کۆیە... ژمارەیەک لە شوێنەوارەکان بەگەشتیاری کراون

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کۆیە... ژمارەیەک لە شوێنەوارەکان بەگەشتیاری کراون

سنووری قەزای کۆیە خاوەنی چەندین ناوچەی شوێنەواری و کەلەپوورییە و بەرپرسانی پەیوەندیداریش دەڵێن قۆناغی بەگەشتیاریکردنی ژمارەیەکی زۆر لەو ناوچانە، کەوتووەتە باری جێبەجێکردنەوە کە بەھۆیانەوە دەتوانرێت بایەخی زیاتر بەو بوارە بدرێت.

 ئیسماعیل عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "وەک چۆن بایەخدان بە ناوچەی شوێنەواری ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارە، بەھەمانشێوە بەگەشتیاریکردنی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە ئەرکی گەشتوگوزارە. بۆ ئەو مەبەستە، ئێمە کاری پێویستمان کردووە و تا ئێستا ڕێککەوتنمان لەگەڵ ١٥ کۆمپانیای گەشتیاری کردووە کە گەشتیاری وڵاتە بیانییەکان و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەھێننە ناوچە شوێنەوارییەکانی کۆیە."

 گوتیشی: "ناوچە شوێنەوارییەکان بوونەتە جێی سەرنج و بایەخپێدانی ئەو گەشتیارانە، وا دەبینین کە ھاتنیان ڕوو لەزیادبوونە، بەدڵنییاییەوە ئەوەش ھانمان دەدات کە بایەخی زیاتر بە شوێنەوار و بە گەشتیاری کردنیان بدەین، بەتایبەت کە ھۆکاری بەرزبوونەوەی داھاتی گەشتیاریی شوێنەواری و ناساندنی کولتوور و کەلەپوور و ناسنامەی وڵاتەکەمانە بە وڵاتانی دەرەوە."

 لای خۆیەوە، یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری بنکەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "سنووری قەزای کۆیە خاوەنی زۆرترین ناوچەی شوێنەواری و خانووی کەلەپوورییە و بایەخدان بە نۆژەنکردنەوە و تایبەتکردنیان بە چالاکیی کولتووری و ڕۆشنبیری وای کردووە زیاتر ببێتە جێی سەرنجی گەشتیاران و بوژانەوەی گەشتیاریی شوێنەواری، لەوانە قشڵەی کۆیە، خانووی مەربێنە قەدیشە، خانووی کەلەپووری ئینستووتی زەینەب خان بۆ چاپ و وەرگێڕان و زۆر شوێنی دیکە."

 گوتیشی: "پلانی ئەوەشمان داناوە، ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی نزیکن لە ناوچە گەشتیارییەکان، بایەخی زیاتری نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین، بۆ ئەوەی گەشتیاران سەردانیان بکەن."

 بەڕێوەبەری بنکەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە، باسی لەوەش کرد: "قەڵای بۆگد کە ناوچەیەکی شوێنەواریی گرنگ و دیاری سنوورەکەمانە، دەرخستەمان داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کونسڵخانەکان، بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە و ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی شوێنەواری."