دۆڵاو ناوی گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە مانای دۆڵ و دەربەندی پڕ لە ئاوە؛ نزیکەی ٣٠٠ کانیاو و رووبار، دۆڵاو و دەورووبەری تێرئاو دەکەن.
کانیاو و رووبارەکان دۆڵاویان کردووە بە بەهەشتێک لە باخ و رەز و دارستان. گێلاس، گوێز، سێو، هەنجیر، توو، هەرمێ و ترێ؛ شاخ و داخی ئەم دەڤەرەیان داپۆشیوە و بژێوی دانیشتوانی گوندەکە لەسەر بەخێوکردنی ئەم باخانەیە. ئەم گوندە سەر بە قەزای کامیارانە و ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری سنەوە دوورە و کەوتوەتەسەر سیروان لە هەورامانی ژاوەڕۆ.
دانیشتوانی ئەم گوندە نزیکەی ٢٠٠ ماڵباتن و بە شێوەزاری هەورامی قسە دەکەن. ئەم گوندە لەسەر داوێنی کێوی ئاوەڵانە، کە بە عەوداڵان و هەوارە بەرزەش ناسراوە، خاوەن مێژوویەکی کۆنە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەورامان خاوەن بیناسازیی تایبەت بەخۆیەتی، بەجۆرێک کە سەربانی هەرخانوویەک دەبێتە حەوشی خانوویەکی دیکە. نەریتی بۆڵاو بۆ دروستکردنی باشترین جۆری مێوژ ساڵانە لەم گوندە بەڕێوەدەچێت. خەڵکی دۆڵاو وەکوو نەریتێک کە پشتاوپشت بە میرات بۆیان ماوە، جەژن و نەریتی (بۆڵاو) بەڕێوە دەبەن. بۆڵاو بە مانای خۆڵەمێشە و مەبەست لەو نەریتە هەڵکێشانی ترێیە لەناو تیزابێک کە لە خۆڵەمێش دروستی دەکەن، شێوازێکی کۆن و سروشتی بە دوور لە هەموو جۆرە مادەیەکی کیمیایی. کێو و چیای سەرکەش، دارستانی چڕی بەڕوو، باڵندەی هەزارڕەنگ، هاژەی کانیاو و رووبارەکان، جوانیی زیاتریان بەم گوندە بەخشیوە. لێرە تا چاو بڕدەکات سەوزایی باخ و رەزە کە خەڵکی تێیدا خەریکی ڕنینەوە و کۆکردنەوەی هێشووە ترێن؛ ئەم خەڵکە بەدوور لە ژاوەژاوی شار، سەرمەستن لە شیرینیی ترێ و جریوەی چۆلەکە و قاسپەقاسپی کەو.
نەریتی بۆڵاو بە کردنەوەی ئاگر و کۆکردنەوەی خۆڵەمێش کە لە شێوەزاری هەورامی (بۆڵاو)ی پێدەگوترێ دەستپێدەکات. ئەمە کۆنترین شێوازی بەرهەمهێنانی تیزابی سروشتییە بۆ وشککردنی ترێ و مێوژ لە کوردستان. قۆناخێکی دیکەی نەریتی بۆڵاو، هەڵکێشانی ترێیە لەناو ئەو تیزابە سروشتییەی کە لە خۆڵەمێشی داربەڕوو، یان پەل و پۆی رەزەکان دروست دەکرێت. ئەمە نەریتێکی هەزاران ساڵەیە و پشتاوپشت دانیشتوانی دۆڵاو و دەوروبەری بەمجۆرە ترێیان لە ئاوی خۆڵەمێش هەڵکێشاوە. دوای ئەوەی ترێیەکان بۆڵاو دەکرێن، لەسەر بانی ماڵەکان بۆ ماوەی دە رۆژ تا دوو هەفتە دادەنرێن تا بە تەواوی وشک دەبێتەوە.
لەپاڵ رەزە ترێیەکان، لەناو دارەگوێز و دارە تووە بەتەمەنەکانی گوندی دۆڵاو، سەدان ساڵە تەکیەیەک بووەتە مەڵبەندی دەروێشەکان. ئەم تەکیەیە کە بە تەکیەی دۆڵاو ناسراوە، تایبەتە بە دەروێشەکانی تەریقەتی قادری. لەپاڵ ئەم تەکیەیە گۆڕی ٥ لە گەورەپیاوانی ئەو تەریقەتە هەیە کە سەر بە بنەماڵەی هاشمین و بە دەروێشەکانی سۆڵەیی ناسراون. رۆژانە لە دوور و نزیکەوە دەروێش و پەیڕەوکارەکان خۆیان دەگەیەننە ئەم مەزارگەیە و لەناو دۆڵاو و سروشتەناوازەکەی دەکەونە سەما و نزا.