هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی، یه‌كێكه له‌و هونه‌رمەنده دڵسۆز و دەنگخۆشانەیە، ساڵانێكی زۆره له بواری هونه‌ردا كار دەكات و بەرهەم بڵاو دەكاتەوە و خاوەن هونەرێكی سەنگین و رێزلێگیراوە، بۆیە خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی تایبەتی جه‌ماوه‌رییه.
له‌سه‌ر كۆی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان و كاره نوێیه‌كه‌ی، (باسكورد) دیدارێكی له‌گه‌ڵدا كرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
(باسكورد): هونه‌رمه‌ند ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی كێیه و كه‌ی چووەته ناو بواری هونه‌ری گۆرانی گوتن؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: من ئه‌رجومه‌ن شه‌وكه‌ت، ناسراو به ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی، هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای گۆرانی گوتنم هه‌بووه، چونكه باوكم هونه‌رمه‌ندێكی ناوداری ناوچه‌ی هه‌وارمان بوو.
(باسكورد): پێش ئه‌وه‌ی بچینه نێو پرسیاره تایبه‌ته‌كان، به‌رهه‌می نوێی هونه‌رییت چییه و ده‌كرێ بۆمان باس بكه‌ی؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: دوای چه ند ساڵ دابڕان، توانیم به‌رهه‌مێكی نوێ به‌ناوی (خال خاس) تۆمار بكه‌م کە شعیر و ئاواز و هۆنراوەی فۆلكلۆره و کاری موزیکی لە لایەن كاروان مەحموود بۆ کراوە و لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاری وێنەگریی بۆ كراوە و ئه‌م به‌رهه‌مەیە تایبەتە بۆ (ئاڤا میدیا).
(باسكورد): یه‌كه‌م وێستگه‌ی هونه‌رییت چۆن ده‌ست پێكرد؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: سەرەتای كاری هونه‌ریم به كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می جوان ده‌ستپێكرد، ئه‌گه‌رچی زه‌مه‌نێكه كاری هونه‌رییم كه‌مه، به‌ڵام هه‌تا ئێستاش به‌رهه‌مه‌كانم له‌ناو جه‌ماوه‌ر و گوێگری هونه‌ری كوردی به‌زیندوویی ماونه‌ته‌وه.
(باسكورد): تا چه‌ند هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێوە هه‌بووه؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد، باوكم و مامم كاریگه‌رییان له‌سه‌رم هه‌بووه، هەروەها كاریگه‌ریی هونه‌رمه‌ندان دارا هه‌ورامانی و جه‌میل نه‌وسوودی و خوالێخۆشبوو هونه‌رمه‌ند سه‌باح هه‌ورامی له‌سه‌رم هه‌بووه.
(باسكورد): چی ده‌ڵێی بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده لاوانه‌ی هه‌ورامان كەوا تازە ده‌ركه‌وتوون؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: كۆمه‌ڵێ گه‌نجی بەتوانا له هه‌ورامان ده‌ركه‌وتوون، وه‌ك فرشاد ئه‌مینی و پێشڕه‌و هه‌ورامی و فه‌رزاد مه‌هدی و چه‌ندانی دیكە، چونكه هه‌ورامان له دێرزه‌مانه‌وه ژینگه و پێشخانێكی مەزنی هونه‌ریی تێدایه، بۆیه به‌مەش ناوچه‌ی هه‌ورامان له ڕووی كاری هونه‌رییه‌وه له په‌ره‌سەندندا بووە.
(باسكورد): وه‌ك ئاگادارین باری ته‌ندروستیت باش نییه، لایه‌نی به‌رپرس تا چه‌ند بۆ چارەسەری هاوكارتن؟
ئه‌رجومه‌ن هه‌ورامی: له‌به‌رئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستیم وه‌ك پێویست نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ی خۆم بۆ كردبووه قوربانی، ئاماده نه‌بوو پاره‌ی یه‌ك ده‌رزیم بۆ خه‌رج بكات، سوپاسی كاك عه‌لی حوسێن، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ده‌كه‌م كه هاوكارییه‌كی باشی كردووم، چ بۆ چاره‌سه‌ریی نەخۆشی و چ بۆ كاره نوێیه‌كه‌م هاوكارم بوو، هەروەها سه‌رمایه‌دار كاك مه‌ریوانی حاجی جه‌مال، ئه‌ویش هاوكارم بووه و سوپاسی ده‌كه‌م.

