نووسەر و شاعیری دیاری کورد، پیرباڵ مەحموود ئیبراهیم، لە ساڵی 1934 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبیی ناوازەیە.
پیرباڵ، خوێندنی سەرەتای لە ھەولێر تەواو کردووە و قۆناغی ناوەندیی بڕیوە، کاتێکیش گەیشتووەتە قۆناغی پێنجەم و لە تەمەنی گەنجیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، خوێندنی پێ تەواو ناکرێت. پیرباڵ هەمیشە چێژی لە ئەدەب وەرگرتووە، لە سیاسەتیش نزیک کەوتووەتەوە و بیری لەگەڵ بێنەوایان و زەحمەتکێشاندا هاوتەریب بووە. بۆ دابینکردنی گوزەرانی ژیانیشی، لەدوای وازھێنانی لە خوێندن، بە مووچەخۆر لە کارگێڕی شارەوانیی ھەولێر دامەزراوە.
ئەو کەسایەتییە دیارەی کورد، لەدوای کودەتا فاشیستییەکەی 8ی شوباتی 1963ی بەغدا، لەگەڵ چەند کەسنێکی دیکە دەستبەسەر دەکرێن و راپێچی زیندان دەکرێن، دوای ئازادبوونی لە زیندان لەدوای دوو ساڵ گەڕاوەتەوە ھەولێر.
پیرباڵ مەحموود لە ساڵی 1965 بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی دارایی خەریکی کاری ئەرزوحاڵنووسی بووە و کاروباری زەوی و خانوو فرۆشتنی لە تاپۆ بۆ خەڵکی گەیاندووەتە ئەنجام. ئەم بلیمەتە کوردە خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی بووە، لەوانە (بەھەشتی دڵداری، مەرگی نەوجەوانێ، بزەی سروشت و لافاو). لە ساڵی 1955 شیعرێکیشی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەر لەو ساڵەیشدا لە گۆڤاری (ھەتاو) بڵاو کراوەتەوە.
پیرباڵ دوای چەند ساڵێک بە مووچەخۆر گەڕاوەتەوە کارگێڕیی شارەوانیی ھەولێر و لە بەشی (ئامێری چاپ) دامەزراوە. لە ساڵی 1983 خانەنشین کراوە. لە ساڵانی دوایی ژیانیدا نەخۆشیی دڵ ئازاری دەدا، سەرەنجام لە ڕۆژی 17 تشرینی یەکەمی 2004 لە نەخۆشخانەی کۆماریی ھەولێر کۆچی دوایی كردووە.
