بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لە یەكەم جەنگی جیهانی (١٩١٤تا ١٩١٨)، ڕواندز و دەوروبەری مەڵبەندی شەڕ و داگیركاری و وێرانكاری بووە، بە هەزاران خەڵك كوژران و ئاوارە و سەرگەردان بوون. بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاریی زیاتر، دوو نووسەر و لێكۆڵەری زانكۆی سۆران، توێژینەوەیەكی زانستیی لەسەری ئامادە دەكەن.
لەمبارەیەوە د.محەمەد گەڵاڵەیی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ، مامۆستای زانكۆی سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "بە مەبەستی تۆماركردنی مێژوویەكی فەرامۆشكراو و زەنگینی وڵات، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسەر و لێكۆڵەر یلسین برایم، پڕۆژەیەكمان لەبەردەستە لەسەر ڕواندز و دەڤەرەكەی، كە لە یەكەم جەنگی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨) مەڵبەندی شەڕ و داگیركاری و وێرانكاری بووە، ململانێی زلهێزەكانی وەك (توركەكان و ئینگلیزەكان و ڕووسەكان) بووەتە هۆی ئەوەی ڕواندز وێران بێت و شارەكە بسووتێت، بە هەزاران خەڵك كوژران و ئاوارە و سەرگەردان بوون، بەتایبەتی هاتنی ڕووسەكان و ئەنجامدانی تاوان و كۆمەڵكوژیی خەڵكی ڕواندز و دەڤەرەكە، ئەوەندە قێزەون و ڕەش و گەورەیە، مێژوویەكە لە بیر ناچێتەوە."
گوتیشی: "لەو سەردەمدا توركەكان، خەڵكێكی زۆری كوردیان لە دەڤەرەكە بەناوی غەزا و بە زۆرەملێ ڕەوانەی بەرەكانی شەڕ كردووە بۆ دەرەوەی كوردستان و قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی. ژمارەیەكی زۆر لەو كوردانە، كوژراون و بێ سەروشوێن بوون و نەگەڕانەوە و چارەنووسیان دیار نەما. هەندێكیان دیل و بریندار بوون و چەند ساڵێك لە خزم و كەس و كاریان دوور كەوتنەوە، لە هەر گوندێكی قەزای ڕواندزی ئەوكات و دەڤەرەكە، كەسێك یان زیاتر لەم شەڕە نەخوازراوە تێدا چوون و بوونە قوربانی."
ئاماژەی بەوەش دا: "لەم نووسینەدا، وەك پڕۆژەیەك، بە مەبەستی تۆماركردنی ناوی ئەو كوردانەی لەو شەڕانەدا، لەناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان (وڵاتانی ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانییەكان)، بەشدار بوون و لە شەڕەكە شەهید بوون، نەماون یان بێ سەروشوێن بوون، نەگەڕانەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان، بوون بە سەربازی ون."
د.محەمەد گەڵاڵەیی، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانكۆی سۆران، دەشڵێت: "داوا لە هاووڵاتییان و خەمخۆرانی وڵات دەكەین، چییان بیستووە لە كەسوكار و داپیرە و باپیرە و بە تەمەنەكانی خۆتان. ناوی ئەو كەسانە بۆمان بنێرن، كە لەم شەڕە تێدا چوون و یان دووچاری ماڵوێرانی بوونەوەتەوە."
ئەوەش دەخاتە ڕوو: "كۆمەڵێك بەڵگەنامە و لیستی ئەو شەهیدانە لە ئەرشیفی وڵاتان كەوتوونەتە دەستمان و دەمانەوێت ناوی دیكە تۆمار بكەین، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە لەبیر نەچێتەوە و ئاوڕدانەوەیەكیشە لە مێژوو و خەبات و قوربانیدانی باب و باپیرانی خۆمان، ئەم پڕۆژەیەمان بۆ توێژینەوەیەكی زانستییە و دەستكەوتێكە بۆ هەموان.“

