کوردستان، وڵاتی بەفر و رووبار و شاخە سەختەکانە؛ نیشتمانی کەو و کەڵەکێوییەکانە. ئارارات، سەفین و زاگرۆس بەجۆرێک رەگیان لەناو ئەم خاکە داکوتاوە، کەس ناتوانێ داربەڕوویەکی لەبن بێنێ و بەر بە بۆنی خۆشی چنوور و لۆی بگرێ.
شاخی کۆساڵان لە چیای شاهۆوە سەرچاوە دەگرێ، کە یەکێکە لە جوانترین چیاکانی زنجیرە کێوی زاگرۆس. زاگرۆس زنجیرە کێوێکی درێژی کوردستانە کە دەستی بە هەر شوێنێک گەیشتبێ، جریوەی چۆلەکە و عەتری گوڵ و بەفراوی بەو خاکە بەخشیوە و ژیان و ئاوەدانیی لێکەوتووەتەوە.
هەورامانی تەخت و گوندەکانی دەوروبەری بەشێکن لەو ئاوەدانییەی زنجیرە چیای زاگرۆس. هەورامانی تەخت لەسەر شاخێکی سەخت بنیات نراوە. هەموو ساڵێک دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی (زەماوەندی پیری شالیار) کە نەریتێکی کۆنی کوردییە و لە نیوەی زستان بەڕێوە دەچێ، خەڵکەکەی ئامادەکاریی دەکەن تا بە هاتنی بەهار لە ڕێوڕەسمی (کۆمسا)ی، شوانێک بۆ ڕانەمەڕەکانیان دیاری بکەن.
جەژنی کۆمسای، نەریتێکە بۆ دیاریکردنی شوانی گوند و ئامادەکارییە بۆ کۆچکردن بەرەو هەوار. هەوارەکانی هەورامان کەوتوونەتە سەر سەخترین شاخەکان. کۆچکردن بەشێکە لە ژیانی خەڵکی هەورامان.
(تەک سەر)، (دڕبەر) و (کاوێ) بوون بە سێ هەوارگە و سێ گوند بۆ دانیشتوانی هەورامان، تا باشترین رووەک و لەوەڕ بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن و باشترین و زیاترین بەرهەمیان دەست بکەوێ. هەواری (تەک سەر) کەوتووەتە سەر بەرزترین شوێنی هەورامان کە ساردیی کەشوهەواکەی لە وەرزی زستان ناهێڵێ هیچ دار و دەوەنێکی لەسەر شین بێ، بۆیە دار و پەرتووی ماڵەکان هەموو ساڵێک لە بنبەرد و ناو ئەشکەوتەکان بۆ ساڵی داهاتوو هەڵدەگیرێن، تا باران و بەفر لەناویان نەبات و ماڵ و کەپرەکانی ساڵی ڕابردوویانی پێ نۆژەن بکەنەوە.
لەگەڵ توانەوەی بەفرەکان، باڕەی مەڕ و بزن و قاسپەی کەو، دەبێتە سەمفۆنیایەک بۆ ژیانی بەشێک لە دانیشتوانی هەورامانی تەخت کە خەریکی کۆکردنەوەی (لۆ) و (چنوور)ن. لۆ و چنوور دوو ڕووەکی بۆنخۆشن کە تامی ژیانی ئێرەیان خۆشتر کردووە. ئەم ڕووەکانە تامی شیرەمەنییەکان خۆشتر دەکەن، لەسەر بانی ماڵەکان دادەنرێن تا ببنە بنمیچێکی بۆنخۆش بۆ ماڵەکان، جیا لەوەش. خواردنی سەرەکیی ئاژەڵەکانە، بۆیە پیاوان تا بۆیان بکرێ زیاترین لۆ و کەما و چنوور کۆ دەکەنەوە و دوای وشککردن، دەیکوتن. کوتان و وردکردنی ئەو رووەکانە لەسەر شاخەکان تەنیا بە هێستر دەکرێ.
دۆشینی مەڕ و بزن، دروستکردنی سیراجی، کەرێ و ڕۆن، بەشێکن لە کاری رۆژانەی ژنان کە دروستکردنی هەرکامەیان چەندین سەعات دەخایەنێ.
( دۆغاوەی پسڵ) یەکێکە لە خۆشترین خواردنەکانی سەر شاخە بەرزەکان، لە دۆی مەڕ و گیایەک بەناو (خوژە) دروستی دەکەن، تا وزەی کارکردنی ڕۆژانە بە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە ببەخشێ. مەڕ و بزن دوو هاوڕێی هەمیشەیی ئەم خەڵکەن و خۆبژێویی هەوارنشینەکان لەسەر شیر، خوری و گۆشتی ئەم دوو ئاژەڵەیە، تەنانەت یادەوەریی سەربەردی هەوارەکانیش نەخشی بزن و مەڕە.