دیوانە شیعری (دایە ڕابی)ی حوسێن مستەفا چاپ كرا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دیوانە شیعری (دایە ڕابی)ی حوسێن مستەفا چاپ كرا

لەم ڕۆژانەدا دیوانە شیعری (دایە ڕابی)، كە بەرهەمی نزیكەی 40 ساڵ نووسینی شاعیر و نووسەر و رۆژنامەوان (حوسێن مستەفا)یە، بە چاپێكی جوانی قەبارە (٣٢٠) لاپەڕەیی كە (پێشەكییەكی كورت و پێنج بەش)ی لەخۆ گرتووە، لە چاپ دەرچوو.

لە لێدوانێكیدا بۆ هەریەكە لە (باسنیوز) نووسەری كتێبەكە حوسێن مستەفا گوتی: ”سوپاس بۆ خوا، وا بەرهەمی ساڵانێكی زۆری قاڵبوونەوە و نووسینم لە بواری شیعر، بە دیزاینێكی جوان و لەژێر تایتڵی (دایە ڕابی) بە چاپ گەیشت، كە دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكەڵ) و لە سەروویانەوە بەڕێوەبەری دامەزراوەكە كاك (بۆتان تەحسین) هاوكار و هۆكار بوون بۆ بە چاپ گەیشتنی و سوپاسیان ئەكەم.“

سەبارەت بە ناوەڕۆكی دیوانەكە و ڕێچكە و ڕێبازی شیعری، حوسێن مستەفا ڕوونی كردەوە: ”لە دیوانەكەمدا كارم لەسەر چەندین ڕێباز و شێوازی نووسینی شیعر كردووە، وەك شیعری عەرووزی، بەیت و چوارین و شیعری ئازاد، شیعری زۆر كورت و چامەی درێژ، كە هەموو ئەمانەم لە پێنج بەشی دیوانەكەمدا جێ كردوونەتەوە. ناوەڕۆكی شیعرەكانیشم نیشتمانی و ڕۆحی و وەسفی و شیعری بەرگری و سۆزداریین و هەموو جۆر خوێنەرێك دەتوانێ بەشی خۆی و شێوازی دڵخوازی خۆی تێدا ببینێتەوە.“

شاعیر روونیشی كردەوە: ”تا توانیبێتم و دەسەڵاتم بەسەریدا هەبووبێ، یاسا و ڕێساكانی شیعرم پەیڕەو كردوون و هەر قاڵبێكم بۆیان هەڵبژاردبێ، ڕێساكانیم ڕەچاو كردووە، ئەوەی لە هەمووشی بەلامەوە گرنگ بووە، جگە لە بابەت و وێنا و فەنتازیای شیعری، زمانە. هەموو هەوڵم بۆ ئەوە بووە وێڕای لەبەرچاوگرتنی زمانی شیعری، بە زمانێكی كوردیی پەتی و زوڵاڵ بنووسم، هەر ئەوەندەش نا، بەڵكوو بۆ زۆر وشە لە هەمان لاپەڕە فەرهەنگۆكم لە پەراوێزدا داناوە و مانا و هاوواتایم بۆی نووسیوە، ئەمەش بە قازانجی زمانە بۆ هەموان و بەتایبەت بۆ نەوەی ئەم ڕۆژگارە، كە ببێ بە بەرچاوڕوونییەك بۆیان، یان ئەگەر پێویست بووبێ روونكردنەوە و تێبینیشم هەر لە پەراوێزدا بۆ نووسیون.“

سەبارەت بە ناونیشانی سەر بەرگ (تایتڵ) و پۆرترێتی سەر بەرگەكە، كە پۆرترێتی (ڕابی)ی دایكی خۆیەتی، حوسێن مستەفا گوتی: ”ئەمەم لە پێشەكییە كورتەكەدا ڕوون كردووەتەوە و لێرەوەش دەیڵێم، ئەم ناونیشانەم بە ڕەوای پێگە و مەقامی دایكایەتیی دایكم زانی، بەتایبەت كە دایكم لە ژیانی پڕ حەسرەتی خۆیدا، وێڕای شەهیدبوونی هاوسەرەكەی (شەهید سەید مستەفا)ی باوكم لە كۆتاییەكانی شۆڕشی ئەیلوول، دوو كوڕی جوان و جاحێڵیشی هەر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، پێكەوە و بە یەك قونبەلەی دوژمن شەهید و هەنجن هەنجن بوون، جگە لەوە، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ژیانێكی ئارام و هەر ڕاكەڕاكەی ئەم گوند و ئەو شاخ، ئەم ئەشكەوت و ئەو بنەبەرد لە سەردەمی شۆڕشدا، هەشت كوڕی دیكەی ساوا و منداڵیشی لێ مردن و سەرەنجام تەنیا بە كوڕەكانی دە جار جەرگی سووتا، ئینجا ئاوارە و دەربەدەری ئێران و پاشان نەفی و ئاوارەی باشووری عێراق كراین و هەر ئەم (دایە ڕابی)یە لەگەڵ (نەنە حاجی فاتم)ی نەنكمان- گیانی لە بەهەشت شاد و ئارام بێ-، پێنج كوڕە یەتیمەكەی دیكەیان (ئێمە)، بە دەردەسەری و بێكەسی و بە تەونكاری و دروستكردنی كڵاوگۆری و بەڵەكپێچ پێگەیاند و پەروەردە كرد، بۆیە هیچ ناو و ناونیشانێكم شایانتر لەوە نەدیت لەسەر بەرگی پێشەوەی دیوانە شیعرەكەمی دابنێم ناوی دایكم نەبێ، هیچ وێنە و پۆرترێتێكم سەنگینتر و جوانتر نەدیت لەسەر بەرگی پێشەوەی دیوانەكەمی دابنێم پۆرترێتی دایكم نەبێ، چونكە جگە لەوەی دایكم (شەهیدی زیندووە)، نابێ سەربازی ونیش بێ، ئەم وێنایە بۆ هەموو دایكانی دیكەی هاوشێوەی دایكمە، هەروەها دایكم ئیلهامبەخشی كۆمەڵێك شیعری هەڵبژاردەمە و لە بەشێكی تایبەتدا بە ناوی (پانۆڕاما... هەوراز و لێژی كاروانێكی درێژ) كە بەشی دووەمی ناو دیوانەكەمە، تایبەتم كردووە بەو شیعرانەی بۆ دایكم و باوكی شەهیدم و چیڕۆكە خەمگینییەكانی تێكڕای خانەوادەكەمان نووسیون.“

لە كۆتاییدا حوسێن مستەفا ئەوەشی گوت: ”خودا پشتیوان بێ بەتەماین مەراسیمێكی ناسینی دیوانەكە لە ڕواندز بۆ تێكڕای حەوزی سۆران و دواتر مەراسیمێكی ناساندنی لە هەولێریش بۆ بكەین.“