لە سی و شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی تاران کە لە ٧ تا ١٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوە چوو، شاهێدی ئامادەبوونی بەهێزی بڵاوکەرەوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم بۆنە فەرهەنگییە گرنگە بووین. چوار دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی سەردەم، تەفسیر، فام، و تیشک، بە کۆمەڵە کتێبێکی هەمەچەشن و دەوڵەمەند لە بوارەکانی ئەدەب، فەلسەفە، هونەر، کولتوور، دراما، ئەفسانە، لە بەشی نێودەوڵەتیدا ئامادەن.
ئامادەبوونی ئەم بڵاوکەرەوەیانە لەلایەن ئامادەبوانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا و بەتایبەتی بڵاوکراوەکانی تەفسیر بە پێشکەشکردنی زیاتر لە ٥٠٠ ناونیشانی کتێب پێگەیەکی بەرچاوی لەم چاپەی پێشانگاکەدا بەدەست هێناوە.
جگە لە ئامادەیی نێودەوڵەتییان، بڵاوکەرەوە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئامادەیی چالاک و بەرچاویان هەیە. بڵاوکراوەکانی مادیار، خانی، ئێمیار، ئیحسان و کافگە بە بڵاوکردنەوەی کتێب لە بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی، مێژوو، کولتوور، منداڵان و هەرزەکاران و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی گرنگیان لە ناساندن و فراوانکردنی کولتوور و زمانی کوردی لەم چوارچێوەی نێودەوڵەتییەدا بینیوە.
بەشداریی وەشنخانە کوردییەکان لەم پێشانگەیانە، نەک تەنیا دەرفەتی بۆ ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و ئەدەبی ڕەخساندووه، بەڵکو سەرنجی زیاتری بینەرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی بۆ دەوڵەمەندیی زمان و ئەدەبی کوردی ڕاکێشاوه.