كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە دێرینەكانی ڕواندز دەكرێت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە دێرینەكانی ڕواندز دەكرێت

 بەهۆی مێژوو و كۆنیی دەڤەرەكە، چەندین شوێنەواری دێرین و خانووی كەلەپووری لە سنووری قەزای ڕواندز و دەوروبەری هەن، داوا دەكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان كار لەسەر نۆژەنكردنەوەیان بكات، تا وەك ناسنامەیەك بۆ نەوەی داهاتوو بمێننەوە.

 لەمبارەیەوە، ئەحمەد قادر حەمەدئەمین، قائیمقامی قەزای رواندز، بە (باسكورد)ی رایگەیاند: "سەدان ساڵ لەمەوبەر میرنشینانی كورد لە دەڤەری ڕواندز فەرمانڕەواییان كردووە، بەتایبەتیش لەسەردەمی میرنشینی سۆران، بایەخی زۆر بە دروستكردنی قەڵا و قوللەی سەربازی و كارگەی چەك و تەقەمەنی و پرد و نۆینەی ئاو و چەندین شوێنی دیكە بۆ بنیاتنان و بەرگریكردن لە میرنشینەكە دراوە، دوای تێپەڕبوونی سەدان ساڵ بەسەر ڕووخان و لەناوچوونی میرنشینەكە، تائێستا شوورا و پاشماوەی قەڵاكان لە ڕواندز ماوەن، هەروەك شوێنەوارە دێرینەكان سامانێكی گەورەن بۆ شارەكەمان و هەرێمی كوردستان بەگشتی، بۆیە ئەركە پارێزگارییان لێبكرێت و نۆژەن بكرێنەوە، تا وەك سامانێكی دەوڵەمەند و ناسنامەیەك بۆ نەوەی داهاتوومان بمێننەوە و پێی ئاشنا بن".

 قائیمقامی قەزای رواندز، گوتیشی: "ئەگەرچی دوای ڕووخانی میرنشینی سۆران و شەڕ و كاولكاری لە دەڤەرەكە، زیانی زۆر بەر قەڵا و قوللە و پاشماوەی میرنشینەكە كەوتووە، بەڵام لە زۆر شوێن شوێنەوار و دیوارەكان ماون، بۆ نموونە (ئەشكەوتی پاشای گەورە لە ئاكۆیان، كۆشكی پاشای گەورە، ئیچ قەڵا، قونگرەی شەمامێ، ئاشی پاشای گەورە، پردی بەرسیرین، شوێنەواری بەندیخانەی پاشای گەورە، نۆینەی ئاو لە ماویلیان) و چەندین شوێنەواری دێرینی دیكە هەن، كە گوزارشت لە مێژوو و فەرمانڕەوایی ڕواندز و دەوروبەری دەكەن".

 ئەحمەد قادر حەمەدئەمین، قائیمقامی قەزای رواندز، دەشڵێت: "جگە لە شوێنەوار و پاشماوەی قەڵا و قوللە و پردەكان، بەهۆی كۆنیی مێژووی ڕواندز، چەندین خانووی كەلەپووری لە شارەكە ماوەن كە لە دار و قوڕ و خشت و گەچ دروست كراون، دوای سەردەمێكی زۆر ماونەتەوە و جوانییەكی زۆری كولتوورییان بە شارەكە بەخشیوە و تائێستا پارێزگارییان لێ كراوە، هەروەها پاشماوەی ماڵی حوزنی و وەستا رەجەب، كە وەستا ڕەجەب باشترین داهێنەری چەك و تەقەمەنی بووە لە سەردەمی میر محەمەدی فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران، دوای زیاتر لە 200 ساڵ تائێستا بەشێك لە تۆپەكانی وەستا ڕەجەب لە ڕواندز و شارەكانی دیكە پارێزگارییان لێ كراوە، هەروەها حوسێن حوزنی موكریانی نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر چاپخانەی هێناوەتە ڕواندز و گۆڤار و ڕۆژنامەی چاپ كردووە، بۆیە لە بەرنامە و پلاندایە ئەو خانووانەی ماڵەكانیان تیادا بووە نۆژەن بكرێنەوە".

 قائیمقامی قەزای رواندز، ئەوەش دەخاتە ڕوو: "بۆ پارێزگاریكردن و نۆژەنكردنەوەی خانووە كەلەپوورییەكانی ڕواندز، هەروەها نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە دێرینەكانی میرنشینی سۆران، ئومێدەوارین بە پاڵپشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەداهاتوودا هەموو شوێنەوارەكان نۆژەن بكەینەوە، كە ببنە ناوەندێكی گرنگ بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی گەشتیاری لە دەڤەرەكەمان، لە هەمووشیان گرنگتر نۆژەنكردنەوەیان بە شێوەیەك بێت، كە لەگەڵ ڕێنماییەكانی شوێنەواری گونجاو بێت، هیودارین لەداهاتوودا بتوانین قۆناغ بە قۆناغ كاریان لەسەر بكەین."