و بوارەکانی بۆ بەگەشتوگوزارکردنی ئەو کەرتە پێشکەش دەکرێن کە دەبن بە بنەما و ڕێنیشاندەر بۆ ھەموو ئەو پلان و بەرنامانەی لەو بوارە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت."
