"لە کوردستان بمنێژن"

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەند محەمەد عەباس بارام لە ساڵی 1952 لە شاری كەركووك لەدایك بووە، یەكەمین گۆرانیی خۆی بەناوی (هەرمن ڕەنجەڕۆم) لە ئێزگەی كوردیی بەغدا تۆمار كردووە و دوای ئەوە چەندین گۆرانی تۆمار كرد، وەكوو: (نیگای ئاوات، بەختی من وابوو، كچی كوردستان، یاری چاوشین، سروشت و جوانی، ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش).

ئەم هونەرمەندە، بەر لە مردنی وەسیەتی کردووە و دەڵێت: "لە کوردستان بمنێژن." كورتەیەك لە مێژووی ژیانی هونەرمەند (محەمەد عەباس بارام): ساڵی 1952 له شاره جوانەكەی كەركووك، له تەپەی مەلا عەبدوڵا لەدایك بووه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەو شارە و قۆناغی دواناوەندی لە شاری بەغدا تەواو کردووە. پاشان ساڵی 1972 له پەیمانگای هونەره جوانەكانی بەغدا لە بەشی مۆسیقا وەرگیراوه، هەر لە هەمان ساڵدا له ئێزگەی کوردیی بەغدا وەك وەرگێڕ و یاریدەدەری دەرهێنەر لەگەڵ هونەرمەندی گەوره (بەختیار سیامەنسوری) دەستی به كاركردن كردووه، ماوەی پێنج ساڵ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە بەغدا وانەی پیانۆ و کۆڕاڵ و گۆرانیی خوێندووە، پاشان لەسەر دەستی مامۆستا (فەرەیدوڵا وێردی) وانەی هارمۆنیی خوێندووە و لە ماوەی سێ ساڵی کۆتایی پەیمانگا، ئۆپێڕای لەسەر دەستی مامۆستایەکی ڕووسی و مامۆستایەكی میسڕی خوێندووە.

 دیارترین گۆرانییەکانی كە بەسەر زاری خەڵكەوەن بریتین لە: (تووڕە مەبە خۆت زیز مەکە)، (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش)، (بێوەفا بوو)ن.

 لە ساڵی (1966- 1967) یەكەم شیعری به ناوی (سووره گوڵ و یاری چاوشین) دانا و له ساڵی 1985 ڕووی له وڵاتی بەریتانیا كردووه و هەر لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی (ئەندازیاریی ساردكردنەوه و هەواسازی) بەدەست هێناوە، پاشان ماوەی سێ ساڵ وانەی فۆتۆگرافی و کامێرای سینەمایی لە زانکۆی (Edinburjh Scotland) تەواو کردووە و لە ساڵی 2011 ماستەری له مۆسیقا وەرگرتووە و بۆ ماوەی سێ ساڵیش وانەی زمانی خوێندووە.

 لە كۆلێژی (Stevenson College Edinburgh Scotland) مامۆستای پیانۆ بووه‌، شارەزایی لە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسیدا هەبووە و ماوەیه‌كیش وانەی قورئانی پیرۆزی گوتووەتەوە.

 نزیکەی هەزار شیعر و ئاوازی هەیه، بەشی زۆریان تا ئێستا بڵاو نەكراونەتەوە و به نیاز بوو شیعرەكانی لەكتێبێکی چوار بەرگیدا بڵاو بکاتەوە، بەڵام‌ مه‌رگ ڕێگه‌ی پێ نه‌دا و بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.