مستەفا حوسێن لاسوور دادار، ناسراو بە مستەفا دادار و مستۆ دادار، لە ساڵی 1960 لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گەڕەکی تەپەی قازیی شاری مەهاباد لەدایک بووە. ئەم هونەەرمەندە یەکێکە لەو گۆرانیبێژە کوردانەی کە زیاتر لە بواری ھونەری بەرگرییەوە کار دەکات و بە گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکانی ناسراوە، شێواز و ستایلی گۆرانییەکانیشی ئۆپێرایە.
مستۆ، ماڵیان لە شاری مهابادەوە چووەتە باغی سیسە، حوسێن لاسووری باوکیشی پیاوێکی ئازا و نەترس بووە، بەو هۆیەشەوە باجی زۆری داوە. دادار کاتێک باوکی شەھید دەبێت زۆر منداڵ بووە، دواتر دەچێتە بەر خوێندن و دیبلۆمی ئابووری- کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت. ئەم هونەرمەندە بە ھەژاری و چەرمەسەری گەورە بووە و بەھۆی ئەوەی کە لەژێر چاودێری و فشاردا بووە، تاوەکوو سروود و گۆرانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵێت، ناچار کوردستانی جێھێشتووە و چووەتە تاراوگە.
دادار ھەر لە منداڵییەوە بە گۆرانی گۆش کراوە. لە قوتابخانە بۆ خۆشی و دڵی خۆی سۆیبە باڵابەرزی گوتووە؛ بەڵام دەستپێکی کارە هونەرییەکانی بە گۆرانی و سروودی سیاسی دەست پێکردووە و ساڵی 1987 بۆ یەکەمجار لە خانەی جەوانانی مەھاباد، لەگەڵ ھونەرمەندانی وەکوو جەمال موفتی گۆرانیی پێشکەش کردووە. یەکێک لە سەرەتاترین بەرھەمەکانی لەوێ، «ھەستە پێش کەوە ئەی لاوی کوردی» بووە. ئەو بە چەندین زمانی وەک کوردی، فارسی، ئازەری، ئەرمەنی و ئیتالی گۆرانیی چڕیوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی بەھۆی بارودۆخی ڕامیاریی کوردبوونییەوە کۆنەکراونەتەوە و پەرتەوازە بوون.
لە ساڵی 2005 دا، دادار ھەوڵی بەزانستکردنی مۆسیقای دا، کە ئاکامەکەی بوو بە (سی دی)یەکی چوار تراکی بە ناوی (ژن) و لە 2010دا بڵاو کرایەوە. ھەمان ئەلبووم لە 23ی ئەیلوولی 2023 لەگەڵ کۆنسێرتێکیدا بڵاو بووەوە.