قورئانێكی كۆنی باوكی سەركردەیەكی كورد لە مۆزەخانەیەكی ئەمریكا پارێزراوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

قورئانێكی كۆنی باوكی سەركردەیەكی كورد لە مۆزەخانەیەكی ئەمریكا پارێزراوە

 قورئانێكی كۆن و مێژوویی كوردێك كە "ئەیووبی كوڕی شادی" باوكی سەڵاحەددین ئەیووبی خاوەنیەتی، ئێستا لە مۆزەخانەی هونەریی واڵتەرز لە وڵاتی ئەمریكا پارێزراوە.

 بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، دەوڵەتی ئەیووبییەكان، فەرمانڕەواییەكی كوردی سوننە موسڵمان بوون، ئەگەڕێنەوە سەر تیرەی ڕەوەندی كە سەر بە هۆزی هەزەبانی بوو، لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدین ئەییووبی لە میسڕ دامەزرێندرا. ئەییووبیەكان لەكۆتاییەكانی سەدەی ١٢ تاكوو ناوەڕاستی سەدەی ١٣ فەرمانڕەوایەتیی شام و حیجاز و یەمەن و توونس و بەشێكی مەغریب و میسڕ و بەشێكی كوردستان و باكووری میزۆپۆتامیایان دەكرد و بە دەوڵەتێكی بەهێزی ئەوسەردەم ناودەبران".

 لەسەرەتاوە دامەزرێنەری خێزانی ئەییووبی، نەجمەدین ئەییووب، سەركردەیەكی سەربازی بوو لەناو زەنگییەكان، كە خێزانەكەی لە ئەرمینیاوە هاتبوون، سەرەتا بوو بە والیی تكریت، پاشان والیی دیمەشق، لەدواتردا براكەی ئەسەدەدین شێركۆ و سەڵاحەدینی ئەییووبی كوڕی بوونە سەركردەی فاتمیەكان.

 ئەم خێزانە سەر بە هۆزێكی كوردە، یەكێكە لە ناودارترینی هۆزە كوردەكان لە ڕووی ڕەچەڵەكەوە، ئەم هۆزەش بە ڕەوادی ناسراون. لە شارۆچكەی دوینی سەر سنووری ئازەربایجان لەنزیك شاری تفلیسی ئەرمەنییەوە هاتوون و ئەیووبیەكان دەدرێنە پاڵ ئەیووبی كوڕی شادی. شادیی باپیرە گەورەیان هەندێك پۆستی كارگێڕی لە قەڵای تكریتدا پێ سپێردرا، كە لەوكاتەدا موڵكی بەهرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجووقی محەمەدی كوڕی مەلیكشاە بوو. شادی لەگەڵ دوو كوڕەكەیدا، نەجمەددین ئەیووب و ئەسەدەددین شێركۆدا گواستییەوە بۆی و پلە بە پلە بە پۆستە كارگێڕییەكاندا سەر كەوتو تا پۆستی شحنە (پۆلیسی) وەرگرت و كاتێك كۆچی دوایی كرد نەجمەددین ئەیووب بووە جێنشینی و بەهۆی جوامێری و دەستپاكییەوەو سوڵتانی سەلجووقی قەڵای تكریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. هەروەك ئەسەدەددین شێركۆی مامی سەڵاحەددین لەپێشەوەی ئەمیرەكاندا بوو لای سەلجووقییەكان و ناوچەیەكی بەرفراوانیان بۆ تەرخان كردبوو لە تكریت و دەوروبەریدا.

 وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن "ئەیووبی كوڕی شادی" باوكی سەڵاحەددین ئەیووبی، لە ماڵەكەیەدا بایەخی زۆری بە پەرتووك و زانست و زانیاری داوە، یەكێك لەوانەش قورئانێكی مێژوویی بووە لە كتێبخانەكەیدا، دوای نەمان و كۆتاییهاتن بە دەوڵەتی ئەیووبی، ئەو قورئانە گوستراوەتەوە و لە مۆزەخانەی هونەریی واڵتەرز لە وڵاتی ئەمریكا پارێزراوە.

 سەرچاوەكان:

 -​ لە ئینسایكڵۆپیدیای ئازادی ویكیپیدیاوە

. - ​مێژووی كورد.

 - ​بەڵگەنامە كۆنەكان.