شوێنەوارناسان لە ئەشكەوتێكی ئیدارەی سۆران دەرەنجامی نوێ‌ دەدۆزنەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شوێنەوارناسان لە ئەشكەوتێكی ئیدارەی سۆران دەرەنجامی نوێ‌ دەدۆزنەوە

لەمساڵدا شوێنەوارناسە ناخۆییەكان، بە هاوكاریی شوێنەوارناسانی زانكۆی ئۆتۆنۆمیسی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە ئەنجامی كنە و پشكنیندا توانییان لە (ئەشكەوتی پڵنگان) لە سنووری قەزای خەلیفان، چەند چینێك و پاشماوەی ژیانی مرۆڤ بدۆزنەوە، كە مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 د.عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 2016 ئەشكەوتی پڵنگان لە سنووری ناحیەی سرێشمە سەر بە قەزای خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سۆران، وەك شوێنێكی شوێنەواری تۆمار كرا، تیمەكانمان لەگەڵ تیمی ئۆتۆنۆمیسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ساڵی 2017وە كاری كنە و پشكنینیان لەم ئەشكەوتە ئەنجام دا، هەروەها وەرزێكی دیكەی كاركردن لەگەڵ تیمەكە لە ساڵی 2024 لە هەمان ئەشكەوت ئەنجام درا، وەرزی سێیەمیش وا لە 2025 گەڕێكی دیكەی كاری كنە و پشكنینی دەست پێكردووە".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران ئاشكراشی دەكات: "لە ئەنجامی كاری كنە و پشكنین لە ئەشكەوتەكەدا، توانیومانە سێ‌ چینی شوێنەواری بدۆزینەوە، یەكێكیان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی چاخی بەردینی كۆن و دەسپێكی چاخی بەردینی ناوەڕاست، واتە نزیكەی 10 هەزار بۆ 20 هەزار ساڵ بەر لەئێستا، چینەكەی دیكە كە پێی دەگوترێت چاخی بەردینی نوێ‌ بۆ شەش تا هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها چاخی بڕۆنز 2500 بۆ 3000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە".

 د.عەبدلوەهاب سلێمان، گوتیشی: "لەوانە چینێكیان زۆر گرنگە كە دەگەڕێتەوە بۆ 10 تا 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر، نزیكەی 50 ساڵێك بوو كە مێژوونووس و شوێنەوارناسان هیچ زانیارییان لەبارەی ئەو ماوەیە نەبوو، كە ئەو چینە لە قەفقاس و ئەنادۆل و زاگرۆس هەیە، لە زاگرۆسیش تەنیا لە چەند ئەشكەوتێك هەیە، بۆ نموونە لە ساڵی 1951 كاتێك ڕاڵف سۆلیكی، كاری كنە و پشكنینی لە ئەشكەوتی شانەدەر ئەنجام دا، لە چینەكانی سەرەوەی گۆڕستانێكی دۆزییەوە، كە چەند ئێسكەپەیكەرێكی تیادابوون، بەڵام وەڵامی تەواو نەدۆزرایەوە ئایا ژیانكردنی ئەو مرۆڤانە لە كوێ‌ بووە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ توانیمان لەو ئەشكەوتەی پڵنگان لە سنووری قەزای خەلیفان ئەو چینە ونبووە شوێنەوارییە بدۆزینەوە".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر لەدەوروبەری ئەشكەوتەكە بگەڕێین، بەدڵنیایەوە دەتوانین نیشنگەیەكی كۆن بدۆزینەوە، كە پلانی ساڵی داهاتوومان گەڕانە بەدوای ئەو نیشنگەیە، هەروەها لە ئەنجامی كنە و پشكنینەكانمان لەناو ئەشكەوتەكەدا، سەدان پارچەی بەردینمان دۆزیوەتەوە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ 10 تا 20 هەزار ساڵ بەر لەئێستا، تەنانەت هەندێ لە بەردینەكان بۆ ڕاوكردنی ئاژەڵ لەلایەن مرۆڤی كۆندا بۆ سەری تیر و كەوان بەكار هاتوون.