لە ساڵی 1919 لەسەر داوای چەرچل، داوا لە وەزارەتی مستەعمەراتی بەریتانی كراوە، بە ڕاپۆرتێك ناوی هۆزە كوردییەكان تۆمار بكرێت و تیایدا ئاماژەش بەوە بدرێت، ئایا كورد و كوردستان چییە و كێشەیان چییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەمبارەیەوە د. بژار عوسمان ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ و لێكۆڵەر و پسپۆری بواری مێژوو، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە راپۆرتێكی وەزارەتی مستەعمەراتی بەریتانی لە ساڵی 1919، لەسەر داوای چەرچل، داوا لەم وەزارەتە كراوە بە ڕاپۆرتێك تێیان بگەیەنن كورد و كوردستان چییە و كێشەی كورد چییە؟“
گوتیشی: "ئەم وەزارەتە لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و كونسخانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لە چوارچێوەی 140 لاپەڕە و نەخشەیەكی بەرفراوانی ناوچە كوردییەكان خستووەتە ڕوو، زۆربەی هۆزە كوردییەكانیشی تێدا باس كردووە، یەكێك لەوانەش هۆزی ئاكۆ و تیرەكانیەتی.“
لە ڕاپۆرتەكەدا، بە خشتەیەك ئەم زانیارییانەمان پێدەدات: هۆزەكانی ئاكۆ و بلباس: لە قەزای ڕانیە دوو هۆزی بچووكی لێیە، ئەوانیش هۆزی ئاكۆ و هۆزی بلباسن.
هۆزی ئاكۆ بەسەر (چەند تیرەیەك) دابەش بووە، بەمشێوەیە: (باشئاغایی، مەندەمەرە، ناودەشتی یاخود رێژیكیری، شاور). سەرۆكی تیرەكەی باشئاغاییەكان مامەند ئاغایە و خاوەنی هەشت گوندن. هەروەها تیرەی مەندەمەرە، سەرۆكی تیرەكەیان بەهلوول ئاغایە و خاوەنی حەوت گوندن. هەروەها تیرەی ناودەشتی یاخود رێژیكیری، لە پێنج بەش پێكدێن، لەوانە (باوەبییە، كە حاجی ئەمین و غەفور خان سەرۆكایەتی دەكەن و خاوەنی حەوت گوندن). هەروەها (خەیلە، سەرۆكی ئەمەشیان حەمەد ئاغا كانەبییە و خاوەنی هەشت گوندن). بەشێكیتریان بەناوی (بهاروش، ئەوانیش سەرۆكەكەیانیان ناویان حەمەدەمین و عەبدولڵایە و خاوەنی هەشت گوندن). یەكێكی تریش بەناوی (بابەخ ئاغا، سەرۆكەكەیان كاك ئەحمەدە و خاوەنی سێ گوندن). هەرچی (بۆڵی و بابۆڵیین، ئەوا لەلایەن حەمەد میران و حاجی مۆتانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن و خاوەنی تەنها سێ گوندن). هەورەها تیرەی (شاوری، ئەویش لە دووبەش پێكدیت، ئەوانیش، دۆڵەڕەقە و شاوری گوڵان، سەرۆكەكەیان دیار نییە و خاوەنی حەوت گوندن).
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێ، بۆڵی و بابۆڵی بەشێكن لە تیرەی (ناودەشتی یاخود رێژیكیری) و تەنها خاوەنی سێ گوند بوونە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لەساڵی 1919ی زایینیو دوای ساڵێك لە داگیركردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە، (ئارنۆڵد وێڵسن) ڕاسپێردراوی بەریتانیا بۆ كاروباری عێراق، ترسێك كەوتە دڵیەوە بەوەی، نەكا یاخیبووەكان خوارووی عێراقیش داگیر بكەن، بۆیە ناچار داوای یارمەتهی هێزی ئاسمانی لە نزیكترین شوێن كرد كە ئێران بوو، ئەویش سیاسەتمەدار وینستن چەڕچل بوو، كە سەرپەرشتیی هێزی ئاسمانیی (راف)ی دەكرد لەناوچەكەدا، ئەو هێزە ئاسمانییە تۆكمەترین هێز بوو لە جیهان كە تەنها دوو ساڵ بوو دامەزرابوو.
دوای جەنگێكی قورس و بەردانەوەی زیاتر لە 90 تۆن بۆمب لە ناوچەكانی ژێر دەستی یاخیبووەكان، ویڵسن بە هاوكاریی هێزی پیادەی هیندی بەریتانی و هێزی ئاسمانی كە چەرچل سەرپەرشتیی دەكرد، توانیی شۆڕشەكە كپ بكاتەوە و تا ماوەیەك تەواوی ناوچەكان بخاتەوە ژێر دەستی بەریتانیا و لەئەنجامدا هەزاران كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
لەو كاتیشدا لە راپۆرتێكی وەزارەتی مستەعمەراتی بەریتانی لە ساڵی 1919 لەسەر داوای چەرچل، داوا لەم وەزارەتە كراوە بە ڕاپۆرتێك ناوی هۆزەكان تۆمار بكرێت و ئاماژەش بەوە بكرێت، ئایا كورد و كوردستان چیین و كێشەی كورد چییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.


